کوردپرێس:
ڕۆژی دووشەممە 14ـی ئەیلوولی 2020 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا كە ڕۆبێرت واڵەر كونسووڵی تازەی ئەمەریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق جەختی لە دۆستایەتیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردەوە و ڕاشیگەیاند كە هەرێمی كوردستان لەناو ناوەندە گرنگەكانی بڕیاری ئەمەریكا جێگەی بایەخێكی تایبەتە.
کونسووڵی تازەی ئەمریکا هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو كە ئەمەریكا دەیەوێ لە چوارچێوەی دیاڵۆگی ستراتیژییدا یارمەتیی دۆستەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق.
هەر لەو كۆبوونەویەدا شاندی میوان تەئكیدیان لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگیی وڵاتەكەیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا مەسعوود بارزانی وێڕای جەختكردنەوە لە دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا سوپاسی دامەزراوە و ناوەندەكانی بڕیاری ئەمەریكای كرد كە بە بایەخەوە سەیری بارودۆخ و پێگەی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەورەها هیوای سەركەوتنیشی بۆ كونسوڵی تازەی ئەمەریكا خواست لە ئەرك و كارەكانیدا.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و تەحەددیاتی بەردەم حكومەتی عێراقی و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هەروەها لێكەوتەكانی پەتای كۆرۆنا لەسەر ڕەهەندە ئابووری و كۆمەڵایەتی و دەروونییەكانی كۆمەڵگە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
Your Comment