کوردپرێس:
سەید حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنانی ڕۆژی یەكشەممە 12ی کانوونی دووهەمی 2020 لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێكیدا بەهۆی تێپەڕینی هەفتەیێک بەسەر تیرۆرکرانی سەردار قاسم سولەیمانی و هاوڕێیانی دیكەی لە هێرشێكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا، ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا مەسعوود بارزانی بەهۆی هێرشی داعشەوە داوای یارمەتیی لە حاج قاسم کرد، حاج قاسم گەیشتە هەولێر و چەند برادەرێکی حیزبوڵڵای لوبنانیشی لەگەڵ بوو. ئەو برادەرانە بە منیان گوت کاتێک گەیشتینە لای مەسعوود بارزانی، بینیمان بارزانی لە ترسان دەلەرزێت."
هەر سەبارەت بەو وتانەی نەسروڵا لەمیانی پەیامێكیدا بۆ مەسعوود بارزانی، سەرۆكی پارتی دێموكراتی كوردستان و سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "هیوادارم مەسعوود بارزانی سوپاسی كارەكانی سولەیمانی بكات و هاوكارییەكانی یاد بێتەوە كە لەكاتێكدا داعش هاتە سنوورەكانی كوردستانی عێراق هاوكاریی ئەو ناوچەی كرد".
ئەمینداری حیزبوڵڵا زیادیشی کرد: "وەڵامدانەوەی شەهیدکردنی سولەیمانی تەنها بە یەك چالاكی ئەنجام نادرێت بەڵكوو رێگەیێكی دوورودرێژە تێیدا ئەمریكا لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێتە دەرەوە".
نەسروڵڵا ئاماژەی بەوەش كرد "سولەیمانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی رێكخراوی تێرۆریستیی داعش و ئازادكردنی باشووری لوبنان و تەواوی خاكی عێراق-دا رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە، وەڵامدانەوەش سەبارەت بە شەهیدکرانی قاسم سولەیمانی تەنها یەك هەنگاو نابێت و هێرشەكان بۆ سەر سەربازگەی عەین ئەسەد راستی هێزی سەربازیی ئێران دەردەخات و پەیامێكی بەهێزە بۆ سەرجەم ئەوانەی دەیانەوێت دژ بە ئێران هاوكاری ئەمریكا بكەن".
ئەو سەركردەیەی حزبوڵای لوبنانی راشیگەیاند، لە جەنگی دژ بە داعش، شەهید سولەیمانی لە عێراق و سووریا رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە و وتی "رێكخراوی چەكداریی داعش دروستكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانە و لە لایەن چەند وڵاتێكی ناوچەكەوە پشتیوانیی لێدەكرێت، بەڵام سولەیمانی لە عێراق فەرماندەیێكی سەرەكیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو رێكخراوە بوو".ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد: "لەپاش ئێران، عێراق یەكەمینە بۆ وەڵامدانەوەی تیرۆرکرانی سەردار سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس".
لە درێژەی وتەكانیدا ئاماژەی بەوەش كرد "پێویستە لەسەرمان لەوەتێبگەین، واشنتن هەوڵی ئەوە دەدات هەڵوێستە مێژویییەكەی بەغداد سەبارەت بە كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان دوابخات".
Your Comment