کوردپرێس:
بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی سێشەممە 16ی تەمووزی 2019 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کۆ بووەوە و لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە و جیھان گفتوگۆیان کرد.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە میانی کۆبوونەوەکەدا بەرھەم ساڵح جەختی لە گرنگیی ھەماھەنگیی دیدی ھاوبەش و گفتوگۆی جددی کردەوە لە پێناو چارەسەرکردنی سەرجەم پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای دەستوور و چەسپاندنی دادپەروەری و بەرژەوەندیی خەڵک.
ھاوکات سەرۆک کۆمار بڕوای تەواوی بەلێکگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەربڕی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان و کەم­کردنەوەی ئاستەنگەکان، بەجۆرێک کە ببێتە مایەی دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان بەھەموو ھاووڵاتیان.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم لە کۆبونەوەکەدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەخواستی حکوومەتەکەی کرد بۆ چڕکردنەوەی گفتوگۆکان بەپێی دەستوور، لە پێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان و بەھێزکردنی پەیوەندیی برایانە.
شایانی باسە ئەمڕۆ شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، سەردانی بەغدای کرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و گفتوگۆکردن لەبارەی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداوە.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، رێبەر ئەحمەد خالید، وەزیری ناوخۆ، فرسەت ئەحمەد عەبدوڵڵا، وەزیری داد.
Your Comment