کۆسرەت رەسوول وەڵامێکی توندی نامەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەداتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆسرەت رەسول وەڵامی نامەکەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەداتەوە و دەڵێت "نامەکەت زیاتر بۆ بڵاو کردنەوە نووسراوە، بۆ کەڵەکەکردنی تۆمەت و پڕوپاگەندەی دەستەگەری و ململانێی نابەجێی ناو یەکێتی نووسراوە نەک بۆ چارەسەرکردنی وەزعی پەرێشانی یەکێتی و جەماوەری گەلەکەمان".

کوردپرێس- کۆسرەت رەسوول، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی بە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی دەڵێت "بەداخەوە تۆ خۆت و کەس و کارەکەت بەبێ گوێدانە مێژووی یەکێتی و بەبێ حیساب کردن بۆ پێگەی مام جەلال و خەباتی هاوڕێکانی بە رێکەوتنی ژێر بەژێر لەگەڵ ئەملا و ئەو لادا، یەکێتی-تان دوچاری کۆمەڵێک هەڵەی سیاسی حیزبی و نەتەوەیش کردوووەتەوە، ئیحراجییێکی مێژووییی یەکجار گەورەشتان لەبەردەم خەڵک و جەماوەرەکەیدا بۆ دروست کردوووە".

کۆسرەت رەسول ئاماژەی بە جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح لە یەکێتی کردوووە و لە نامەکەدا دەڵێت "ئێستاش لە ئەنجامی درێژەپێدانی هەمان سیاسەتی چەوتانەدا کارێکتان کرد کە هەڤاڵ جێگری دووهەمی سکرتێری گشتی حیزبەکەمان ناچار بە جیاکردنەوەی لیستی هەڵبژاردن کردوووە، کە وا پێدەچێ ئێوە بەوەشەوە نەوەستن و نیازتان بێت چەندین تێکۆشەری خاوەن ئەزموونی تری یەکێتییەکەمان ناچار بە دوورکەوتنەوە بکەن".

دەقی نامەکەی کۆسرەت رەسول

خوشکی بەڕێز هێرۆ خان

پاش رێز و سڵاو

دوێنێ نامەکەتم وەرگرت، هەر لەگەڵ یەکەم خوێندنەوەیدا هەستم کرد زۆرتر بۆ بڵاوکردنەوە نووسراوە، بۆ کەڵەکەکردنی تۆمەت و پڕوپاگەندەی دەستەگەری و ململانێی نابەجێی ناو یەکێتی نووسراوە نەک بۆ چارەسەرکردنی وەزعی پەرێشانی یەکێتی و جەماوەری گەلەکەمان".

تۆ لە هەموو کەس ئاگادارتری کە بەندە هەموو کات خاوەنی رای خۆم بووم، تەنانەت لە حزووری مام جەلالیشدا هەمیشە هەڵوێستی خۆم ڕاشکاوانە دەربڕیوە، هیچ کات سڵم لە هیچ پەرچەکردارێکی ئەم و ئەو نەکردوووەتەوە. هەموان لەم راستییە ئاگادارن کاتێ لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە بەغدا کاک نەوشیروانی رەحمەتی، هاوڕێی 40 ساڵەی خەباتی مام جەلال وازی لێهێناین، ئەو کاتە ئێمە بۆچوونی خۆمان بەڕوونی خستە ڕوو، کە لەگەڵ رەنجاندنی خۆی و هاوڕێکانی نەبووم.

لە پاش نەخۆش کەوتنی مامیش زۆر جار گلەییی ئەوەمان لێکراوە کە بڕیارم نەداوە و دەسەڵاتەکانی خۆمم بەکارنەهێناوە، دیارە ئەوەش تەنیا بۆ خاتری ئەوە بوووە کێشەکان لەوەی کە هەیە زیاتر تەشەنە نەکەن و لێکترازانی زیاتر روو نەدات.

بەداخەوە تۆ خۆت و کەس و کارەکەت بەبێ گوێدانە مێژووی یەکێتی و بێ حیساب کردن بۆ پێگەی مام جەلال و خەباتی هاوڕێکانی بە رێکەوتنی ژێر بەژێر لەگەڵ ئەملا و ئەولادا، یەکێتی-تان دووچاری کۆمەڵێک هەڵەی سیاسی حیزبی و نەتەوەییش کردوووەتەوە، ئیحراجییێکی مێژووییی یەکجار گەورەشتان لەبەردەم خەڵک و جەماوەرەکەیدا بۆ دروست کردوووە.

سەبارەت بە ئەرکی مێژووییی سەرشانی خۆشم دەتوانم بە شانازییەوە ئەوە بڵێم، کە ئەوە ئێمەین پارێزەری راستەقینەی چەپکە گوڵەکەی مام جەلالین:

ئێمە نەبووین کە کاک نەوشیروان و هەڤاڵەکانیمان لە یەکێتی بێئومێد کرد.

