بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئاماژە بە ئەوە دراوە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠١٩/٨/٢٢ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بە ئامادەبوونی بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و عادل عەبدولمەھدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد حەلبوسی کۆ بوونەوە.
لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی ڕەوشی ئەمنی عێراق و بەتایبەتی تەقینەوەکانی ئەم چەند رۆژەی دوایی لە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی کرا، لەو بارەیەشەوە بڕیار درا بە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری لایەنە پەیوەندیدارە نیشتمانییەکانەوە.
ئەوەش ڕوونکراوەتەوە کە ئامادەبووان بڕیاریان دا، لەسەر بەردەوامی پابەندبوونی عێراق بە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەی نیشتمانی سیاسەتی یەکگرتووی عێراق سەبارەت بە دوا پێشھاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکەش کە جەخت لە گرنگی بەھێزکردنی یەکڕیزی سیاسی ناوخۆیی دەکات، ھەروەھا داکۆکیش لە بنەمای پارێزگاری کردن لە سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری و سەربەخۆیی عێراق و ڕەت کردنەوەی سیاسەتی جەمسەرگیری و ڕەت کردنەوەی یەکتر و دورگرتنی عێراق لەوەی بکرێتە پێگەیێک بۆ دەستدرێژی کردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە هەر سێ سەرۆکایەتییەکە جەختییان لەبەرپرسیاریەتی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان بۆ پارێزگاری کردن لە ئاسایش و مافەکان و مۆڵک و سامانی ھاووڵاتیان کردەوە، ھەروەھا ڕێککەوتن لە سەر چاوەڕوانکردن لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بڕیاردان لە سەر ھەڵوێستێکی یەکگرتووی عێراق، کە مافەکانی عێراق و ئاسایش و سەربەخۆیی و سەروەری خاکەکەی بپارێزێت، ھاوکات دووپاتیان لە گرنگی بەدواداچوونی زانیاری ھەواڵگری و ئەمنی ورد لە بارەی تیرۆریستانی داعش کردەوە بۆ ڕێگاگرتن لە دووبارە خۆ ڕێکخستنەوەی داعش تا وەکوو بە یەکجارەکی لە ناو ببرین.
لە کۆبوونەوەکەدا، قارەمانیەتی و ڕۆڵی نیشتمانی ھێزە سەربازییەکان بە گشت پێکھاتەکانییەوە لە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و ھۆزەکان لە جەنگی دژ بەتیرۆریستان و قوربانییەکانی ئەو ھێزانە بەرز نرخێندرا، ھەروەھا ئامادەبووان ڕێز و پێزانینیان بۆ حەشدی شەعبی وەک بەشێکی کاریگەر لە سیستەمی بەرگری نیشتمانی عێراقی دەربڕی و دووپاتیشیان لە پێویستی جێ بەجێکردنی فەرمانی دیوانی تایبەت بەپەیوەندی حەشد بەسیستەمی بەرگری نیشتمانییەوە کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "پێداگریان لەوە کرد کە دەبێت ھەر بڕیارێکی ئەمنی و سەربازی و ھەر ڕێگاپێدانێکی لەو بارەیەوە، تایبەت بێت بەفەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانەوە بەپێی بڕگەکانی دەستوور، لە بەرئەوە دەبێت ھەموو دامەزراوەکان و سەرکردە سەربازی و ئەمنی و سیاسییەکان پابەندبن بەو بڕیارەوە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment