بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئایدن مەعرووف ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی رایگەیاند کە دەیانەوێت بەشداری لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەن و داوای پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران یان وەزارەتێکی تایبەت بەکاروباری تورکمانەکان دەکەن.
ئایدن مەعرووف لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئانادۆڵو رایگەیاندووە كە ئەوان دەیانەوێت بەشداری لە پێکهێنانی حکوومەتدا بکەن و لە میانی دانووستانەکانیشدا، داوای پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران دەکەین یان وەزارەتێک تایبەت بە کاروباری تورکمانەکان و ئەم پۆستەش بە شایستەی خۆیان دەزانین.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە لە چوارچێوەی پاراستنی مافی پێکهاتەکان، پۆستێکی باڵایان پێبدرێت و راشیگەیاند کە داواکارییەکەیان دەبێتە بنەمای دەستپێکی دانووستانەکان و گفتوگۆ کردن لەگەڵ لیستی براوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم.
ناوبراو دووپاتیشی كردەوە "ئێمە لە ماوەی رابردووشدا چەندین جار داوامان کردووە کە یەکێک لەو پۆستانەمان پێبدرێت، بەڵام تا ئێستە وەڵامێکی ئەرێنییمان وەرنەگرتووە و هیوادارین لەم کابینەیەدا، داواکەمان جێبەجێ بکەن".
لە پەرلەمانی کوردستاندا پێنج کورسی وەک کۆتا بۆ تورکمانەکان تەرخان کراوە و بەرەی تورکمانی عێراقی کە بەشداری هەڵبژاردنەکەی ٣٠ی ئەیلوولی کرد، توانی ببێتە خاوەنی یەک کورسی لەو پێنج کورسییە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment