بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی دووشەمە 26ی ئابی 2019 بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمار و عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیران و محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حەشدی شەعبی دیدار و گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقدا فالح فەیاز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و سەرۆکی حەشدی شەعبی، هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و ئەکرەم کەعبی سکرتێری بزووتنەوەی نوجەبای عێراق بەشدارییان کردبوو بەڵام کەسی بەرچاو کە ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو ئەبوو مەهدی موهەندس بوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق پێداگرییان لە سەر ئاسایش و سەروەریی خاکی عێراق کرد و وێڕای پشتگیری کردنی حەشدی شەعبی هۆشدارییان بە هێزە بیانییەکانی سەر خاکی عێراقیش دا.
شایانی باسە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە تا ئێستا کۆگاکانی چەکی حەشدی شەعبی چەندین جار کراونەتە ئامانجی هێرشی نەناسراو و گومان دەکرێت هێرشەکان لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بووبێت.
Your Comment