کوردپرێس:
ئاڵدار خه‌لیل ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێکاری کۆمه‌ڵگای دیموکراتی کوردی سووریا به K24ی وت: به نێوه‌ندگیریی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "تاوه‌كوو ئێستا هیچ ڕێككهوتنێک له نێوان ئێمه و توركیا نه‌كراوه به‌ڵام دانووستان به‌رده‌وامه و ڕێككه‌وتن كاتی زیاتری پێویسته."
ئاڵدار خه‌لیل ڕوونیكرده‌وه: "له كاتی ھه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان له توركیا ڕه‌وشه‌كه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا ھاتووه، له ڕێگه‌ی جێمس جێڤری نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری سووریا دانووستان له نێوان ھه‌سه‌ده و توركیا ھاتووهتهئاراوه. تا ئێستا دانووستانه‌كان ھیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه، باوه‌ڕ ناكه‌ین دانووستانه‌كان ئه‌نجامی ھه‌بێت به‌ڵام ئێمه ده‌مانه‌وێت ده‌ستكه‌وته بهدهستھاتووهكان بپارێزین."
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی ته‌ڤده‌م له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان لایه‌نه كوردییه‌كان له سووریا و ھه‌وڵه‌كان بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی ته‌ڤده‌م و ئه‌نه‌كه‌سه زیادی کرد: "ئێمه نامانه‌وێت كورد پارچه پارچه ببن، ده‌مانه‌وێت ده‌ستكه‌وته‌كانی سووریا بپارێزین و به ھی ھه‌موو كوردی ده‌زانین. پێویسته ھیچ لایه‌نێک خۆی به دوژمنی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه نه‌زانێت. ھه‌وڵ بۆ لێكنزیكبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی سووریا ھه‌بووه به‌ڵام تا ئێستا ھیچ ڕێككهوتنێک نییه. ئێمه خۆمان ده‌پرسین ئه‌نه‌كه‌سه بۆچی له ناو گه‌لی خۆی خه‌بات ناكات؟ ده‌توانن به‌شداری له ھه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، ئێمه دژی ئه‌وه نیین ئه‌وان له سووریا كار بكه‌ن."
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment