هەندێک لایەن لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵن بە ئاڵۆزییەکانی بەغدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شوارن ڕابەر بڕیاردەری ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی دۆخی ئاڵۆزی عێراق وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە کورد هەڵویستێکی یەکپارچەی لەمبارەوە نییە وتی: هەندێک لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵن بە ئاڵۆزییەکانی پێتەختی عێراق چوونکە بەڕای ئەوان هەمبەر هەرێمی کوردستان پێگەیێکی لاوازی دەبێت و هەروەها ئەوەی کە بە هاووڵاتییانی کورد ڕایدەگەیێنن دۆخی ئێمە باشتر لە ناوەندی عێراق، هەرچەند کە خراپتر بوونی دۆخەکە کاریگەریی لەسەر کوردەکانیش دەبێت و کارتێکەریی نەرێنیش لەسەر کوردستان دروست دەکات.

کوردپرێس: ناوەند و باشووری عێراق بووەتە گۆڕەپانی ململانێ سیاسییەکان و دووبەرەکیی جیدی لەنێوان حزبەکاندا کە ئەنجامەکەشی دەست لەکارکشانەوەی دەوڵەت و چاکسازی لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا بوو سەرەڕای دژایەتیی کوردەکان. پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان کە سەرۆک کۆماری دەبوو لە ماوەی 15 ڕۆژدا بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بە پەرلەمان بناسێنێت، تا ئێستا بە هۆی گرفتی نێوان لایەنە سەرەکییەکان و هەروەها ڕەت کردنەوەی چوار کاندیدی هاوپەیمانی بینا لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە و هەروەها ئیرادەی خۆپیشاندەران لە داواکارییەکانیان و مانەوە لەسەر شەقام؛ وڵاتی عێراق تووشی قەیرانێکی پێچەڵاوپێچ بووە کە پێش بینی کردنی داهاتووی ئەو وڵاتەی دژوار کردووە.

لەم نێوانەشدا کوردەکان وەکوو لایەنێکی سەرەکی عێراق، بەرژەوەندی و تێڕوانینی جیاوازیان هەیە. کورد وێڕای ئەوەی کە پشتگیری لە داواکاریی ڕەوای خۆپیشاندەران دەکات نیگەرانە لە هەندێک داخوازیی خۆپیشاندەران. لە لایێکی دیکەوە چاکسازی لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا بەو چەشنەی کە پەسەند کرا قبووڵ ناکات و دەنگی نەرێیی پێدا. هاوکات و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی هاپەیمانیی کوردستانی هێشتا کوردەکان نەیانتوانیوە پێکەوە ڕێککەون و بێ متمانەیی لەنێوان حزبە کوردییەکاندا بە تایبەت لەنێوان حزبە گەورە بچووکەکاندا دەبینرێت.

ئاژانسی کوردپرێس بە ئامانجی شیکردنەوە و تاوتوێ کردنی دۆخی ئێستای عێراق و بەتایبەت هەڵویستی کوردەکان، گفتوگۆیێکی تێروتەسەلی لەگەڵ شوان ڕابەر بڕیاردەری ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ئەنجام داوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:

کوردپرێس: ئێوە چۆن بە پرسی هەڵبژادرنی سەرۆک وەزیرانی نوێدا دەڕوانن کە بووەتە گرێ کوێرەی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و بۆچی تا ئێستا هاوپەیمانییەکان و حزبە سیاسییەکانی عێراق نەیانتوانیوە کۆتایی بەم پرسە بێنن و بەرپرسی ئەم دۆخە کێیە؟

شوان ڕابەر: ئەو بارودۆخەی ئێستا لە عێراق لە ئارادایە بارودۆخێکی خراپ و مەترسیدارە، لە لایێکەوە خۆپیشاندانی جددی و فراوان و لە هەندێک شاری عێراق بەڕێوە دەچێت کە ئەنجامی شێوازی حوکمڕانی کردنی عێراقە بە خراپی کە ڕۆژانە خەڵک دەکوژرێن و زامدار دەبن، لەلایێکی دیکەوە کێشەکان لەنێوان حەشدی شەعبی و ئەمەریکا هاتۆتە ئاراوە کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت چاوەڕوانی خراپی لێدەکرێت. لەلایێکی ترەوە ئەمەریکا ئێستا بەرنامە و بەرژەوەندیی وایە شیعە لە عێراق لاواز و قەبارەدار بکات کە ئەمەش لای شیعە قبووڵکراو نییە چوونکە دەسەڵاتدارن. بەهەر حاڵ ئەو بارودۆخە بوو بە هۆی ئەوەی کە عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست لەکار بکشێتەوە کە چی تا ئێستا ئەو هەوڵەیش دۆخەکەی نەگۆڕیوە و هەوڵەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ بێ ئەنجام ماونەتەوە.

خۆپیشاندەران داوایان توند و زۆرن، زۆربەی کاندیدەکان قبووڵ ناکەن و کاندیدە پێشنیار کراوەکان ڕەت دەکەنەوە و داوای کەسێکی بێ لایەن دەکەن کە پێشتر پۆستی نەبووبێت ئەوەیش لە عێراق لەنێو حزبەکان ئەستەمە بدۆزرێتەوە.

لەبەر ئەوەی کە بارودۆخەکە هەندێک خراپ و توندە حزبە براوەکان وەکوو جاران خۆیان لە دەسەڵاتی (سەرۆک وەزیران) ناکەنە خاوەن و ناوێرن ئەم دەسەڵاتە وەربگرن نەکا لەسەریان بکەوێتەوە.

ئێستاش بەدیلێکی چاک و بەهێز نییە بۆ عادل عەبدولمەهدی. ئێران و ئەمەریکاش لە گۆڕانکارییەکان دەترسن و کێشەی زیاتر دروست دەبێت بۆیە زۆر تەئیدی گۆڕانکارییەکان ناکەن.

پەرلەمانیش کە دەزگای یاسادانەرییە لە بەر خراپیی بارودۆخەکە ناتوانێت لەگەڵ سەرۆک کۆمار بە یاسا و لە کاتی خۆی پرسەکە یەکلا بکەنەوە بۆیە کێشەکە ئاوا ماوەتەوە.

بەشێوەی فەرمی سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران بەرپرسیارن لە یەکلاکردنەوەی ئەم دوسیەیە، بەڵام ئەگەر یەکێکی تریش دابنرێت لەوانەیە کێشەکە توندتر بێت.

کوردپرێس: بە ئاوڕدانەوە لە درێزەی خۆپیشاندانەکان و قەیرانی سیاسی لەعێراق و سەرکەوتوونەبوونی هەوڵەکان بۆ هەڵبژادرنی سەرۆک وەزیرانی نوێ، پێش بینیی ئێوە لە داهاتووی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق چییە؟

شوان ڕابەر: خۆپیشاندانەکان لە ئەنجامی خراپکاری و گەندەڵی و ناعەدالەتی حوکمڕانی هاتوونەتە ئاراوە و هیچ بەرنامە و ئیرادە و نیەتێکیش بۆ چاکسازی و حۆشگوزەرانیی خەڵک لە ئارادا نییە، بۆیە جارێ خۆپیشاندانەکان بەردەوام دەبن. ئەگەر کوشتاری زیاتر بکرێت بارودۆخەکا زیاتر دەشێوێت و لە ئەنجام ئەوەدا خەڵک لە کارکردن دەکەوێت کێشە و هەژاری و نەداری زیاتر سەهەڵدەدەن بۆیە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزتر بوون دەڕوات. لە چەند ساڵی ڕابردوودا بارودۆخێک لە عێراق دروست کراوە کە پڕە لە ناحەقی و ناعەدالەتی و گەندەڵی و خراپکاری، پێم وایە چارەسەر نابێت و هاووڵاتییانیش چیکە قبووڵ ناکەن.

کوردپرێس: ئاکاری سەرۆک کۆماری عێراق لەم قۆناغەدا چۆن دەبینن؟

شوان ڕابەر: سەرۆک کۆماری عێراق بە ئاقڵانە و بە لەسەرخۆ هەنگاو دەنێت ئەدای باش بووە بەڵام لە ئاستی چاوەڕونیدا نییە هۆکارەکەی ئەمەیە کە کوردە و وەکوو پێویست گوێی لێ ناگیردرێت و مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت. دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە و خەڵکەکە زۆر توند و ناڕازییە بە هەموو کاندیدێک تاکوو سەرۆک کۆماریش زوو بە دەستوور پرسەکە یەکلا بکاتەوە و کێشەکە چارەسەر بکات بۆیە قەیرانی ئێستا ئەنجامی کۆتایی سەرۆک کۆماری نییە بەڵکوو ئاڵۆزی و کێشەی زۆری بارودۆخەکەیە.

کوردپرێس: هەڵویستی حزبە کوردستانییەکان لەبارەی دەست نیشان کردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ چۆن دەبینن؟

شوان ڕابەر: تا ئێستا هەندێک لایەنی کوردی لەگەڵ مانەوەی عادل عەبدولمەهدی-دان بەڵام تازە کارەکە لەق بووە لەوانەشە هەر بە ناچاری داوا لەناوبراو بکەنەوە لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە. بەهەر حاڵ ئەوە کاری کوردستان نییە لایەنە کوردییەکان ناتوانن ڕۆڵی سەرەکییان لەو پرسە لە بەغدا هەبێ. هەندێک لایەنیش پێیان خۆشە بارودۆخەکە خوار و خراپ بێت تا بەغدا لە کوردستان بێ ئاگا بێت و لاواز بێت یا بە خەڵک کوردستان بڵێن بارودۆخی ئێمە لە ناوەند باشترە. هەرچەند بارودۆخی خراپ لە ئەنجامدا کاریگەریی دەکاتە سەر کوردستان.

کوردپرێس: ئایا کورد لەبارەی گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی عێراق یەک هەڵویستن؟

شوان ڕابەر: نەخێر، هەڵویستی کورد هاوبەش نییە سەبارەت بە بارودۆخی بەغدا و سەرۆک وەزیران. بەڵکوو هەر لایەنێ و بەپێی بەرژەوەندیی خۆی هەڵسوکەوت دەکات.

کوردپرێس: ئێوە قایل بە سیاسەت و هەڵویستی هاوبەشی حزبە کوردستانییەکان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی عێراق و لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ هەن؟

شوان ڕابەر: لەبەر ئەوەی کە لایەنەکانی تر (حزبە بچووکەکانی هەرێم) شارەزای سیاسەتن و ئەزموونی ڕابردوویان هەیە و دەزانن پارتی و یەکێتی دەسەڵاتی کوردستان بۆ مەرامی کاتیی خۆیان بەکار دێنن و دواتر پشتیان لێدەکەن و پرسیان پێناکەن و هەروەها بەشدارییان پێناکەن و بێ بەشیان دەکەن؛ بۆیە لایەنەکانی تریش متمانەیان نەماوە و وەکوو پێویست وەڵامیان نابێت.

کوردپرێس: مەرجەکانی کورد بۆ پشتگیری لە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق چین؟

شوان ڕابەر: کورد تا ئێستا لە نێو خۆ لەبارەی سەرۆک وەزیرانی نوێ ڕێکنەکەوتووە وەلێ بەشێوەیێکی گشتی کوردستان داوا لە سەرۆک وەزیرانی نوێ دەکات:

1- ئەو دەستوورەی هەیە جێبەجێ بکرێت و هەموار نەکرێتەوە.

2- کێشەی ناوچە کێشەلەسەرەکان چارەسەر بکرێت.

3- کورد بگەڕێتەوە شوێنەکانی خۆیان.

4- چیدیکە هیچ ناوچەیێکی دیکە داگیر نەکرێت.

5- ئاوارەکانی عێراق بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.

6- پەیوەندیی کوردستان و بەغدا باشتربکرێت.

7- بەغدا بە باشی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات.

8- بەغدا هەموو ماف و شایستەکان بە هەرێمی کوردستان بدات.

کوردپرێس: بۆچی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێانی هاوپەیمانیی کوردستانی لە بەغدا بێ ئەنجام مایەوە؟

شوان ڕابەر: هەوڵی جیدی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی کوردستانی لە بەغدا دەدرێت، ئەویش تا ئەو کات و شوێنە کە لە بەرژەوەندیی خۆیانە و لەوەبەولاوە لایان ئاساییە هاوپەیمانی هەبێت یان نەبێت بۆیەش لایەنەکانی تریش هێندە لەگەڵ هاوپەیمانێتییەکەدا هاوسۆز و هاودڵ نین.

کوردپرێس: پێش بینی ئێوە لەبارەی داهاتووی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر- بەغدا لەسەر بوودجە و نەوت چییە؟

شوان ڕابەر: ڕێککەوتنێکی باشە، خۆزگە کوردستان و بەغدا تەواو لەسەر هەموو شتێکیتر ڕێکدەکەوتن، پەیوەندییان باشتر دەبوو. ئەسڵ ئەوەیە نێوان هەولێر و بەغدا زۆر باشتر بێت خەڵکیش سوودی لێوەردەگرن؛ ئاڵۆزی خراپە.

هەردوولا سەیری بەرژەوەندی و بەهێزییان دەکەن هەردوو لایەنەکە بەهێز بن زۆر باشتر دەبێت، ئەگەر لایەنێک لاواز ببێت لەوانەیە ڕێککەوتنەکە هەڵبوەشێتەوە و ڕێککەوتنی تر لە ئارادا بێت. بەڵام بەهەر حاڵ پێم وایە ئەگەر هەولێر نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، بەغداش بوودجە ڕادەستی هەولێر دەکات بەڵام هێشتا نەچۆتە خانە و چوارچێوەی کردار. بارودۆخی ئێستای عێراقیش ڕۆڵی خۆی دەبینێت کە ئاخۆ خراپتر دەبێت یان نا، ئایا سەرۆک وەزیرانی نوێ بەو ڕێککەوتنە ڕازی دەبێت یان نا هەموو ئەمانە کار لەسەر مەسەلەکە دەکەن.

کوردپرێس: پەرلەمانی عێراق سەرەڕای دژایەتیی کوردەکان هەمواریی یاسای هەڵبژادرنی پەسەند کرد، ئەو چاکسازییە چ گۆڕانکاریێک دروست دەکات و ئەنجامەکەی بۆ کورد چییە؟

شوان ڕابەر: یاسای نوێی هەڵبژادرنەکانی عێراق کۆمەڵێک شتی خراپی تێدایە و نیاز و مەبەستی قۆرخکاری و لاواز کردنە. یاساکە ئازادی و ماف و دادگەری ڕاستەقینە پێشێل دەکات. ئەم یاسایە زیاتر لە بەرژەوەندیی حزبە گەورەکانە و زیان بە ماف و شایستەیی حزبە گچکەکان دەگەیێنیت. لایەنەکان بە دوای ئەوەدان کە لە هەمواریی دەستووردا بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەدەست بێنن کە ئەمە خاڵێکی نەرێنییە. چوونکە مەسەلە ئەمەیە کە لە ڕێگەی یاساوە ئازادی و مافی هەردوولا دابین بکرێت نە ئەوەی کە یاسا بکرێتە ئامێرێک بۆ پێشێل کردنی ئەم مافە و دابین کردنی بەرژەوەندیی حزبەکان.

دیمانە: حەسەن ساڵحی بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 97251

Your Comment

You are replying to: .
captcha