ئەنوەر ڕەشیدی

  • بۆچی لووتکەی بەڕێوەبەریی شار ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی خۆی نابێتەوە؟

    پارێزبەندی نەنووسراوی سەرۆک شارەوانیی سنە؛

    بۆچی لووتکەی بەڕێوەبەریی شار ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی خۆی نابێتەوە؟

    دەستوەردانی خێرای دەزگای دادوەری بۆ دۆسیەی کوژرانی دڵتەزێنی منداڵە سێ ساڵانەکەی سنە و دەستبەسەرکردنی دوو بەڕێوەبەری شارەوانی، لە یەکەم نیگادا ئەم پەیامەی بە کۆمەڵگە گەیاند کە ئەمجارەیان بڕیار نییە کارەساتێکی مرۆیی لەنێو کۆمەڵێک پەیامی سەرەخۆشی، بەڵێنی دووبارە و کۆبوونەوەی بێئاکامدا بنێژرێت. پێکهێنانی پەڕاوی دادوەری و ڕووبەڕووبوونەوەی بەڕێوەبەرە بەرپرسەکان، هەنگاوێکی شایانی سەرنجە؛ بەڵام ڕێک لەم خاڵەوە، پرسیارێکی گەورەتر و جدیتر سەرهەڵدەدات؛ پرسیارێک کە ڕای گشتی مافی خۆیەتی بە دەنگێکی بەرز بیخاتە ڕوو: «بۆچی لە قەیرانێکی وەهادا، بەرپرسیارێتی تەنیا تا بەڕێوەبەرە ئاست‌ناوەندەکان ڕۆیشت و ڕێک لەبەردەم دەرگای نووسینگەی سەرۆکی شارەوانیدا وەستا؟»