کوردپرێس:
لەیلا گیوڤەن نوێنەری جۆلەمێرگ لە پشکی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا (HDP) لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە دواپێشهاتی ناوچەکە کردووە و دەڵێت: ئێستا زۆر ڕووداوی گرینگ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو دەدات. ناوچەیێکی وەک خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تەژییە لە سامانی ژێرزەوی بەڵام بە هۆی سیاسەتەکانی زلهێزانەوە بۆتە دەریای خوێن. ڕۆژ نیە تەقینەوە لە ئەم لا و ئەو لای ناوچەکە ڕوو نەدات. ساڵانێکە سەرقاڵین بە خەباتکردنەوە.
بە گوێرەی نووسراوی ئاژانسی هەواڵی Mezopotamya لەیلا گیوڤەن لە وتەکانی خۆیدا ئاماژەی بە عەبدولحەمید گویل وەزیری دادی تورکیا کردووە وتوویەتی: "بەئازادکردنی عەبدوڵڵا ئوجەلان ئەم تاوانە کۆتایی پێبهێنن. ئوجەلان دەبێت وەک هێمای ئیرادەی کورد بێتەوە ناو گەل و مەسەلەی کورد چارەسەر بکات. ئوجەلان دەبێت وەک نێڵسن ماندێلا ئازاد بکرێت. پڕۆژەی کوردی یەکلا بکرێتەوە و کۆتایی بە ئوپەراسیۆنە سەربازییەکان بهێنرێت."
ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد: "ساڵی 2020 ساڵی کوردەکان دەبێت. بە قەناعەتی من لە سەدەی 21 دا مەسەلەی کورد یەکلا دەبێتەوە. هەر بۆیەش داوا دەکەم بە ئازادکردنی ئوجەلان ڕێگە بدەن ئاشتەوایی بگەڕێتەوە بۆ ئەم وڵاتە."
Your Comment