لێقۆماوانی بوومه‌له‌رزه‌ ئه‌مڕۆ ده‌فته‌رچه‌ی خزمه‌تگوزاریی فریاکه‌وتن وه‌رده‌گرن

به‌شی کرماشان- سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی مانگی سوور ڕای‌گه‌یاند: له‌ ئه‌مڕۆوه‌ ده‌فته‌رچه‌ی خزمه‌تگوزاری و یارمه‌تی گه‌یاندن بۆ لێقۆماوانی بوومه‌له‌رزه‌ دابه‌ش ده‌کرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مورته‌زا سه‌لیمی له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی: ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ مه‌به‌ستی سامان پێدانی یارمه‌تییه‌کانه‌ له‌ نێوان لێقۆماواندا.

ناوبراو درێژه‌ی پێدا: به‌ گوێره‌ی پێشبینییه‌کانی ئیداره‌ی که‌شناسی له‌ ڕۆژانی داهاتوودا باران و به‌فر ده‌بارێت و تا ئێستاش 64 هه‌زار قه‌ره‌وێڵه‌ و 180 هه‌زار به‌تانی و 87 هه‌زار پارچه‌ مووکت دراوه‌ به‌ لێقۆماوانی بوومه‌له‌رزه‌.

سه‌لیمی وتیشی: ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی ده‌یانه‌وێت ده‌فته‌رچه‌ وه‌ربگرن پێویست ناکات سه‌ردانی سه‌نته‌ره‌کانی یارمه‌تی گه‌یاندن بکه‌ن چوونکه‌ فه‌رمانبه‌رانی ئێمه‌ بۆ خۆیان سه‌ردانی لێقۆماوان ده‌که‌ن و به‌ هه‌موو ئه‌و هاووڵاتییانه‌ش له‌ بوومه‌له‌رزه‌دا خه‌ساریان به‌رکه‌وتووه‌ ده‌فته‌رچه‌ ده‌درێت و هاوکات له‌گه‌ڵ ده‌فته‌رچه‌کان که‌لوپه‌لی پێویستیشیان پێ ده‌درێت.

ناوبراو داواشی کرد: خه‌ڵکی خۆبه‌خش بۆ خۆیان سه‌ردانی ناوچه‌که‌ نه‌که‌ن چوونکه‌ ئه‌و جادانه‌ی ده‌گاته‌ پارێزگاکه‌ یه‌کجار قه‌ره‌باڵغ بووه‌ و هاووڵاتییان ده‌توانن یارمه‌تیی نه‌ختینه‌ی خۆیان له‌ ڕێگای ژماره‌ حسێبی 99999 له‌ هه‌موو بانکه‌کانی وڵاته‌وه‌ بۆ مانگی سوور بنێرن تاوه‌کوو بگاته‌ ده‌ست لێقۆماوانی بوومه‌له‌رزه‌ی ڕۆژئاوای وڵات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 8585

Your Comment

You are replying to: .
captcha