شاندی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سروور بارزانی گه‌یشته‌ به‌غدا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شاندی هه‌رێمی کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تیی مه‌سروور بارزانی گه‌یشته‌ به‌غدا.

کوردپرێس:

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ی ته‌مووزی 2019 شاندی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌ كۆشكی سه‌لام له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک كۆماری عێراق پێشوازیی له‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا و شانده‌كه‌ له‌گه‌ڵ ھه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق كۆ ده‌بنه‌وه‌.

له‌ سه‌ره‌تادا شاندی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌رھه‌م ساڵح سه‌رۆک كۆماری عێراق كۆ ده‌بێته‌وه‌، پاشان له‌گه‌ڵ ھه‌ر یه‌ک له‌ عادل عه‌بدولمه‌ھدی سه‌رۆک وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆ ده‌بنه‌وه‌ و له‌ دیداره‌كانی شاندی حكوومه‌تی ھه‌رێم و ھه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق باس له‌ كێشه‌ ھه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان ھه‌ولێر و به‌غدا ده‌كرێت.

هه‌ریه‌ک له‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆکی حکوومه‌ت، فرسه‌ت ئه‌حمه‌د وه‌زیری داد، ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ، شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێششمه‌رگه‌، ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری و فه‌وزی هه‌ریری سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان ئه‌ندامییه‌تی شانده‌که‌ ده‌که‌ن.

له‌م سه‌ردانه‌دا كه‌ بۆ ده‌رخستنی نیازپاكیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌رامبه‌ر به‌غدا پرسه‌كانی ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، بودجه‌ و نه‌وت، كه‌ركووک، ئاواره‌كان له‌ دیداره‌كاندا گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داھاتوویێكی نزیک ھه‌نگاوی كرده‌یی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ ھه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان بنرێت.

شایانی باسه‌؛ له‌ دوای یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان كه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 15-7-2019 ئه‌نجام درا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا حكوومه‌تی ھه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه ‌كرد که‌ شانده‌که‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ ده‌ربڕینی نیازپاکی و گفتوگۆکردن له‌باره‌ی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ی گونجاو بۆ کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له چوارچێوه‌ى ده‌ستوور سه‌ردانی به‌غدا ده‌کات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65041

Your Comment

You are replying to: .
captcha