کوردپرێس:
بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق ڕۆژی چوارشەممە 15-1-2020 لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی کرد لە شێخ محەممەد کوڕی عەبدولڕەحمان-ی دووەم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لە دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح جەختی لەوە کردەوە "عێراق هەوڵدەدات ببێتە هۆکاری ئارامی و ناوەندێکی ئاشتی لە ناوچەکەدا، ھاوکات پشتیوانی یەکخستنی هەوڵەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئێستا، بەجۆرێک گەلانی ناوچەکە لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا بژین".
بەرهەم ساڵح هەروەها گوتی: "عێراق نابێتە ناوەندێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و گۆڕەپانێک بۆ جەنگێکی نوێ کە توانا و وزەی گەلان لەبار بەرێت".
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە لە دیدارەکەدا بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و جیھان و چۆنیەتی ئارامکردنەوەی دۆخەکە گفتوگۆی لەبارەوە کرا بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، ھەروەھا جەختکرایەوە لە پێویستی دان بەخۆدا گرتن و پەنابردن بۆ زمانی دیالۆگی ژیرانە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژی و پەرەسەندنەکان.
وەزیری دەرەوەی قەتەر دۆخی ئێستای بە هەستیار ناوبرد و ئاماژەی بە گرنگی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەگەڵ لایەنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان کرد "لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە کە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بپارێزێت".
هەر لە دیدارەکەدا چۆنیەتیی گەشەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و قەتەر گفتوگۆی لەبارەوە کرا، بەجۆرێک "ئەو پەیوەندییانە لە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا بێت".
Your Comment