جێگری وه‌زیری ناوخۆی ئێران: ته‌نها که‌سانی خۆجێیی ده‌توانن داخڵی شاره‌کان ببنه‌وه‌

به‌شی ئێران- سه‌رۆکی لیژنه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی- ئینتیزامیی لیژنه‌ی باڵای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کۆرۆنا باسی له‌ ئاراسته‌‌کردنی پڕۆژه‌یێکی نوێی ده‌وڵه‌ت بۆ کۆنتڕۆڵ‌کردنی کۆرۆنا کرد و گوتی: له‌م پڕۆژه‌یه‌دا هاتوچۆ و سه‌فه‌ره‌کان سنووردار ده‌کرێت‌ و ته‌نها که‌سانی خۆجێیی ده‌توانن داخڵی شاره‌کان ببنه‌وه‌.

کوردپرێس:

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 7ی خاکه‌لێوه‌ی 1399 حسێن زولفه‌قاری به‌ هه‌واڵنێرانی ڕاگه‌یاند: زۆرینه‌ی خه‌ڵک گوێڕایه‌ڵی ڕێنماییه‌کانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستین و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ هێشتا هه‌ندێک که‌س ڕێنماییه‌کان ڕچاو ناکه‌ن.

ناوبراو زیادی کرد: خه‌ڵک داواکاریگه‌لێکیان له‌ به‌رپرسانی وڵات هه‌یه‌ و ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی که‌ له‌ پارێزگارانی سه‌رانسه‌ری وڵات هه‌یه‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ ڕێوشوێنێکی جیدیتر بۆ پچڕانی زنجیره‌ی گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشینی کۆرۆنا بگرنه‌به‌ر.

جێگری وه‌زیری ناوخۆی ئێران جه‌ختی کرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر یارمه‌تیی که‌رتی ته‌ندروستیی ئێران نه‌ده‌ین و نه‌بینه‌هۆی پچڕانی زنجیره‌ی گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌که‌ ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ ناتوانین که‌م‌بوونه‌وه‌ی ئاستی نه‌خۆشینه‌که‌ ببینین.

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: هێشتا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ لووتکه‌ی نه‌خۆشینه‌که‌ و پڕۆسه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشینه‌که‌ ڕووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌ و که‌م‌بوونه‌وه‌ پیشان نادات.

زولفه‌قاری ته‌ئکیدی له‌سه‌ر پێویستیی هاوکاریی سه‌رجه‌م خه‌ڵک کرده‌وه‌ و گوتی: ئه‌گه‌ر به‌ستێنی پچڕانی زنجیره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی کۆرۆنا نه‌ڕه‌خسێنین، ئیمکانات و پۆتانسییه‌له‌‌کانی وڵات وه‌ڵامده‌ری ژماره‌ی نه‌خۆشان نابێته‌وه‌.

جێگری وه‌زیری ناوخۆی ئێران زیادیشی کرد: له‌م ماوه‌یه‌دا پڕۆژه‌گه‌لێکی زۆر ئاراسته‌ کران به‌ڵام به‌هۆی دۆخه‌که‌وه‌ په‌سه‌ند نه‌کران. ئه‌مڕۆ پڕۆژه‌یێک ڕاده‌گه‌یێندرێت که‌ ڕۆژی سێشه‌ممه 5ی خاکه‌لێوه‌ی 1399‌ له‌سه‌ر پێشنیاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و کۆده‌نگیی سه‌رجه‌م داموده‌زگاکان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌ سه‌رۆکایه‌تیی وه‌زیری ناوخۆ په‌سه‌ند کرا و ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 7ی خاکه‌لێوه‌ی 1399 له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆک کۆماره‌وه‌ په‌سند کرا و پڕۆژه‌که‌ سنووردارکردنی هاتوچۆ و سه‌فه‌ره‌کان له‌خۆ ده‌گرێته‌وه‌.

زولفه‌قاری ڕاشی‌گه‌یاند: که‌سانێک که‌ ده‌یانهه‌وێت سه‌فه‌ر بکه‌ن به‌رنامه‌که‌یان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ چونکه‌ ته‌نها که‌سانی خۆجێیی ده‌توانن داخڵی شاره‌کان بن. ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ سه‌فه‌ریان کردووه‌ ده‌بێ زوو به‌ زوو بگه‌ڕێنه‌وه‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش کرد که‌ ژماره‌ی نیشتیمانی، ژماره‌ی ئۆتۆمبێل و بیمه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌یه‌ که‌ بۆ خۆجێیی‌بوونی که‌سه‌کان له‌به‌رچاو ده‌گیردرێن.

جێگری وه‌زیری ناوخۆ زیادیشی کرد: بۆ ئه‌و کرێکار و فه‌رمانبه‌رانه‌ی که‌ له‌ شوێنگه‌لێکی دوور له‌ شوێنی نیشته‌جێبوونیان کار ده‌که‌ن هه‌ندێک ڕێوشوێن گیراوه‌ته‌به‌ر و ده‌بێ پارێزگاکان کارتی هاتوچۆ بۆیان ده‌ربکه‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 158113

Your Comment

You are replying to: .
captcha