چالاکوانی ئێزدی داوای جێبەجێ کردنی رێککەوتننامەی شنگال ده‌كات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- چالاکوانی ئێزدی و رزگاربووی دەستی داعش له‌میانی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، داوایكردووه‌ بە زووترین کات رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم پێشوازیی لە نادیە موراد، چالاکوانی کوردی ئێزدی و رزگاربووی دەستی داعش کرد و بەپێی راگەیه‌نراوی کۆبوونەوەکە، لە دیدارەکەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردۆته‌وه‌، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ لەپێناو کەم کردنەوەی ئازار و مەینەتییەکانی کوردانی ئێزدی، دابین کردنی ژیانێکی شایستە بۆیان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.

مەسروور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، "ئێزدییەکان پێکهاتەیێکی رەسەن و گرنگی گەلی کوردستانن، هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانیی لە داوا رەواکانیان دەکات و سەدان پێشمەرگەش لەپێناو رزگارکردنی شنگالدا شەهید بوون، بۆیە پێویستە دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و ئارامیی بۆ ئەم دەڤەرە بگەڕێتەوە".

به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌، "نادیە موراد وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ژن و کچە رفێنراو و شوێنبزر کراوەکانی کوردانی ئێزدی، ئازادکردنیان و گەڕانەوەی رووفاتی تەواوی قوربانییانی گوندی کۆچۆ، داواشی کردووه‌ بە زووترین کات رێکەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکرێت، ئەوەش لەپێناو سەقامگیربوونی دادپەروەری و ئاشتی لە ناوچەکەدا".

لە دیدارەکەدا هەروەها جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگی کردن لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش - یونیتاد کراوه‌ بۆ بەدیهاتنی دادپەروەریی بۆ قوربانییانی کوردانی ئێزدیی دەستی تیرۆریستانی داعش.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 974

Your Comment

You are replying to: .
captcha