کوردپرێس:
هدیە یۆسف هاوسەرۆکی کۆمیتەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی فیدراڵیی باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە دەوڵەتی تورکیا و میلیشیا تیرۆریستییەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا نزیکەی دوو ساڵە عەفرینیان داگیر کردووە و هاووڵاتییە کوردەکان ناچار ئەکەن بە فرۆشتنی زەویوزار و خانووەکانیان.
هدیە یۆسف ئاماژەی بە بەردەوام بوونی هەوڵەکانی تورکیا بۆ گۆڕینی دیموگرافیانی کانتۆنی عەفرین کرد و گوتیشی چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەردەوامن لە کاول کردن و تاڵان کردنی عەفرین و هاووڵاتییان ناچار دەکەن لە بەرانبەر پارەیێکی کەمدا موڵک و ماڵی خۆیان بفرۆشن چوونکە میلیشیاکان ماڵ و موڵکی ئەو هاووڵاتییانە بە موڵکی خۆیان دەزانن.
هاوسەرۆکی کۆمیتەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی فیدراڵیی باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا ئەوەشی بۆ کوردپرێس ڕوون کردەوە کە چەکدارانی سەر لە تورکیا هەوڵ دەدەن بنەماڵەی جیهادییەکان لە عەفرین نیشتەجێ بکەن و هاووڵاتییانی کوردیش لە ترسی ڕفاندن و کوشتن ناچارن مل بە داواکارییەکانی ئەو هێزە چەکدارانەی سەر بە تورکیا بدەن.
ناوبراو گوتیشی ئەم داگیرکردن و گۆڕینی پێکهاتەیە شتێکی تازە نیە بەڵام لەم ماوەیەی دواییدا بە ڕێژەیێکی ئێجگار زۆر زیادی کردووە.
هدیە یۆسف زیادیشی کرد: بەپێی داتاکان 92 لە سەدی دانیشتووانی عەفرین کورد بوون بەڵام لەو کاتەوە کە تورکیا و تیرۆریستانی سەر بە سوپای تورکیا ئەو شارەیان داگیر کردووە ئەو ڕێژەیە بە شێوەیێکی بەرچاو دابەزیوە.
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا لە کۆتاییدا ئەوەشی بیر هێنایەوە کە ئامانجی تورکیا ئاشکرایە. ئەنقەرە بە نیازە دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت و لە داهاتوودا ئەو بەشەی خاکی سووریا داگیر بکات و لە خاکی سووریای جیا بکاتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment