حکوومەتی سووریا دانوستان دەست پێنەکات سووریا دابەش دەبێت

بەشی سووریا- هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دیموکراتیکی سووریا باس لەوە دەکات کۆڕ و کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە چارەسەرێک بۆ قەیرانی سووریا بدۆزنەوە و هۆشداری دەدات بێت و حکوومەت بە جیدی دەست بە دانوستان لەگەڵ بەرهەڵستکاران نەکات ئەو وڵاتە دابەش دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دیموکراتیکی سووریا دەڵێت ئەگەر بێت و حکوومەتی سووریا بە جیدی دەست بە دانوستان لەگەڵ بەرهەڵستکاران نەکات ئەوا دابەش بوونی سووریا دەبێتە ئەمرێکی واقیع.

ئیلهام ئەحمەد لەو بڕوایەدایە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان کە تایبەت بوون بە چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا بێئاکام ماونەتەوە و شرۆڤەی دەکات: ئەو کۆنفرانسانەی لەمبارەوە پێکدێن دەرەنجامیان شکستە، بەتایبەت کۆنفرانسی جێنێڤ و دواهەم خولەکەی واتە جێنێڤی ٨، تا ڕادەیێک دانیشتنەکانی ئەستانە باشتر بوونە و هەندێک دەستکەوتیان هەبووە بەڵام لە پەنایدا دەرەنجامی نەرێنیشی لێکەوتۆتەوە.

ناوبراو هەر بەم هۆیەشەوە زۆر بە پێویستی دەزانێت حکوومەتی سووریا خۆی بۆ دۆزینەوەی چارەی قەیرانەکە دەست بە کار ببێت و دەڵێت: دانوستانەکان شکستیان هێناوە و هەر بۆیەش پێکدادان و شەڕ درێژەی دەبێت. حکوومەتی سووریا دەبێ بە جیدی بێتە مەیدانی دانوستانەوە و ئەگەر هەر بە عەقڵییەتەکەی جاران درێژە بە کارەکانی بدات ئەوا سووریا دابەش دەبێت و ئێمەش خوازیاری ئەو حاڵەتە نیین.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دیموکراتیکی سووریا لە هەموو هاونیشتمانەکانی خۆی بەتایبەت ئەوانەی خۆیان بە نیشتمان‌خواز، دیموکراتیک و سۆسیالیست دەزانن داوای کرد بەرگری لە وڵاتەکەیان بکەن و هەوڵ بدەن نیزام و سیستەمێکی ناسێنتراڵ و فرەخواز دامەزرێنن.

سەرچاوە: هاوار نیووز

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 9793

Your Comment

You are replying to: .
captcha