کوردپرێس:
تا پێش ئەکتەوبری 2019 هێزە کوردییەکان لەگەڵ ئەمریکا کۆنتڕۆڵی یەک لە سەر چواری خاکی سووریایان بەدەستەوە بوو بەڵام ئێستا دەسەڵاتیان کورت کراوەتەوە و تەنها لە کێڵگە نەوتییەکانی خۆرهەڵاتی باکووری سووریا حوکم دەکەن. پاش هێرشەکەی مانگی ئەکتەوبری 2019ی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا و ڕێککەوتنی ئەنقەرە و واشەنتن و مۆسکۆ هێزی کوردی سووریا ناچار کران لە هێڵی سنوورەوە بە درێژاییی 400 کیلۆمەتر و قووڵاییی 30 کیلۆمەتر پاشەکشێ بکەن. هێزە ئەمریکییەکانیش دوای ئەم ڕووداوانە مانەوەی خۆی لە سووریا کورت کردەوە بە بوونی سەربازانی ئەمریکی لە کێڵگە نەوتییەکانیخۆرهەڵاتی باکوور کە بەشێکی هەرەگەورەی سامانی سووریایە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا کە فەرمانی جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا دەرکردووە بەردەوام باس لەوە دەکات کە ئێستا ئەمریکا سامانی نەوتیی سووریای بەدەستەوەیە. بەرپرسانی دیکەش دەڵێن کورد لە ڕێگەی ئەم کێڵگە نەوتییانەوە دەتوانێت سەرچاوەی داهاتی خۆی دابین بکات.
لە لایێکی دیکەشەو هەواڵ و ڕاپۆرتەکان لەبارەی بەقاچاخ بردنی نەوت لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانەوە بە دەست دەگات ئەوەش لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە و بەرەو تورکیا. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بۆ تاوتوێ­کردنی ئەم تەوەرانە دیمانەیێکی لەگەڵ ڕەئووف محەمەدۆف کردووە کە چاودێرێکی کەرتی وزەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکات توێژەری ئەنستیتۆتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە.
ئامانجی ئەمریکا لە کۆنتڕۆڵ کردنی ناوچە نەوتخێزەکانی سووریا چییە؟
ڕەئووف محەمەدۆف چاودێری باڵای کەرتی وزە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت ئەمریکا بە کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی خۆرهەڵاتی باکووری سووریا ڕێگری دەکات لەوەی دیمەشق دەستی بەو کێڵگە نەوتییانە بگات.
ڕەئووف محەمەدۆف لەوبارەیەوە بە کوردپرێسی وت: گرینگترین هۆکار بۆ ناردنی هێزە ئەمریکییەکان بەرەو کێڵگە نەوتییەکانی خۆرهەڵاتی سووریا ئەوەیە ڕێگری بکرێت لەوەی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا دەستی بەو کێڵگە نەوتییانە بگات. پاڵاوگە نەوتییەکانی سووریا لە بانیاس و حومس دەکەونە خۆرئاواییترین ناوچەی خاکی سووریا ئەوەش لە کاتێکدایە مادەی خاو و خۆراکی ئەو پاڵاوگە نەوتییانە لە خۆرهەڵاتیترین ناوچەکانی خاکی سووریاوە دابین دەکرێت. ئەم کێڵگە نەوتییانەی خۆرهەڵاتی سووریا بە هێڵی بۆری پێکەوە لکاون. هەر بۆیەش کۆنتڕۆڵی کێڵگە نەوتییەکانی سووریا تا ڕادەیێکی هەرە زۆر لای دژبەرانی بەشار ئەسەد گرینگە.
ئەو توێژەرەی پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیادیشی کرد: لە ئێستادا ئێران تاکە دابینکاری سەرچاوەکانی وزەیە لە سووریا. ئێران لە کاتی سەپێندرانی سزاکانەوە (مانگی ئایاری 2019) ڕێژەی نەوتی هەناردەکراوی سووریا بۆ ڕێژەیێکی بەرچاو بەرز کردۆتەوە.
