وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئوردن جەخت لە کەم کردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە دەکەنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئوردن بابەتی هەوڵەکان بۆ جێگیر کردنی ئاسایش و ڕێگری کردن لە تەشەنە سەندنی گرژییەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئه‌یمه‌ن سه‌فه‌دی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوردن له‌ کۆنگره‌یێکی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د عه‌لی حه‌کیم وەزیری دەروەی عێراق؛ ڕایگەیاند: "له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی گفتوگۆمان له‌باره‌ی هه‌وڵه‌کان بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی گرژییه‌کان کرد و جه‌ختیش له‌سه‌ر گرنگیی رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ری عێراق ده‌که‌ینه‌وه‌.

ناوبراو وتیشی: هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ڵوێستی ئێمه‌ روون و ئاشکرایه بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی هه‌ڵچوونه‌کان و پشتبه‌ستن به‌ دیالۆگ، له‌پێناو دوورخستنه‌وه‌ی عێراق له‌ هه‌ر گرژیێک و به‌لاوه‌نانی له‌وه‌ی که‌ بکرێته‌ گۆڕه‌پانی ململانێ و ناکۆکییه‌کان"‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوردن گوتیشی: "نامەیێکی له‌ شا عه‌بدوڵڵاوه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق هه‌ڵگرتووه‌، تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی و هه‌وڵدان بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی گرژییه‌کان و گرنگیی شانبه‌شان وه‌ستانی ئوردن له‌گه‌ڵ عێراقییه‌کان، له‌ پێناو پاراستنی سه‌روه‌ری ئه‌و وڵاته‌".

له‌ به‌رامبه‌ریشدا محه‌مه‌د عه‌لی ئه‌لحه‌کیم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق دووپاتی کرده‌وه‌: "عێراق نابێته‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگ و ناکۆکی لایه‌نه‌کان، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هێورکردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌که‌ین و عێراقیش ئێستا له‌ دۆخێکدایه‌ هیچ که‌سێک حه‌سوودیی پێنابات".

محه‌مه‌د عه‌لی ئه‌لحه‌کیم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: "پێشتریش به‌ هه‌ریه‌ک لە لایەنەکانمان راگه‌یاندووه‌ که‌ عێراق نابێته‌ گۆڕه‌پانی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی نێوانیان و جه‌ختیشمان کردووه‌ته‌وه‌، ده‌کرێت کێشه‌کانیان له‌ڕێگه‌ی دیالۆگ و مێزی گفتوگۆوه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن".

وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: "عێراق جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی رێزگرتنی لایه‌نه‌ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ سه‌روه‌رییه‌که‌ی کردووه‌ته‌وه‌ و هه‌میشه‌ هێرشه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی ناو خاکی عێراقیشمان ره‌تکردووه‌ته‌وه‌ و ئیدانه‌مان کردوون".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق دووپاتی ده‌کاته‌وه‌: "دووپاتمان کردووه‌ته‌وه‌، که‌ گرنگه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر هاوکاریی عێراق بکرێت، هه‌روه‌ک شه‌ڕی تیرۆر ته‌نیا پرسێکی عێراقی نییه‌، به‌ڵکوو بابه‌تێکی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تییه‌، ئێمه‌ له‌و باوه‌ڕه‌داین، هه‌ر هه‌ڵچوونێک له‌ ناوچه‌که‌ توانای تیرۆریستان به‌رز ده‌کاته‌وه‌".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 97281

Your Comment

You are replying to: .
captcha