بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تۆڕی میدیاییی ڕووداو بڵاوی کردەوە میران بەکر، سکرتێری رۆژنامەوانیی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: "دەستوەردان و لەمپەر لەبەردەم کارەکانی وەزیری پێشمەرگە هەیە و ئەویش وێڕای نیگەرانیی رایگەیاندووە، ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، دەست لە کار دەکێشێتەوە."
میران بەکر دەڵێت: "وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، 44 ساڵ پێشمەرگایەتی کردووە و دواتر پۆستەکەی وەرگرتووە و ئەوەش بۆ ئەوە بووە کە هێزێکی رێکخراوی پێشمەرگە هەبێت. وەکوو یەکەم وەزیری پێشمەرگە دەستی دایە چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام ئەوانەی لە بەرژەوەندییان دراوە لەمپەر بۆ چاکسازییەکە دروست دەکەن".
بە گوتەی سکرتێری رۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە خواستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە و گوتیشی: "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ سەرخستنی چاکسازییەکان نیگەرانییەکانی وەزیری پێشمەرگەیان گەیاندووەتە لای لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان".
میران بەکر گوتی: "وەزیری پێشمەرگە دەڵێت: ئەوەی لە ماوەی رابردوودا دەستم داوەتێ، نەک نەیار، دۆستەکانیشی بۆ نەهێشتومەتەوە و هەموویان لێم بوونەتە دوژمن".
هەر لەو بارەیەوە، رزگار محەممەد، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان باسی لە نیگەرانییەکانی وەزیری پێشمەرگە کرد و گوتی: "زۆرجار لەگەڵ وەزیر دانیشتووین و پێشنیاز دەکرێت بۆ کارێک، بەڵام وەزیر دەڵێت، نە بە ئێمە دەکرێت و نە بە ئێوە، بەڵکوو بە یەکێتی و پارتی دەکرێت".
رزگار محەممەد دەڵێت: "پێشمەرگەیەک بە پلەی 'رێپێدراو' بەهۆی بیروڕای جیاوازەوە لە کارەکەی دووخرایەوە و دواتر گەڕێندرایەوە، بەڵام پلەکەی لابرا؛ ئەویش سکاڵای دژی وەزارەتی پێشمەرگە تۆمارکرد و دۆسییەکەشی بردەوە. من و چەند پەرلەمانتارێکی دیکە سێجار چووینە لای وەزیری پێشمەرگە و ئەویش بڕیاری گەڕانەوەی پلەی پێشمەرگەکەی پەسند کرد، بەڵام تائێستاش لەلایەن عەقیدێکەوە لە وەزارەت بڕیارەکەی وەزیر جێبەجێ ناکرێت؛ کاک شۆڕش لەوانە نیگەرانەگ.
رزگار محەممەد کە هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕانە لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری پێشمەرگە خواستی ئەوەی هەیە هێزەکانی 70 و 80 بە تەواوی یەکبگرنەوە و بچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دەستی "حیزبی نەمێنێت".
وەزیری پێشمەرگە لە پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە؛ لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەربەست لەزگین، بریکاری وەزیرە و وەکوو کەسی یەکەمی حیزبەکە لە وەزارەتی پێشمەرگە هەژمار دەکرێت.
هاوکات، ئەمڕۆ یەکشەممە، باڵانبۆ محەممەد، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەزیری پێشمەرگە زۆر نیگەرانە، چوونکە وەزارەتەکە پارتی بەڕێوەی دەبات، نەوەک یەكێتی."
Your Comment