بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی لەمیانەی سەردانیدا بۆ لقی سلێمانی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاند: لە ئێستادا ئەرکی لە پێشینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە خەمی دابین کردنی مووچە و بژێوی و ژیانی هاوڵاتیاندا بێت، نەک بەردەوام بن لە توندکردنەوەی ململانێکان و شکاندنی پەنجەکانی یەکتر، کە هەم خۆیان زەرەر دەکەن، هەم گەلی کوردستانیش باجەکەی دەدات، دەبێت حکوومەت داهاتەکانی کۆ بکاتەوە و بیر لە پەنا بردن بۆ لێبڕین و پاشەکەوتی مووچە نەکاتەوە،
ئەو بەرپرسەی یەکێتی وتیشی: بە درێژایی مێژوو کورد هەرگیز سوودی لە ناکۆکی ناوخۆیی نەبینیوە و هیچ لایەنێک لە دژایەتی بەرامبەرەکەی قازانجی نەکردووە، لە ئێستاشدا کە ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەرێم گەیشتوونەتە لووتکە و هەوڵی لە ناوبردنی هەرێم دەدرێت، هەڵەیەکی سیاسیە، دەرفەت بۆ دوو ئیدارەیی و لێکترازانی زیاتر و نەهیشتنی قەوارەی هەرێم بدرێت.
حاکم قادر حەمەجان دەشڵێت: هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستووریە و بە پێچەوانەوە دەبێت هەمووان لەخۆیان ببوورن و بە ڕۆحێکی نیشتمانییەوە و بە یەکگرتوویی کار بکەن لەپێناو داواکانی گەلی کوردستان.
Your Comment