سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم و باڵیۆزی به‌ریتانیا دۆخی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ كرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق کۆ بوونه‌وه‌ و له‌و دیداره‌دا دۆخی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ کرد و جه‌ختیان له‌ پێویستیی ڕۆڵی هه‌رێمی کوردستان له‌ پێکهێنان و هاوبه‌شی له‌ بڕیاره‌کانی حکوومه‌تی داهاتوو کرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 12ی ئه‌یلوولی 2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ جۆن وێڵكس باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا دواپێشهاته‌كان و دانووستانه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق تاوتوێ كرا و له‌مباره‌یه‌وه‌ شاندی میوان جه‌ختیان له‌ پێویستیی ڕۆڵی‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ پێكهێنان و هاوبه‌شی له‌ بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی داهاتوودا و چاره‌كردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر- به‌غدا به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ كرده‌وه‌ و ده‌ستخۆشییان له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران كرد.

له‌و دیداره‌دا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا ده‌ربڕی و هیوای به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتوویان بۆ هه‌رێمی كوردستان خواست.

لای خۆیه‌وه نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌ گفتوگۆی هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرد‌ و جه‌ختی له‌ یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزیی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان و به‌هێزیی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا كرده‌وه‌ و به‌شداری و ڕۆڵی پۆزه‌تیڤی هه‌رێمی كوردستانی له‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌تی داهاتووی‌ عێراقدا بۆ چاره‌كردنی كێشه‌كانی عێراق و كێشه‌كانی هه‌ولێر- به‌غدا به‌ گرینگ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی به‌ به‌شداریی زۆربه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌ ده‌ست پێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن كرد كه‌ تا ئێستا به‌ شێوه‌یێکی ڕێكوپێک به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و هیوای خواست دوای هه‌ڵبژاردن حكوومه‌تێک پێک بهێنرێت كه‌ بتوانێت ئه‌و ڕیفۆرمانه‌ی كه‌ پلانیان بۆ دانراوه‌ جێبه‌جێیان بكات.

تاوتوێ كردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئه‌منی و سیاسییه‌وه‌ لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 38061

Your Comment

You are replying to: .
captcha