کوردپرێس:
لەیلا زانا، سیاسەتمەتداری ناسراوی كورد و پەرلەمانتاری پێشوی توركیا پەیامێکی ئاڕاستەی مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیران و قوباد تاڵەبانی، جیگری سەرۆک وەزیران کرد و وێڕای خۆشحاڵی نیشاندان بەرامبەر دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەمی حکوومەت، هاوکات هیوای سەرکەوتنی بۆ کابینەی نوێ کردووە لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.
لەیلا زانا دەڵێت، "لە کاتێکدا بە هەستێکی گەرم پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و جێگری سەرۆک وەزیران و کابینەی نوێی حکوومەت دەکەم، ئومێدەوارم بە هەموو توانا و هێزی خۆتان هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستان بدەن".
لەیلا زانا لە 3ی ئایاری 19611 لە شاری ئامەدی کوردستانی تورکیا لە دایک بووە، ژنە سیاسەتمەدارێکی کوردە و بۆ ماوەی 10 ساڵ بەھۆی قسەکردن بە زمانی کوردی لە پەرلەمانی تورکیا زیندانی کرا.
ئەو ساڵی 1991 بووە یەکەمین ژنی کورد کە توانیی ببێتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا، لە مەراسمی سوێند خواردنی پەرلەمانی تورکیا، لەگەڵ شەش پەرلەمانتاری دیکەی کورد بە کوردی سوێندیان خوارد، لەو مەراسمەدا کە لەیلا زانا ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستانی لە نێوچاوان و پرچی بەستبوو، بوو بە سەمبولێکی کورد.
پاش ئەو مەراسمە، پەرلەمانتارانی کورد لەیلا زانا، ئۆرھان دۆغان، سەلیم ساداک و خەتیب دیجلە بە 15 ساڵ زیندانی­کردن حوکم دران.
ساڵی 2001 دادگای مافی مرۆفی ئەورووپا دەنگی بە ھەڵوەشاندنەوەی سزای زیندانی­کردنی چوار پەرلەمانتارە کوردەکە دا، بەڵام تورکیا دەنگی ئەم دادگایەی بە فەرمی نەناساند، پاشان لە ساڵی 2004 پاش تێپەڕبونی 10 ساڵ لە حوکمی ئەم چوار تێکۆشەرە کوردە، بەھۆی فشارەکانی یەکێتیی ئەورووپا، تورکیا ئەو پەرلەمانتارانەی ئازاد کرد.
Your Comment