کوردپرێس:
نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكی درێژدا لەگەڵ (رووداو) باسی پەیوەندیی خۆی و سەردار سولەیمانی، هەروەها پەیوەندیی سەركردایەتیی كورد و ئەو جەنەراڵە و چەند وێستگەیێكی ژیانی خوالێخۆشبووی کردووە.
نازم دەباغ لە دیمانەکەی لەگەڵ ڕووداو باسی کۆبوونەوەیێکی لەگەڵ شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی موحسین ڕەزایی دەکات و دەڵێت: "لەو کۆبوونەوەیەدا باسی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و داعشمان لە هەولێر و مووسڵ كردووە، رەهبەری ئێران پێی خۆش بووە راوێژێكمان هەبێ لەگەڵ ئێوە. دیارە لەوبارەیەوە كۆمەڵێك قسە كرا، بۆچوونی جیاواز هەبوو، كەسانێكی بەهێز و بەتوانا هەبوون لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا بوون كە پارێزگاری لە هەرێمی كوردستان بكرێ، نامەوێ ناوی ئەو كەسانە بهێنم و لەناو ئەو كەسانەدا تەنیا من كورد بووم."
نازم دەباغ گوتیشی بەشێكی هاوكارییەكانی ئێران لە رووی چەك و تەقەمەنییەوە بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی داعش پەیوەندیی بەو كۆبوونەوەیەوە بوو. "چوونكە لە هەرێمی كوردستانیشەوە بەرپرسی باڵای هەرێمی كوردستان ئەو شەوە پەیوەندییان كرد، ئەو بەرپرسانە تەلەفۆنیان بۆ من كرد كە بارودۆخەكە بەكوێ گەیشتووە. من لە كۆبوونەوەكە قسەیێكم كرد، بەڵام بە جۆرێك دیكە قسەكەی من بڵاو كرایەوە. گوایە من گوتوومە ئەگەر پارێزگاری لە هەرێمی كوردستان نەكەن، تەورێز دەبێت بە ئۆردوگایێكی گەورە بۆ ئاوارەكانی كورد، بەڵام گوتم بە دڵنیایییەوە جارێكی دیكە بۆی هەیە گەلی كورد تووشی كۆڕەو ببێ، چوونكە پلانەكە گەورە بوو، بۆ تێكدانی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بوو. بۆ دەركردنی سەركردایەتیی سیاسیی كورد و تێكدانی ئەم تەجروبەیە بوو."
نازم دەباغ لەبارەی یەکەم دیداری لەگەڵ سەردار سولەیمانی بە ڕووداوی وتووە: "یەكەم جار كە بینیم دوای راپەڕین بوو لە ساڵی 1991 ، بەناوی بەرەی كوردستانی ئەو سەردەمە خوالێخۆشبوو كاك سامی عەبدلڕەحمان، كاك قادر قادر، كاك ئەمیر هەبوو، وەزیری پیشەسازی لە كابینەی یەكەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، منیش بەناوی نوێنەرایەتیی یەكێتی و مام جەلال لەگەڵ ئەو شاندە بووم، لە تاران بینیمان. لەو دیدارەدا باسی ئەو شتانەمان كرد كە كورد پێویستی بوو، ئەو كاتە یەكێك لە كێشە گەورەكانمان سووتەمەنی بوو، دەمانویست ئێران هاوكاریمان بكات، هاوكاریش بوون."
نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە تاران دەشڵێت هەماهەنگیی كردووە و بەشداریی كردووە لەو كۆبوونەوانەی كە مام جەلال و نێچیرڤان بارزانی و عادل عەبدولمەهدی هەرسێ پێكەوە چوونە شوێنێك، سەردار سولەیمانییش لە تارانەوە هات. "یەكەم جار لە كوردستان لە مەسیف سەلاحەددین لەگەڵ حاجی قاسم كۆ بوومەتەوە."
نازم دەباغ دەشڵێت حاج قاسم متمانەی تەواوی بە ئەو بووە و ئاوای دەگێڕێتەوە: "قەناعەت بكە سەری ئێشاوە حەبی لە من وەرگرتووە. بە ترسەوە پێمگوتووە ناكرێ خۆم سەرەتا حەبەكە بخۆم؟ گوتی عەیبە ئەو قسەیە چییە دەیكەی، چونكە پیاوێكی وا گەورە كێ ناڵێ تۆ حەبێكی بدەیە نامرێ. متمانەی زۆر بە من هەبوو."
ناوبراو لەبارەی ئەو پەیامانەی لە ئێران و حاج قاسمەوە گەیاندوویەتە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بۆ كاك مەسعوود یەك دوو جار پەیامیم بۆ هێناوە، جارێك راستەوخۆ خۆم بۆم هێنا. جارێكیش لە رێگەی مام جەلالەوە گەیاندم. بۆ كاك نێچیرڤانیش چەندینجار پەیامی فەرمیی حكومەت و كۆماری ئیسلامیم هێناوە. لە رێگای پەیوەندییەكانی دەرەوە و كاك عەبدوڵڵا ئاكرەیی.
