کوردپرێس:
ئەمروڵڵا ئوسلو پڕۆفیسۆری یاریدەدەری زانکۆی ویرجینیای ئەمریکا لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی ئەنیی ئیتاڵیای وتووە ئەردۆغان هەوڵ دەدات بەرپەرچی هەموو ئەو کارانە بداتەوە کە کورد بۆ بونیاتنانی ناوچەی خۆبەڕێوەبەر دەیکات.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی ویرجینیای ئەمریکا گوتیشی ئەردۆغان ساڵی 2012 هەوڵی دا بە پێشکەش کردنی پێشنیازی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە دەنگی کورد بۆ لای خۆی ڕاکێشێت بەڵام دەنگدانی کورد بە پارتی دیموکراتیکی گەلان لە هەڵبژاردنەکانی 2014 و 2015 وای کرد ئەو پارتە کوردییە بچێتە پەرلەمان و پاش ئەوەش ئەردۆغان هەوڵی داوە لە ڕێگەی دەزگای دادی وڵاتەکەیەوە کوردەکان تەمێ بکات و سزایان بدات.
ئەمروڵڵا ئوسلو ئەوەشی زیاد کرد کە پەکەکە لەم ساڵانەی دواییدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو کەمترین جووڵە و ئوپەراسیۆنی کردووە بەڵام بەوەشەوە ئەردۆغان هەوڵی داوە بە سەرکوتکردنی بێسنووری کوردەکان دەنگی نەتەوەخوازانی تورکیا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و ئەم بابەتەش پاش دامەزرانی ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا پەرەی سەندووە.
ناوبراو ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بەشێک لە سەرکوت و سزاکانی ئەردۆغان بەرانبەر بە کورد پاش ئەوە پەرەی سەند کە ئەردۆغان وای بۆ چوو کە ئەمریکا و وڵاتانی خۆرئاوایی نیازیانە کیانێکی کوردیی خۆسەر بۆ کوردی سووریا دابمەزرێنن.
Your Comment