ڕەسووڵ خزری نوێنەری خەڵکی پیرانشار و سەردەشت لە پەڕلەمانی ئێران لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران لە بڕگەی 18دا باس کراوە کە بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەتی کار لە ناوچە سنوورییەکان لە بەر چاو گژیراوە.
ناوبراو زیادی کرد: دەستەواژەی "کۆڵبەری" لە بودجەی 97دا باس کراوە و ئەوەش بێ­گومان یارمەتیدەر دەبێت بۆ هەموار کردنی دۆخی کۆڵبەرەکان و سامان­پێدانیان. ئەوەش یەکەمجارە ئەو دەستەواژەیە لە بودجەی ئێراندا باسی لێ دەکرێت.
خزری ئەوەشی ئاشکرا کرد: بڕگەی 18ی یاسای بودجە باسی ڕەخساندنی هەلی کار و چارە کردنی بێکاریی دەرچوووانی زانکۆ و پەیمانگاکان و بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکاندا دەکات کە کۆلبەرەکان نموونەی ئاشکرای چینی بێکارن.
ئەو نوێنەرەی پەڕلەمان کە هاوکات ئەندامی کۆتلەی کۆمەڵایەتیی پەڕلەمانیشە سەبارەت بە ئاسانکاری و قەرزی بانکی بۆ ڕەخساندنی هەلی کار وتیشی: خشتەی ژمارە 9 وەکوو سەرچاوەی دابین کردنی دارایی بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار لە بەر چاو گیراوە.
خزری وتیشی ئەوانەی بەنیازن لە بەشی بەرهەم هێناندا سەرمایە دابنێن دەکەونە یەکەمایەتییەوە بۆ پێدانی ئاسانکاری و قەرزی بانکی.
ناوبراو لە کۆتاییشدا ڕوونی کردەوە پرسی کرانەوەی مەرزەکان و داکۆکی کردن لە پێناو کردنەوەی مەرز بەردەوامە.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment