بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم پێشوازیی لە نادیە موراد، چالاکوانی کوردی ئێزدی و رزگاربووی دەستی داعش کرد و بەپێی راگەیهنراوی کۆبوونەوەکە، لە دیدارەکەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردۆتهوه، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ لەپێناو کەم کردنەوەی ئازار و مەینەتییەکانی کوردانی ئێزدی، دابین کردنی ژیانێکی شایستە بۆیان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.
مەسروور بارزانی ئاماژهی بهوهش كردووه، "ئێزدییەکان پێکهاتەیێکی رەسەن و گرنگی گەلی کوردستانن، هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانیی لە داوا رەواکانیان دەکات و سەدان پێشمەرگەش لەپێناو رزگارکردنی شنگالدا شەهید بوون، بۆیە پێویستە دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و ئارامیی بۆ ئەم دەڤەرە بگەڕێتەوە".
بهپێی راگهیهنراوهكه، "نادیە موراد وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ژن و کچە رفێنراو و شوێنبزر کراوەکانی کوردانی ئێزدی، ئازادکردنیان و گەڕانەوەی رووفاتی تەواوی قوربانییانی گوندی کۆچۆ، داواشی کردووه بە زووترین کات رێکەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکرێت، ئەوەش لەپێناو سەقامگیربوونی دادپەروەری و ئاشتی لە ناوچەکەدا".
لە دیدارەکەدا هەروەها جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگی کردن لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش - یونیتاد کراوه بۆ بەدیهاتنی دادپەروەریی بۆ قوربانییانی کوردانی ئێزدیی دەستی تیرۆریستانی داعش.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment