کوردپرێس- دەوڵەتی ئەمریکا داوای لە سعوودیە، قەتەر و ئیمارات کردووە بۆ ماننەوەی هێزی ئەمریکی لە باکووری سووریا چەندین ملیار دۆلار پارەی بدەنێ. هەر لەو بارەیەشەوە محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە و عدڵ جوبەیر وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە وتوویانە سعوودیە ئامادەیە هێز بنێرێتە سووریا.
ئەو بابەتەش لە میدیاکانی جیهاندا ڕەنگدانەوەی بەرفراوانی بوو و لەم وتارەشدا خوێندنەوەیێکی کورت دەکەین بۆ ئامانج و ڕەهەندەکانی ئەو بڕیارەی ئەمریکا لە سەر پێکهێنانی سوپایێکی عەرەبی وەکوو بەدیلی هێزی ئەمریکی لە سووریا.
ماڵپەڕی "دۆیچەڤێللە" و "البدیل"ی میسر و ڕۆژنامەی "القدس العربی"ی لەندەن و "الثورە"ی سووریا ئامانجەکانی ئەمریکا لە پێکهێنانی سوپای عەرەبی وەکوو بەدیلی هێزی ئەمریکی لە سووریا لەمپەرەکانی ناردنی هێز دەخەنە بەر باس.
بەگوێرەی نووسراوی ماڵپەڕی "البدیل" ئەمریکا هەوڵی زۆری داوە لە دەست گرووپە تیرۆریستییەکان ڕزگار بێت بەڵام شکست هێنانی ئەمریکا لە سووریا ئاشکرا بووە. هەر بۆیەش ئەمریکا ژێربەژێر خەریکی پاشەکشێ کردنە لە سووریا.
ئەمریکا بە دوای هاوپەیمانێکدا دەگەڕێت ماڵە ڕووخاوەکەی بۆ جێبهێڵێت و بۆ ئەو مەبەستەی خۆیشی سعوودیەی بە باش زانیوە. سعوودیە هێزەکانی لەم لا و ئەو لا جێگیر دەکات و دەیان هەزار ملیار دۆلاریان بۆ سەرف دەکات تەنها لە بەر ئەوەی دڵی ئەمریکای پێ خۆش بکات.
ڕۆژنامەی "الثورە"نووسیویەتی ئەمریکا بە پارەی شێخ نشینەکانی حەوزەی کەنداو هێزی وڵاتانی عەرەبی دەکاتە دارە دەست بۆ ئەوەی سستەمی بانکی و دارایی خۆی ڕزگار بکات.
چەندین میدیای ناسراوی ئاستی جیهان وەڵامی ئەو پرسیارەیان داوەتەوە کە ئایا هێزی عەرەبی دەنێردرێتە سووریا؟ لەمپەرەکانی ناردنی هێزی عەرەبی بۆ سووریا چین؟
هەر لەو بارەیەوە ماڵپەڕی "البدیل" وتوویەتی: دیمەشق لەو بڕیارە تووڕەیە چوونکە چەندین جار بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە چالاکیی هەموو هێزێکی بیانی لە سووریا بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەتی دیمەشق نایاساییە و سووریا وەکوو هێزێکی داگیرکەر دەڕوانێتە ئەو هێزانە.
"بثنیە شعبان" ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری سووریا کاردانەوەی بە لێدوانەکەی ترەمپ پیشان دابوو و وتبووی ئەو قسانە جێی سەرسوڕمانە. وڵاتێکی داگیرکەر داوا لە وڵاتانی عەرەبی دەکات هێز بنێرنە سووریا و خاکی ئەو وڵاتە داگیر بکەن.
هەر بەپێی نووسراوی واڵپەڕی بەدیل عادڵ جوبەیر وەزیری دەرەوەی سعوودیە وتوویەتی ڕیاز ئامادەیە هێز بنێرێتە سووریا.
ناوبراو لە کونفڕانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ئانتۆنیۆ گۆترێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتبووی: سعوودیە پێشتریش پێشنیازی ناردنی هێزی خستبووە بەردەست ئەمریکا بەڵام دەوڵەتی ئۆباما ئاوڕی لەو پێشنیازە نەدابوویەوە.
ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە ئەگەر سعوودیە بە هاوپەیمانێتی هێز بنێرێتە سووریا کام وڵاتی عەرەبی ئامادە دەبێت بەشداریی ئەو هاوپەیمانێتییە بکات؟
ئەگەر بەحرەین و ئیمارات حسێب نەکەین –چوونکە سێبەری سعوودیەن- دەکرێت بڵێین بێگومان عەمان و کوێت و ئوردۆن دژ بەو بڕیارە دەوەستن یان لانی کەم هەوڵ دەدەن بێلایەن بن. هەروەهاش لەم دۆخەی ئێستادا دۆحە هەوڵ دەدات زیاتر خۆی لە ئێران نزیک بکاتەوە و ئەوەش لەمپەر دەبێت بۆ هاوکاری کردنی لەگەڵ سعوودیە بۆ ناردنی هێز.
