نابێت بۆشایی دەستووری لە عێراق دروست ببێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک كۆماری عیراق لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەردوو جێگرەكەی و سەرۆک فراكسیۆنەكانی نوێنەران و چەند لایەنێكی دیكەی سیاسیی عێراق كۆ بوویەوە و ڕایگەیاند: بەهیچ شێوەیێک ڕێگە نەدرێت بۆشایی دەستووری لە عێراق دروست ببێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فوئاد مەعسووم سەرۆک كۆماری عێراق ئەمڕۆ 9ی حوزەیرانی 2018 لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەردوو جێگرەكەی و سەرۆک فراكسیۆنەكانی نوێنەران و چەند حزبێكی دیكەی عێراق كۆ بوویەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ئەو گۆڕانكارییانەی ئەم دواییەی هەڵبژاردنەكان، كە لە پەرلەمان ڕوویدا و دەرهاویشتەكانی تاوتوێ كرد.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیێكدا ڕایگەیاندووە: پێویستە هەموو هەوڵەكان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و جێگیریی دۆخی سیاسی چڕ بكرێنەوە، هەروەها بەهیچ شێوەیێک ڕێگە نەدرێت بۆشایی دەستووری لە عێراق دروست ببێت.

هەر لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، كە دەبێت ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەران بگیرێت، بەپێی دەستووری عێراق كێشەكان چارەسەر بكرێن.

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی خەڵک

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 15339

Your Comment

You are replying to: .
captcha