کوردپرێس:
باز ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی دەروازەی سێمێلکا- فیشخابور راگەیاند، نزیکەی چوار هەزار و (٥٠٠) کۆچبەر لەکامپی بەردەڕەشی هەرێمی کوردستانەوە گەڕاونەتەوە بۆ شارو شارۆچکەکانی کوردستانی سووریا و گەڕانەوەی ئاوارەی دیکەش بەردەوامە.
لەگەڵ هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا هەزران هاووڵاتی لەسەر خاکی خۆیان ئاوارە بوون و بەشێکیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد.
دواتر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژاڤا) کامپێکی بۆ ئاوارەکان کردەوە، سەرەڕای بەردەوامیی هێرشەکانی تورکیا، ئەو ئاوارانە لە هەرێمەوە گەڕانەوە بۆ کوردستانی سووریا.
بەپێی ئامارێکی ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەشی حکوومەتی هەرێم تاکۆتاییی مانگی رابردوو (19) هەزار هاوڵاتی رۆژئاوا ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، ئەوەش بەهۆی لەشکرکێشییەکەی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی بۆ سەر کوردستانی سووریا.
بەپێی ئامارەکەی ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەشی حکوومەتی هەرێم ژمارەی ئاوارەکانی کوردستانی سووریا لەسەرەتای ئەو هێرشانەوە ژمارەیێکی زۆری هاووڵاتییانی کوردی سووریا ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و هاتوونەتە هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان (١٩) هەزار کەسی تێپەڕاندوە.
تێکڕای ئەو ئاوارانە لەهەرێمی کوردستان ژمارەیان دەگاتە (226) هەزار کەس ، ئەوانەش تەنها لەڕێگەی دەروازەی سمێلکای نێوان هەرێم و کوردستانی سووریاوە هاتوونەتە هەرێم.
لەگەڵ ئەوەی هەزاران کوردی سووریا گەڕاونەتەوە بەڵام ناتوانن بچنە شوێنەکانی خۆیان و لەکەمپەکاندا نیشتەجین کەئیدارەی بەڕێوەبەری خۆسەر بەم دواییانە کردوویەتیەوە بۆ ئەوانەی کە لە مەینەتییەکانی شەڕ هەڵهاتوون.
ئەوەش لەکاتیکدایە هێشتا سوپای تورکیا و بریکارە توندڕەوەکانی بەرەوامن لەهێرش و پەلاماردانی شارو گوندەکانی کوردستانی سووریا ناوبەناو لە رێگەی بۆردوومانەوە تەنگ بەخەڵکی ناوچەکە هەڵدەچنن.
Your Comment