خەڵکی ئێمە ئاژاوەچی نین/ بەرپرسان گوێڕایەڵی داواکاریی خەڵک بن

بەشی ئێران- نوێنەری کرماشان داوای لە ناڕازییانی دۆخی ئابووری کرد هێور بن و لە بەرپرسانیش ویستی هەرچی زووتر بە هانای داواکارییەکانی خەڵکەوە بڕۆن.

ئەحمەد سەفەری نوێنەری کرماشان لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئاماژەی کردە خۆپیشاندانی ناڕەزاییی لە چەند شاری وڵات و دەری‌بڕی: گەلی ئێمە گەلێکی ئاگا و تێگەیشتووە و ئەوان خۆیان ئەم شۆڕشەیان تا ئێستا هێناوە و هەر بۆیەش ئاژاوەچی نین، بەڵکوو هەندێک داواکارییان هەیە و بەرپرسان و کاربەدەستان دەبێ گوێڕایەڵی داواکانیان بن.

وتیشی؛ ئێمە وەکوو خزمەتگوزاری خەڵک لە مەجلیس و دەوڵەت بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانیان دەکەین. گەلی ئێمە لە خزمەتی نیزامە و هەمیشە خۆی ئەرکی پاراستنی وڵاتی بە ئەستۆوە بووە.

سەفەری ئاماژەی بەوە دا بەشێک لە نیگەرانییەکانی خەڵک بۆ پرۆژەیاسای بووجەی ٩٧ و زۆر کردنی نرخی بەنزین و دۆخی یارانەکان دەگەڕێتەوە و لابردنی ٣٠ ملیۆن کەس لە ڕیزی یارانە و بەرز کردنەوەی نرخی بەنزین بۆ ١٥٠٠ تمەن لە هەر لیترێکدا گوشارێکی بەرچاو دەخاتە سەر شانی خەڵک.

لە کۆتاییشدا باسی لەوە کرد کە گەلی ئێمە گەلێکی ئەمەگناسە و بە پێڕەو کردنی مەنوییاتی ڕێبەرێ باڵای وڵات و ڕێنوماییە زانایانەکانیان هەوڵ دەدەن بایەخەکانی نیزام بپارێزن و قەدری بەرپرسانی نیزامیش دەزانن و هێڵی ئەم خەڵکە جیا لەوانەیە کە دەیانهەوێ ئاژاوە بگێڕن.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 9883

Your Comment

You are replying to: .
captcha