کوردپرێس:
نەسروڵڵا سورچی ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی لەو بارەیەوە بە تەلەڤزیۆنی ڕووداوی وتووە: "ئەگەر خەمی ئێمە و پارتی پاراستنی دەستکەوتە بەدەستهاتووەکانی رابردوومان بێت، ئەوا دەبێت بچینەوە سەر مێز و ئەو خاڵانەی ناکۆکن لەنێوانمان رێگە چارەی بۆ بدۆزینەوە و چارەسەری بکەین، چوونکە ئەگەر رێکنەکەوین نە ئەتوانین پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکەین نە داهاتوویێکی رۆشنیش چاوەڕێمان دەکات".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتیشی: "کۆبوونەوەکان و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی کۆتایی نەهاتووە و هەردوولا دەگەڕێینەوە سەر مێز بۆ تەواوکردنی ئەو بەشانەی رێککەوتنەکەی نێوانمان کە هێشتا پێکنەهاتووین لەسەری".
نەسروڵا سورچی تیشکی خستە سەر ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی لە سەرە مەسەلەی کەرکووک و زیادی کرد: "شاندی دانوستاندنکاری ئێمە لە هەموو کۆبوونەوەکانی رابردوو لەگەڵ پارتی تاوەکوو ئێستا داوای هیچ پۆستێکیان نەکردووە و تەنیا پێداگریمان لەسەر دۆخی ناسرووشتیی کەرکووک بووە، کە دەبێت پارێزگارێکی کورد بۆ ئەو پارێزگایە دابنێین و دواتریش دۆخی شارەکە ئاسایی بکەینەوە، پارتیش بە زارەکی بە داواکارییەکە رازی بووە، بەڵام هێشتا ئامادە نییە لەسەر وەرەقە واژۆی بکات بۆیە ئێمەش مەرجمان بۆ رێککەوتن، دۆسیەی کەرکووکە".
Your Comment