وەدەرنانی چەندین هەڤاڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەیان کادیری تێکۆشەری تری یەکێتی، کە ئێستا لە دەرەوەی یەکێتین، لە ئەستۆی ئەوانەدایە کە لە دەرەوەی ئۆرگانە شەرعییەکان زۆر بە ناحەق کار و رەفتاری وەڕەسکەرانەیان بەرامبەر کردوون.

ئێستاش لە ئەنجامی درێژەپێدانی هەمان سیاسەتی چەوتانەدا کارێکتان کرد کە هەڤاڵ جێگری دووهەمی سکرتێری گشتیی حیزبەکەمان ناچار بە جیاکردنەوەی لیستی هەڵبژاردن کردوووە، کە وا پێدەچێ ئێوە بەوەشەوە نەوەستن و نیازتان بێت چەندین تێکۆشەری خاوەن ئەزموونی تری یەکێتییەکەمان ناچار بە دوورکەوتنەوە بکەن.

سەرباری هەموو ئەوانەش ئێمە وەک هەمیشە و بە هەموو توانامانەوە پێداگریی سەرسەختانە لەپێناو پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی ناو هەڤاڵان و هەڵنەوەرینی ریزەکان و بوژاندنەوەی یەکێتی دەکەین.

حەزدەکەم ئەوەش بڵێم کە من زۆر باش لە ئەمانەتی مێژووییی سەرشانی خۆم تێدەگەم، کە ئەمانەتی خوێنی دەیان هەزار تێکۆشەری گەلەکەمان و گیان بەخت­کردووی رێگای کوردایەتییە، هەر ئەوەش پاڵنەری سەرەکیمان بوووە کە لە وێستگە هەستیارەکانی ژیانی رێکخراوەییماندا لە ئاست سیاسەتە چەوتەکان بێدەنگیمان هەڵبژاردوووە و تەحەموولی لە رادەبەدەرمان هەبوووە. ئێستاش کە باس دێتە سەر باسی بەستنی کۆنگرە، بەداخەوە ئێوە وەک هەمیشە را و بۆچوونەکانتان جێگر نین و لە کۆبوونەوە فەرمییەکاندا قسەیێک دەکەن و، لە دانیشتنە تایبەتەکانیشدا پێچەوانەی رای خۆتان دەوەستنەوە.

بەڵام کاتێ چارەنووسی یەکێتی دەبەسترێتەوە بە ئەنجام دانی کۆنگرە و بە حوکمی پێگەی سیاسی و حیزبیمان ئۆباڵە مێژووییەکەشی دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە، بۆیە پێم باشە لێرەدا زۆر راشکاوانە بڵێم "بەڵێ من لەگەڵ بەستنی کۆنگرەم لە نزیکترین دەرفەتدا". بەڵام لەگەڵ دەربڕینی ڕا و سەرنجی خۆم کە ئایا چی جۆرە کۆنگرەیێک ببەستین:

کۆنگرەیێک زامنی پارێزەری ریزەکانی یەکێتی بێت نەک پێچەوانەکەی.

کۆنگرەیێک دەرئەنجامی یەکێتییەکەمان بەرەو حیزبی بنەماڵەیی نەبات بە نزیکەکانی خۆشمەوە، وە بەراستی یەکێتی بکاتەوە بە حیزبی شەهیدان

کۆنگرەیێک یەکێتی بکاتەوە بە یەکێتییەکەی هەموان، نەک یەکێتییێکی قۆرخ­کراو لەلایەن دەستە و تاقمێکی دیاری­کراوەوە.

کۆنگرەیێک کە ئاشت­کەرەوەی کادیر و جەماوەرە زیز و تووڕەکەی بێت و ببێتە هۆکاری سەرلەنوێ کۆکردنەوەی هەموو تواناکان.

کۆنگرەیێک کە داڕێژەری سیاسەتێکی نیشتمانییانەی شەفاف و روون و یەکێتییانە بێت بۆ ئاییندەی گەلەکەمان.

شیاوی ئاماژەیە لە نامەیێکدا کە ڕۆژی شەممە بڵاو کرایەوە و بەرواری 22-2-2018ی لەسەرە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بۆ کۆسرەت رەسوڵ وتبووی "ئەنجام نەدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بۆ بڕیاردان لە چەسپاندنی رۆژی کۆنگرە، بوووەتە مایەی نیگەرانیی خۆم و هەموو جەماوەری یەکێتی. من دواجار وەک خوشکێک داوات لێدەکەم کە بە زووترین کات ئەو کۆبوونەوەیە ساز بکەیت بۆ ئەوەی جەماوەری یەکێتی لەم دڵەڕاوکێ و چاوەڕوانییە نەجاتی بێت کە ئەوەش بەتەنیا داواکاریی من نییە بەڵکوو هی هەموو ئۆرگان و مەکتەب و کادیر و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتییە".

News Code 11879

Your Comment

You are replying to: .
captcha