کوردپرێس:
ڕۆژی 5شەمە 7ی خاکەلێوەی 1398 بەرانبەر بە 26ی مارچی 2020 ئیبراهیم شەکیبا بەڕێوەبەری ژووری کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زانکۆی پزیشکیی کرماشان لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی ڕاگەیاند تا ئەمڕۆ 194 کەیسی تووشبووی کۆرۆنا لە پارێزگای کرماشان تۆمار کراوە و 21 کەسیش بە هۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لە دەست داوە.
بەڕێوبەەری ژووری کۆنتڕۆڵ کردنی کۆرۆنا لە زانکۆی پزیشکیی کرماشان گوتیشی: سەرباری هەموو ڕێنمایی و هۆشدارییەکانی وەزارتی تەندروستی و زانکۆ پزیشکییەکان هاووڵاتییان خەمساردن لە جیدی بوونی مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆیە بە پێویستی دەزانین هاووڵاتییان ڕێنمایییەکان بە هەند وەربگرن.
شەکیبا زیادی کرد: ئەگەر بێتوو هاووڵاتییان گوێبیستی ڕێنمایییەکان نەبن و پێبەند نەبن بە قەدەغەکانی هاتووچۆ و خۆ کەرەنتینەکردن ئەوا کارەساتی نەخوازراو چاوەڕوانمان دەکات.
ناوبراو هەر لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆ و کەرەنتینەکانیشەوە گوتی هاتن بۆ پارێزگای کرماشان بە هەموو شارەکانیەوە قەدەغەیە و ئیدارەی پارێزگای کرماشانیش ڕێنماییی پێویستی لەو بارەیەوە دەرکردووە و پێویستە هاووڵاتییان پێبەند بن بە ڕێنمایییەکانی پارێزگا و وەزارەتی تەندروستی و زانکۆی پزیشکی.
Your Comment