نازم دەباغ لەبارەی کاریگەریی سەردار سولەیمانی لەسەر کەسایەتی و لایەنەکانی هەرێم بە ڕووداوی وتووە: پێم وایە كاریگەریی حاجی قاسم لە ئاستێكدا بەسەر هەموو سەركردایەتیی كوردەوە هەبوو، بەڵام بەرژەوەندییەكان زیاتر لەگەڵ یەكێتی بووە، چوونكە مەرزێكی درێژمان هەیە. تۆ حساب بكە 435 كیلۆمەتر مەرزمان لەگەڵ ئێران هەیە. رەنگە لەگەڵ پارتی 15 بۆ 20 كیلۆمەتر بێ، چوونكە ئەمسەری لەگەڵماندا پەكەكەیە و ئەو سەری تا دەگاتە توركیا هەر پەكەكەیە. تەنیا حاجی ئۆمەرانە و باقی دیكە لەگەڵ یەكێتییە، بەرژەوەندیی توركیا لەگەڵ پارتی چەندە بەو ئەندازەیەش بەرژەوەندیی ئێران لەگەڵ یەكێتی هەیە. بەڵام من بۆ مێژوو دەڵێم ئەو لێكدانەوەیەی ئێران بۆ كورد هەیەتی لە نێوان یەكێتی و پارتی، ئەو لێكدانەوەیە مومكینە لایەنێكی دیكە نەیبێ.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێم بەردەوام باس لەوە کراوە کە ئەگەر کۆنگرەی چواری یەکێتی پاش تیرۆرکرانی سەردار سولیمانی ببەسترابا، ئەنجامەکە شتێکی دیکەی لێدەردەچوو و ئەمەش واتا کاریگەریی حاج قاسم لەسەر ئەو پڕۆسەیە زۆر بووە نازم دەباغ لەو بارەیەوە دەشڵێت: "من بڵێم ئێران كاریگەریی لەسەر نەبووە، هەیبووە، هەر وەك چۆن كاریگەریی لەسەر لایەنەكانی دیكەش هەبووە. هێز نییە لە هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییێكی باشدا نەبووبێ لەگەڵ حاجی قاسم و قەرارگەی ڕەمەزان. جا کاریگەرییەکە، رۆڵ نەبوو ئامۆژگاری بوو. لە كێشەی نێوان یەكێتی و پارتی و گۆڕان ماوەیێک كەسە كاریزماكانیان دەشكاند، لەناو یەكێتی یەكدییان دەشكاند و یەكێتی دژی پارتی بوو. لەولا كاك نەوشیروانیان دەشكاند. ئەمە ئەگەر حاجیش لێرە نەبێ خوای ئەو لەسەرمانە. ئەو ئامۆژگارییەی كردم و گوتی تكات لێدەكەم ئەوەی دەمت دەگاتێ رێز بۆ كەسایەتییە كاریزماكانی خۆتان دابنێن، ئەمانە راستە باش و خراپیشیان تێدایە، بەڵام چاكەكەی ئەوەیە بەو كاریزمایەی خۆی بووەتە ئەم پیاوە گەورەیە. بەرامبەر ناحەزەكانتان مەیانشكێنن، ئەمە خۆی ئامۆژگارییێكی زۆر زۆر بە ویژدان و دۆستانەیە بۆ هەموومان. مومكینە رۆڵیشی هەبووبێ لەوەی یەكێتی تا ئێستا بەم شێوەیە ماوەتەوە و دووبەرەكییەك دروست نەبوو كە ناحەزەكانی یەكێتی خەونیان پێوە دەبینی و حەزیان دەكرد ببێتە سەد پارچە."
میدیا کوردییەکان بەردەوام باسی ئەوەیان کردووە کە سەردار سولەیمانی هۆشداری زۆری بە كورد دا كە ریفراندۆم نەكەن، تەنانەت دەنگۆی ئەوە بڵاو بووبووەوە کە حاج قاسم بە سەركردەیێكی وەك كاك كۆسرەتی وتبێت "ئەگەر وازنەهێنی ئەوە دێم بۆ پرسەكەت"، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە تارانکۆی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ئەوەی كاك كۆسرەت راست نییە.
نازم دەباغ هەر لەوبارەیەوە زیادی کردووە: "نەك لەگەڵ من باسی كردبێ. من ئاگاداری هاتنی جەنابی كاك نێچیرڤان بووم بۆ لای حاجی قاسم. بەشداریم لە كۆبوونەوەكە نەكرد، چونكە شاندەكە پارتی بوون، لە فڕۆكەخانە پێشوازیم لێكردن تا شوێنەكەی حاجی قاسم. تەنانەت كاك نێچیرڤان گوتبووی ئەوە بۆ رۆیشت. گوتم نامەوێ شایەت بم لەسەر قسەكان، مومكینە بشزانم چییە. شاندی یەكێتیش كە هاتووە بریتی بووە لە كاك كۆسرەت، مەلا بەختیار، كاك عومەر فەتاح و د.خەسرەو، مەحموود سەنگاوی و خۆشم كە تەرجەمەی قسەكانی كاك كۆسرەتم بۆ حاجی قاسم كرد، ئەوەی من گوێم لێ بووە گوترا ریفراندۆم مەكەن، بەڵێنیشتان دەدەینێ لە جێبەجێكردنی مادەی 140 پشتیوانتان بم، لەوانەیە بڵێن بۆ تا ئێستا پشتیوانمان نەبووی؟ ئەوەش هۆكاری هەبووە، بەڵام بەڵێنتان دەدەمێ دوای ئەو بابەتە، داكۆكیكارێكی سەرسەختتان بم بۆ مافەكانتان لەناو چوارچێوەی عێراق."
نازم دەباغ 21 ساڵە وەك نوێنەری حیزب و پاشان نوێنەری حكوومەت لە ئێرانە. خۆی دەڵێت زۆر جێی متمانەی شەهید سولەیمانی بووە.
Your Comment