کوردپرێس:
ڕۆژی دووشەمە 9ی ئەیلوولی 2019 لەشاری هەولێر شاندەکەی هەدەپە و کەجەدە بە سەرۆکایەتیی سەزای تەمەللی، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە و بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی گشتیی کەجەدە، کە ماوەی دوو ڕۆژە لە هەرێمی کوردستانن و سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکەن، لەگەڵ سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەعدی ئەحمەد پیرە، بەناوی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە بەخێرهاتنی هاوسەرۆکی هەدەپە و شاندی یاوەری کرد و هاتنیانی بە هەنگاوێکی گرنگ و پڕ بایەخ وەسفکرد بۆ توندو تۆڵترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، هاوکات پیرۆزباییی سەرکەوتنەکانی کاندیدانی هەدەپەی لە هەڵبژاردنی ڕابردووی شارەوانییەکانی تورکیا کرد و وتیشی: ئەمە نیشانەی پێشکەوتنی دیموکراسییە و نیازپاکی و ئاشتیخوازیی هەدەپە دەسەلمێنێت لەچوارچێوەی خەباتی مەدەنی دیموکراسی-دا،سەقامگیری سیاسی و پتەوبوونی دیموکراسیەت و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکە زامنی ئارامی و بەیەکەوە ژیانە لە نێوان گەلانی تورکیادا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەزای تەمەللی، جەختی لەوەکردەوە، کە بەردەوام دەبن لەسەر زیاتر توند و تۆڵکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەتایبەتی، هەروەها وتی: دروشم و ئامانجەکانمان لە هێنانەدیی ئاشتی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ، هاوبەشە لەگەڵ دروشم و ئامانجەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەوڵەکانیشمان بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و چەسپاندنی دیموکراسی لە تورکیا و ناوچەکە چڕتر دەکەینەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment