کوردپرێس:
ڕۆژی سێشەمە 24ی بەفرانباری 1398 بەرانبەر بە 14ی کانوونی دووهەمی 2020 حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران کاردانەوەی توندی بەرانبەر بە مکانیزمی ماشە پیشان دا کە ئەورووپییەکان لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێرانەوە کارایان کردۆتەوە.
فەلاحەت پیشە لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی "خانە ملت" ئێرانی وتووە با ئەورووپییەکان و هەموو جیهانیش باش بزانن کە نائەمن کردنی جیهان کارێکی زۆر دژوار نیە بۆیە باشتر وایە واز لە باسی سەربازی بهێنن.
ئەو ئەندامە کوردەی پەرلەمانی ئێران ئەوەشی زیاد کرد کە ئەگەر بێتوو گوتاری سەربازی زاڵ ببێت ئەوا ئێرانیش پەردە لەسەر پڕۆژەی مووشەکی شەهابی 4 لا دەدات و هەواڵی ناخۆش و خراپ دەگاتە گوێی ئەورووپییەکان.
شایانی باسە ئەمڕۆ سێشەمە 24ی بەفرانباری 1398 بەرانبەر بە 14ی کانوونی دووهەمی 2020 سێ وڵاتی ئەورووپیی ئەندامی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا) لە بەیانێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند مکانیزمی ماشە بەرانبەر بە ئێران کارا دەکەنەوە.
میکانیزمی ماشە بریتییە لەوەی، ئەگەر لە قۆناغێکدا یەک لە ئەندامانی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران ناکۆک بوون لە سەر دەقی ڕێککەوتنەکە ئەوا دیکەی ئەندامان هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکە بەڵام ئەگەر لە توانای ئەنداماندا نەبوو ناکۆکییەکە چارە بکەن ئەوا بە هاوبەشی سکاڵا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرز دەکەنەوە.
بەو پێیەش ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەک مانگ دەرفەت دادەنێت بۆ ئەوەی ناکۆکییەکە لە نێو ئەندامانی ڕێککەوتنەکەدا یەکلا بێتەوە. ئەگەر پاش یەک مانگ هیچ ڕێککەوتنێک نەهاتە ئاراوە ئەوا بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سزا ئابووری و سەربازییەکان دەگەڕێندرێتەوە سەر ئێران و دۆخەکە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ناسراو بە "بەرجام".
خاڵی تێبینی ئەوەیە کە لە ڕێککەوتنی واژۆکراودا وڵاتی هاوپەیمانی ئێران واتا ڕووسیا بەشدارە و کاراکردنەوە مکانیزمی ماشە پێویستی بە کۆدەنگیی ئەندامان دەبێت و ئەگەر تەنانەت یەک ئەندامیش ناڕەزا بێت دیکەی ئەندامان ناتوانن ئەو مکانیزمە کارا بکەنەوە.
Your Comment