سوودان و تورکیاش زیاتر لە ڕابردوو خۆیان لە میحوەری ئێرانی- ڕووسی نزیک دەکەنەوە بەرەبەرە لە میحوەری سعوودی- ئەمریکی دوور دەکەونەوە. خاوەن بیران و چاودێرانی سیاسی بە دووری دەزانن میسریش خۆی بچەقێنێتەوە ئەو لیتاوەوە چوونکە میسر هاوپەیمانێکی ستراتێژیکی سووریایە و "عبدالفتاح السیسی" سەرۆکی میسر چەندین جار بە ئاشکرا پاڵپشتیی لە مەشرووعیەتی دەوڵەتی سووریا دەربڕیوە.
فراس زوبعی چاودێری سیاسی لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناڤینیش لەو بەرەیەوە بە ماڵپەڕی "الرصد"ی وتووە پڕۆژەی ناردنی هێزی عەرەبی بۆ سووریا ناچێتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە چوونکە وڵاتانی عەرەبی توانای ئەو کارەیان نییە و دەسەڵات و توانای سەربازیی وڵاتانی عەرەبی لە چاو ئەو هێزانەی ئێستا لە سووریان هەر هیچ نییە.
چەند وڵاتی هاوپەیمان وەکوو ئێران و ڕووسیا پشتگیریی دەوڵەتی سووریا دەکەن و هێزەکانی ئەو وڵاتە لە چاو وڵاتانی عەرەبی توانی سەربازیی زیاتریان هەیە.
لە لایێکی ترەوە وڵاتانی عەرەبی بۆ ناردنی هێز بەرەو سووریا کێشەیێکی جیدیتریان لە بەردەمدایە. ئەویش ناکۆکی و کەلێنی نێوان سعوودیە و قەتەرە. ئەستەمە هێزی قەتەر شان بەشانی هێزی دوو وڵاتی ئیمارات و سعوودیە لە یەک بەرەدا کۆ بکرێنەوە. لە لایێکی دیکەشەوە میسر پاڵپشتیی لە مەشرووعیەتی دەوڵەتی بەشار ئەسەد کردووە و سەرەڕای ئەوەش لە سەحرای سینا گرفتارە بە شەڕی داعشەوە.
سعوودیەش سەرقاڵی شەڕی یەمەنە و لە سنوورەکانی خۆیدا هەست بە مەترسی دەکات و سەرەڕای ئەوەی 3 ساڵە شەڕی یەمەنی دەست پێکردووە نەیتوانیوە ئاسایشی سنوورەکانی خۆی دابین بکات.
ڕۆژنامەی "رأی الیوم"یش کۆدەنگ بوونی وڵاتانی عەرەبی بۆ ڕەوانە کردنی هێز بەرەو سووریا بە دوور دەزانێت و دەنووسێت: پێدەچێت تەنها یەک سناریۆ جێبەجێ بکرێت: وڵاتانی خاوەن نەوتی حەوزەی کەنداو ئەو چوار ملیار دۆلارەی دۆناڵد ترەمپ داوای کردووە بۆ واشەنتۆنی خەرج بکەن و سەرفی کۆمپانیای "بلەک واتر" بکرێت.
بەگوێرەی نووسراوێکی ماڵپەڕی دۆیچەڤێللەی ئەڵمانیاش دەنگۆی ڕەوانە کردنی هێزی عەرەبی بەرەو سووریا تەنها بیرۆکەیێکی خاوە کە لە مییاکاندا باسی لە سەر کراوە بۆ ئەوە ڕای گشتی بەلاڕێدا ببرێت. ئەو پڕۆژەیەش وەکوو سناریۆ پێشووەکان فەشەل دەهێنێت و لەمپەری زۆری لە بەردەمدایە و بەرجەستەترین لەمپەر بۆ جێبەجێ کردنی ئەو سناریۆیە نەبوونی ستراتێژیی شەفاف و ئاشکرای ئەمریکایە لە ناوچەکە.
ڕۆژنامەی "القدس العربی"ی لەندەنیش نووسیویەتی: پڕۆژەکەی ئەمریکا بۆ پشت بەستن بە هێزی عەرەبی خاڵی دژبەیەکی فراوانی تێدا دەبینرێت و ئەمرکیاش ئەو پڕۆژەیەی پێ جێبەجێ ناکرێت. ترەمپ داراییەکانی سعوودیە دەدۆشێت و ئێستاش داوای پارەی زیاتر دەکات و سعوودیەش تێچووی ئەو سناریۆ قورسەی پێ دابین ناکرێت.
ئەو ڕۆژنامەیە زیاتر نووسیویەتی: ئەگەر سعوودیە بەنیازە دیسانەوە تەداخول لە دۆسیەی سووریا بکات بۆچی جێنشینی پاشای سعوودیە باسی مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا دەکات. سەرەڕای ئەوەش سعوودیە چەقیوەتە لیتاوی شەڕی یەمەن و پێناچێت توانای وەڵامدانەوەی داواکارییەکەی ئەمریکای هەبێت.
سەرچاوە: ماڵپەڕە فەرمییەکانی ئێران
کۆ کردنەوە و وەرگێڕان لە فارسییەوە: مەنسوور ڕەحیمی
Your Comment