بەرهەم ساڵح جەخت لە سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ راب دۆمینیک، وەزیری دەرەوەی بریتانیا گفتوگۆی کرد لەبارەی گێرانەوەی پارە و سامانی دزرا و بە تاڵانبراوەکانی عێراقی بۆ دەرەوەی وڵات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیی لە راب دۆمینیک، وەزیری دەرەوەی بریتانیا کرد و رایگەیاند، جەخت دەکەنەوە لە پێویستی ھەماھەنگی بۆ ھێنانەکایەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و ھاریکاری بۆ بەگژاچونەوەی تیرۆر و گەندەڵی و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاری کەشوهەوا.

ئەوەش هاتووە، لە دیدارەکەدا کە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئامادەی بوون گفتوگۆ کرا سەبارەت بە گرنگیی بەھێزکردنی پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان عێراق و بریتانیا لە سەرجەم بوارەکاندا لە رێگەی ئەو لێکتیگەشتنە ھاوبەشەی کە لە نێوان ھەردوو وڵات واژو کراوە ئەمڕۆ کە جەخت دەکاتەوە لەگرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بەجۆرێک لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دۆست بێت لە بوارەکانی ئابووری و رۆشنبیری، کە سوودی ھەیە بۆ هەموو ناوچەکە لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری دەبێت.

لەراگەیەنراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، ھاوکات دووپات کرایەوە لە بەھێز کردنی هەماهەنگی بۆ بەگژاچوونەوەی تیرۆر و گەندەڵی ئیداری و دارایی و گێرانەوەی پارە و سامانی دزرا و بە تاڵانبراوەکانی عێراقی بۆ دەرەوەی وڵات، ھەروەھا بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگەکانی ژینگە پەیوەست بە گۆڕانکاری کەشوهەوا و بەرزبونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی و ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی لەو بوارە گرنگەدا کە هەڕەشە لە هەمو جیهان دەکات.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کردەوە کە عێراق رووەو پەیوەندییە هاوسەنگەکان ھەنگاو دەنێت لەسەر بنەمای کاری هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دۆست لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و کەم کردنەوەی بارگرژییەکان و پشتیوانیک ردن لە پتەو کردنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و تەندروستی و ژینگە کە سوودی بۆ هەمووان ھەیە.

لای خۆییەوە وەزیری دەرەوەی بریتانیا پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانی کردن لە ئاسایش و سەقامگیری و رۆڵی کارای عێراق لە ناوچەکە دووپات کردەوە، ھەروەھا خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەو کردنی هاوئاهەنگی و ھاریکاری لە بوارەکانی ئابووری و رۆشنبیری و پاڵپشتی وەبەرهێنان و برەودان بەدەرفەتی گەشەپێدان و پێشکەوتن بۆ عێراق دەربڕی.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 2303

Your Comment

You are replying to: .
captcha