بەغدا لیژنەیێک بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی 16هەزار و 420 بێ سەروشوێن پێکدێنێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند حکوومەتی عێراق لیژنەیێکی ناوەندیی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی ١٦ هەزار و ٤٢٠ بێسەروشوێنی سەردەمی رژێمی بەعس.

کوردپرێس: لە میانەی کۆبوونەوەکانی خولی ١١٨ـەمینی تیمی کاری پەیوەست بە بێسەروشوێن بووانی زۆرەملێی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، کە لە جنێڤ بەسترا، داوا لە حکوومەتی عێراق کراوە کە زانیاریی تەواویان پێ بدات دەربارەی چارەنووسی ١٦٤٢٠ کەسی بێسەروشوێنی سەردەمی رژێمی بەعس، کە زۆربەیان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانن.

لەلایەن خۆیەوە حکوومەتی فیدراڵ لیژنەیێکی ناوەندەیی پێکهێناوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەندامە لەو لیژنەیە بۆ بەدواداچوونی کەیسەکان و یەکلا کردنەوەیان و ئەو کەیسانە دەگەڕێنەوە بۆ پێش پەسەند کردنی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە پاراستنی کەسەکان لە بێسەروشوێن بووانی زۆرەملێ لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پێکهێنانی لیژنەی ناوبراو و چارەنووسی ئەو ١٦٤٢٠ بێسەروشوێنانە، رایگەیاند: "حکوومەتی فیدراڵی لیژنەیێکی ناوەندیی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە کە نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم ئەندامە لەم لیژنەیەدا بە مەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتێک دەربارەی چارەنووسی ١٦٤٢٠ بێسەروشوێنی سەردەمی رژێمی بەعس و پێشکەش کردنی بە تیمی کاری پەیوەست بە بێسەروشوێنانی زۆرەملێی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی کەیسەکان رووداوەکان و لە ئێستادا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم بەدواداچوونیان بۆ دەکەین بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی لیژنەی ناوەندیی حکوومەتی فیدراڵەوە راپۆرتێک پێشکەش بە تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بکرێت".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر ئەو کەیسانە کە لەلایەن تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان باس کراون و زیاتر گوتی: "لە سەردەمی رژێمی بەعس سەدان هەزار هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بە شێوازی جیاجیا بێسەروشوێن کراون و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و ئەو کەیسانەی کە تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان باسیان لێدەکات بەشێکی زۆر کەمن بە بەراورد بەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دراون.

لە ساڵانی 1980 تاکوو 2010 بە رێگای جیاجیاوە چەندین سکاڵا پێشکەش بە تیمی کاری نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە بێسەروشوێنانی زۆرەملێ کراوە لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و خاچی سووری نێودەوڵەتی یان لەلایەن کەسوکاریانەوە بۆ زانینی چارەنووسیان، ئەو کەیسانەی کە تایبەتن بە عێراق ژمارەیان ١٦٤٢٠ دەبێت، کە بەشی زۆریان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانن و لە پرۆسەکانی ئەنفالی بارزانییەکان و بادینان و هەڵەبجە بێسەروشوێن کراون و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە، تیمی کاریی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە بێسەروشوێنانی زۆرەملێ بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە رێگای ئەو لیژنە ناوەندییەوە کار دەکات بۆ یەکلایی کردنەوەیان بە تایبەتی لە بابەتی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاریان، چوونکە لە رووی یاساییەوە حکوومەتی ئێستای عێراق میراتگری حکوومەتەکانی پێش خۆیەتی و هەر پابەندبوونێکی یاسایی بکەوێتە سەری، پێویستە جێبەجێی بکات".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "تیمی کاریی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1980 لەلایەن لیژنەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە و لە ژمارەیێک پسپۆڕی سەربەخۆ پێکهاتووە، بەدواداچوون دەکات بۆ کەیسەکانی بێسەروشوێنانی زۆرەملێ لەو وڵاتانەی کە رێککەوتننامەی نەهێشتنی بێسەروشوێننی زۆرەملێیان پەسەند کردووە، تا ئێستا تیمی ناوبراو کاری لەسەر 50 هەزار حاڵەت کردووە لە زیاتر لە ٨٠ وڵات و بەپێی پێویست کۆبوونەوەکانی خۆی ئەنجام دەدات، بە ئامانجی زانینی چارەنووسی قوربانیان بۆ کەسوکاریان بە تایبەتی ئەوانەی سکاڵایان پێشکەش بە تیمی کاری پەیوەست بە بێسەروشوێنانی زۆرەملێی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 97234

Your Comment

You are replying to: .
captcha