ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ھەولێر ناوه‌ندی هاوبه‌ش دەکەنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بڕیارە سەرەتای مانگی داھاتوو ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ھەولێر ناوه‌ندی هاوبه‌ش بکەنەوە و دواتریش لە بەغدا ئەو ناوەندە دەکرێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس؛ بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، ئه‌مڕۆ 28ی 10ی 2020 شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ مێجه‌ر جه‌نه‌ڕاڵ که‌ڤن کۆپسی، جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق و سووریا و شاندێکی باڵای راوێژکاری سه‌ربازی هاوپه‌یمان کۆبووەوه‌.

له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا، که‌ ژماره‌یێک له ‌ئه‌فسه‌رانی پله‌ باڵای وه‌زاره‌ت ئاماده‌ی بوون، تاوتوێی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق کرا، هه‌روه‌ک گفتوگۆکرا له‌سه‌ر پرسی پێکهێنانی ناوه‌ندی هاوبه‌ش له‌نێوان هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق له‌و ناوچانه‌ی که‌ بۆشایی ئه‌منییان هه‌یه‌.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ جه‌ختی کرده‌وه، له‌سه‌ر نزیک بوونه‌وه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد که‌ بڕیاره‌ له‌ 1ی مانگی 11 وه‌ ناوه‌ندی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا له‌ هه‌ولێر و دواتر له‌ به‌غداش بکرێته‌وه‌. که‌ ده‌رئه‌نجام پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌که‌ی لێده‌که‌وێته‌وه‌.

ئاماژە بەوەش کراوە، جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له عێراق و سووریا، روونی کرده‌وه‌، "پێکه‌وه‌ کارکردنی هاوبه‌شی هێزه‌کان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و تیرۆریستان رێگای سه‌رکه‌وتنمان نزیک ده‌کاته‌وه‌ و هۆکارێکی گرنگیش ده‌بێت بۆ ره‌وینه‌وه‌ و تێکشکاندنی مه‌ترسییه‌کانی تیرۆر له‌ناوچه‌که‌دا".

پرسی چاکسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ته‌وه‌رێکی تری کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد: له‌ئێستادا قۆناغی باشمان بڕیوه‌ له‌سه‌ر سه‌رخستن و جێبه‌جێ کردنی ناوه‌ڕۆکی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌، وتیشی: "رۆڵی راوێژکارانى هاوپه‌یمانان له‌ هاوکاری و هه‌مه‌ئاهه‌نگی تیمه‌کانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ جێگه‌ی ستایش و بایه‌خی زۆری ئێمه‌یه".

سەرچاوە: K24

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 210619

Your Comment

You are replying to: .
captcha