لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند ڕێککەوتن نەکراوە/ ڕووسیا ئەرکی خۆی ڕاناپەڕێنێت

بەشی سووریا- سەرۆکوەزیرانی کانتۆنی جزیرە لە دیمانەیێکدا بە کوردپرێسی وتووە تا ئەم کاتەشی لەگەڵ بێت ڕێککەوتنێکی یەکلایی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی سووریا نەکراوە و ڕووسیا لە ئەرکەکانیدا قوسوور دەکات و دەوری شایستەی خۆی ناگێڕێت.

کوردپرێس:

عەبدولکەریم سارۆخان سەرۆکوەزیرانی کانتۆنی جزیرە لە لێدوانێکدا وەڵامی چەند پرسیارێکی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی داوەتەوە و لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان کوردی سووریا و دەوڵەتی ناوەند ڕایگەیاند: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی دەوڵەتی ناوەند سەردانی قامیشلۆیان کرد و لەگەڵ چەند لایەنێکی کورد کۆبوونەوە بەڵام تا ئەم کاتەش ڕێککەوتنی یەکلایی لەگەڵ دیمەشق نەکراوە و تەنها دەوڵەتی ناوەند چەند تێبینییێکی لە سەر ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا هەبوو تێبینییەکانیان گەیاند و دیدارەکە ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو.

ناوبراو گوتیشی دەوڵەتی ناوەند دەڵێت لەو ناوچانەی بە دەستی کوردەوەیە ئیدارەی خۆجێیی جێگیر بکرێت بەڵام ئێمە داوای خۆسەریی دیموکراسییانە دەکەین و پێشنیازی ئەو سیستەمەمان خستۆتە بەر دەستی دیمەشق بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بکەن. تا ئەم کاتە نە ئەوان ئیدارەی خۆسەریان قبووڵ کردووە و نە ئێمەش ملمان بە ئیدارەی خۆجێیی داوە.

عەبدولکەریم سارۆخان لە وەڵامی ئەنجامی کۆی گفتوگۆی نێوخۆ و گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق زیادی کرد: هیچ گفتوگۆیێکی جدی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند نەکراوە و خۆتان ئاگادارن بەڕێز مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات سەرجەم لایەنە کوردییەکانی بانگهێشت کرد بۆ گفتوگۆی کوردی-کوردی. گرینگ ئەوەیە لایەنە کوردییەکان بگەن بە کۆدەنگی و بتوانن بە یەک دەنگ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند گفتوگۆ بکەن.

سەرۆکوەزیرانی کانتۆنی جزیرە ئەوەشی ڕوون کردەوە کە دیمەشق لە کورد نزیک نەبۆتەوە و وەک جاران مامەڵە لەگەڵ کورد و کۆی دەسەڵاتداری لە سووریا دەکات.

ناوبراو گوتیشی بەشار جەعفەری بەرپرسێکی باڵای سووریایە و لە دانووستانەکانی ئەستانە بە ڕوونی ڕایگەیاند کە لە سووریا مەسەیێک بەناوی مەسەلەی کورد، بوونی نیە. دەوڵەت دەیهەوێت وای بنوێنێت کە لە سووریا کورد هیچ کێشەیێکی نیە بەڵام ئەمە ڕاست نیە.

سارۆخان لەبارەی ڕۆڵی وڵاتی ڕووسیاش وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسی دایەوە و ڕایگەیاند ڕووسیا دەتوانێت دەورێکی گرینگ بگێڕێت بەڵام ئەو ئەرکە بە باشی ڕاناپەڕێنێت و تەنها کار بۆ داواکارییەکانی دەوڵەتی ناوەند دەکات.

ناوبراو لە کۆتاییدا هیوای ئەوەشی خواست کە ڕووسیا وەک زامنکارێک مامەڵە لەگەڵ پرسەکە بکات و گوشار بخاتە سەر دەوڵەتی ناوەند بۆ دانووستان کردن لەگەڵ کورد.

News Code 96922

Your Comment

You are replying to: .
captcha