کوردپرێس:
لە راگەیەندراوێكدا، جووتیار عادل وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی وتەکانی سەید حەسەن نەسروڵڵای دایەوە و لە هەڵوێستێکی تونددا ڕەخنەی لەو وتانە گرت.
دەقی وتەکانی وتەبێژی حکوومەتی هەرێم لە وەڵامی سەید حەسەن نەسروڵڵا:
"پێمان سەیرە کە بەدەنگێکی لەرزۆک و شێوازێکی هەرزەکارانە، هێرش دەکەیتە سەر هەرێمی کوردستان و رێبەری نەتەوەیێک. تۆ کە چەندین ساڵە رەنگی خۆرت نەبینیوە و لە ژێر زەوییەکان خۆت حەشار داوە، کەچی ئیهانە و سووکایەتی بە گەلێکی قارەمان دەکەی. لە جیاتیی ئەو هێرشە نابەجێیە، هەق بوو داکۆکی لەو نەتەوە ژێردەستە بکەی کە چەندین ساڵە ستەم و زۆرداریی لێ دەکرێت."
ئەوە هێزی پێشمەرگە بوو، هەولێر و کوردستانی پاراست نەک خەڵکی تر. لە گەڵ ئەوەشدا ئێمە سوپاسی هەموو کەسێکمان کردووە کە یارمەتیی ئێمەیان داوە، بەڵام ئەو کەسەی کە گوایا نوێنەری ئێوە بووە و لە کاتی سەردانی بۆ لای بارزانی بەشدار بووە، دەبێت هەر هەمان کەس بێت لە گەڵ هاوچەشنەکانی خۆی، لە رۆژانی 16 و 20 و 26 ئۆکتۆبەری 2017 ئامانج و خەونی داگیرکردنی کوردستان بوو، بەڵام لە بەرامبەر خۆراگرى و بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگەدا، لەرزۆکانە و سەرشۆڕانە سەریان لە بەرد دا و خەونەکانیان لە گۆڕنرا.
تۆ کە لە ترسی نەیارەکانت ناوێری سەر هەڵبڕی، بۆ شەڕ بە نەتەوەیێک دەفرۆشی کە هیچ پەیوەندییەکی بە تۆوە نییە. سەرۆک بارزانی رەمزی خۆڕاگری نەتەوەیەکە و تۆی ترسنۆک زۆر لەوە بچوکتری ئەو زماندرێژییە بکەی."
سەید حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنانی ڕۆژی یەكشەممە 12ی کانوونی دووهەمی 2020 لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێكیدا بەهۆی تێپەڕینی هەفتەیێک بەسەر تیرۆرکرانی سەردار قاسم سولەیمانی و هاوڕێیانی دیكەی لە هێرشێكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا، ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا مەسعوود بارزانی بەهۆی هێرشی داعشەوە داوای یارمەتیی لە حاج قاسم کرد، حاج قاسم گەیشتە هەولێر و چەند برادەرێکی حیزبوڵڵای لوبنانیشی لەگەڵ بوو. ئەو برادەرانە بە منیان گوت کاتێک گەیشتینە لای مەسعوود بارزانی، بینیمان بارزانی لە ترسان دەلەرزێت."
Your Comment