ڕێککەوتنە نەوتی و گازییەکانی نێوان ڕووسیا و دەوڵەتی سووریا
لەم دواییەدا دەوڵەتی سووریا ڕێککەوتنێکی نەوتی و گازیی لەگەڵ ڕووسیا واژۆ کرد. پرسیاری ئەوە لە ڕەئووف محەمەدۆف کرا کە ئایا ئەو ڕێککەوتنەی سووریا و ڕووسیا ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی کوردیش دەگرێتەوە؟ ناوبراو لە وەڵامدا بە کوردپرێسی وت: ئەو ڕێککەوتنە تەنها بۆ دۆزینەوەی کێڵگەی نوێی نەوت و گازە. دەوڵەتی سووریا ڕێگەی بە کۆمپانیا ڕووسییەکان داوە لە سێ بلۆکی 9 و 12 و 23دا کاری پسپۆڕانە بکرێت بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئەو بلۆکانە لەباری ئابوورییەوە بۆ ئەوە دەسێن کە دەهێنانی نەوتیان لێ بکرێت یان خەیر. ئەو توێژەرە ئەوەشی بۆ کوردپرێس ڕوون کردەوە کە دوو کۆمپانیای مکیۆری و ڤلادا ئەو ئەرکەیان گرتۆتە ئەستۆ کە هیچیان کۆمپانیای خاوەن ناو و ناسراو نین.
بلۆکی ژمارە نۆ لە باکووری دیمەشقە و بە دەست دەوڵەتی ناوەندییەوەیە. بلۆکی ژمارە 12 دەکەوێتە بەری خۆرئاوای ڕووباری فورات و پێشتر بە دەست کۆمپانیای سۆیۆز نەفتی ڕووسییەوە بووە. بەڵام ئەو کۆمپانیایە لە 2015وە کارەکانی خۆی لەو کێڵگە نەوتییە پەک خستووە.
ئیدعای فرۆشتنی نەوتی سووریا بە تورکیا
لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە کراوە کە نەوتی ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە بە قاچاخ دەبرێت و دەفرۆشرێت بە تورکیا. لەم بارەیەشەوە پرسیار لە چاودێری کەرتی وزەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کرا. ناوبراو لە وەڵامدا بە کوردپرێسی گوت: بەڵێ. ئەم بابەتە باسی لێوە دەکرێت. سەرۆککۆماری سووریاش بە ئاشکرا تانەی لەو مەسەلەیە دا و هەنگاوێک سەرتریش چوو و ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە نەوتی سووریا دەدزێت. ڕاستییەکە ئەوەیە کە نەوت تاکە سەرچاوەی داهاتی ئەو بەشەی سووریایە. لەو کاتەشدا کە ئەو ناوچانە بە دەست داعشەوە بوو هەر هەمان کار دەکرا. هەر لەو کاتەدا بوو کە عەشیرەکانی ئەو ناوچانە بە پشتیوانیی میلیشیا خۆجێییەکان کۆمەڵێک ڕێڕەویان دروست کرد بۆ بەقاچاخ بردنی نەوت و ئێستاش لە هەمان ڕێڕەوەکان کەڵک وەردەگیرێت.
ئەگەری ئەوە هەیە کورد، نەوتەکە وەک کارتێکی گوشار بۆ سەر دەوڵەتی ناوەندی سووریا بەکار بهێنێت
دوو خاڵی جێی نیگەرانیی کورد هەیە یەکەمیان مانەوەی هەمیشەییی ئەمریکا لە سووریا و دووهەم هێرشی دوبارەی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریا. ئەو دوو نیگەرانییە بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی کورد هەوڵ بدات لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی دیمەشق دانووستان بکات. لەم دانووستانەشدا کورد مەبەستیەتی وێڕای پاراستنی سەروەری و یەکپارچەییی خاکی سووریا، ڕێڤەبەریی خۆسەریش لە دەست نەدات. ژمارەیێک لە چاودێران بڕوایان وایە کە مەسەلەی نەوت دەبێتە کارتێکی گوشاری کورد بەرانبەر بە دەوڵەتی ناوەندی.
ڕەئووف محەمەدۆف لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی وت: ڕاستە ئەو کەسەی دەسەڵاتی نەوتیی ئەو ناوچەیەی بەدەستەوەیە لە ئایندەدا پاش کۆتاییهاتنی قەیرانی سووریا دەتوانێت لە پرسی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی سووریا وەک کارتی گوشار بەکاری بهێنێت بەڵام لەبەر ئەو هۆکارانەی پێشتر باسم کرد گومان هەیە لەوەی ئەو سناریۆیە ڕوو بدات.
Your Comment