ناکۆکیی سیاسی و ئایدیۆلۆژیک کۆسپی بەردەم سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستانە

بەشی جیهان- گۆڤاری ئۆنلاینی پرۆگرێسی وڵاتی هۆڵەندا دەربارەی هۆکاری ناکام بوونی کوردی عێراق بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی دەنووسێت: ناکۆکی و ناتەباییی سیاسی، ئایدیۆلۆژیک و ڕێباز، بۆتە لەمپەرێک لەبەردەم کوردەکانی عێراق بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی لە عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری ئۆنلاینی پرۆگرێس لە هۆڵەندا لە ڕێگای ڕاپۆرتێکەوە باسی لە پرۆسەی سەربەخۆیی خوازی لەم چەند ساڵەی دواییدا کردووە و لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەشدا تیشکی خستۆتە سەر هەوڵی کوردەکانی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم لە ساڵی ٢٠١٧ بە مەبەستی سەربەخۆیی و جیا بوونەوە لە عێراق.

گۆڤارەکە ئاماژە دەکاتە دەرهاویشتە و دەرەنجامە نالەبارەکانی ڕێفراندۆم بۆ کوردەکانی عێراق و قەیرانی ئابووری و سیاسی لە ناوچەکە و دەشڵێت: کوردی عێراق ناتوانن بڕیارێکی هاودەنگ بۆ چارەنووسی خۆیان و جیا بوونەوە لە عێراق بدەن چوونکە پێکەوە ناکۆکیی سیاسی، ئابوورییان هەیە و جاری وایە گوفتمان و ڕێبازیشیان یەک ناگرێتەوە و هەر ئەمانەش کۆسپ و لەمپەرن بۆ ئەوەی کوردەکانی عێراق لەسەر یەک بڕیار کۆ ببنەوە.

پرۆگرێس دەشنووسێت: دژبەرانی سەربەخۆیی دەڵێن مانەوە لەگەڵ عێراق هەم باشییەکانی خاوەن وڵات بوونیان پێدەبەخشێت و هەم زیان و خەسارەکانی وڵاتێکی سەربەخۆیان لێ دوور دەکاتەوە. بۆ وێنە سەعد سەلووم شرۆڤەکاری عێراقی دەڵێت: لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکوو سەرۆک‌کۆمارێک مامەڵە دەکرێت و هاتوچۆ بۆ هەرێمی کوردستان پێویستی بە شتێک هاوشێوەی ڤیزا و پەساپۆرت هەیە و هاوکات بووجەکەشی لە حکوومەتی فیدراڵ وەردەگرێت.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 9841

Your Comment

You are replying to: .
captcha