جه‌بار یاوه‌ر: هاوپه‌یمانان و پێشمه‌رگه‌ پلانى ئه‌منییان بۆ 2019 داناوه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌میندارى گشتیى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که هێزی پێشمه‌رگه‌ و‌ هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی دژه‌داعش پلانێکی ئه‌منیی هاوبه‌شیان بۆ دابین کردنی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان له‌ ساڵی 2019 داڕشتوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر به‌ خه‌ندانى وت: "هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ پلانى ساڵى 2019یان بۆ دۆخى ئه‌منیى هه‌رێمى كوردستان داڕشتوووه‌ كه‌ له‌ پلانه‌كه‌دا دۆخى ئه‌منى و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كان به‌ خاڵ و پلان ڕوون كراونه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان به‌رده‌وامن له‌ ناردنى چه‌ک و پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كان و به‌رده‌وامیشن له‌ مه‌شق كردن به‌ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌".

ناوبراو وتیشى: "داعش له‌ ناوچه‌كانى پارێزگاى مووسڵ و سه‌ڵاحه‌ددین و که‌رکووک ده‌ستى به‌ جموجوڵ كردوووه و پێشمان وایه‌ داعش ته‌نها له‌سه‌ر به‌یاننامه‌ كۆتایی هاتوووه‌ ئه‌گه‌رنا هه‌ڕه‌شه‌كان جدیین و هێزه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ هێڵه‌كانى به‌رگرى و ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتیان ئاماده‌ى هه‌موو جۆره‌ به‌رگرییێكن، گه‌رچى تا ئێستا هیچ كرده‌وه‌یێكى تیرۆریستى له‌ پاش دروست بوونى جموجوڵه‌كانى داعش له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى پێشمه‌رگه‌ ڕووی نه‌داوه‌".

ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "تا ئێستاش هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاوكارى و پاڵپشتى پێشمه‌رگه‌ن به‌تایبه‌ت له‌ هێڵه‌كانى دوا سنوورى پێشمه‌رگه‌ و به‌رده‌وام هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق، پێشمه‌رگه‌ هیچ هه‌ماهه‌نگییێكى نییه‌ و زۆرینه‌ى جموجوڵه‌كانى چه‌كدارانى داعشیش له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌ عێراقییه‌كان ئه‌نجامى ده‌ده‌ن و بۆشایییه‌ ئه‌منییه‌كانیش هۆكارن".

ده‌رباره‌ى پڕۆژه‌ چاكسازییه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، جه‌بار یاوه‌ر وتى: "له‌ 35 خاڵى پڕۆژه‌كه‌دا وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ زۆرینه‌یان ڕه‌شنووسیان بۆ نوسراوه‌ و ده‌ست كراوه‌ به‌جێبه‌جێ كردنیان به‌ڵام به‌شێک له‌ پڕۆژه‌كان بودجه‌ى پێویسته‌ و هه‌ندێكیشیان په‌یوه‌سته‌ به ‌كارابوونى په‌رله‌مانه‌وه‌ چوونكه‌ ده‌بێت كاره‌كانى به ‌یاسا ڕێكبخرێن".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 50329

Your Comment

You are replying to: .
captcha