کوردپرێس:
ڕۆژی یەکشەمە 22ی بەفرانباری 1398، عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بەشداریی ڕێوڕەسمی ماتەمینی دوو قوربانیی ڕووداوی تێکشکانی فڕۆکە ئوکراینییەکەی کرد و لە ڕێوڕەسمەکەشدا وتارێکی پێشکەش کرد.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەبارەی ڕووداوی داکەوتنی فڕۆکە ئوکراینییەکە ڕایگەیاند: ڕاستە ئێران درەنگ مەسەلەی تێکشکانی فڕۆکەکەی بە مووشەکی ئێران ڕاگەیاند بەڵام مەبەست شاردنەوەی ئەو مەسەلەیە نەبوو بەڵکوو هۆکار ئەوە بوو کە کۆی داتا و زانیارییەکان کۆ بکرێتەوە و ئەوسا هۆکارە سەرەکییەکە بە هەموو وردەکارییەکەیەوە ئاشکرا بکرێت.
عەلی شەمخانی گوتیشی هێزی چەکدار و سوپای پاسدارانی ئێران ماوەی 41 ساڵە پارێزگاری لە ئاو و خاک و گیانی هاووڵاتییان دەکات و ئەو ئەرکەی خۆی بە باشترین شێوە ڕادەپەڕێنێت.
ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد زۆر تێبینی و زەروورەت لێرەدا حوکمی دەکرد کە هۆکاری داکەوتنی فڕۆکە ئوکراینییەکە زۆر بخایەنێت. نموونەی هەستیارییەکانیش بریتین لە ئەگەری هێرشی چاوەڕوواننەکراوی دوژمنان و ئەگەری هاککرانی سیستەمەکان یان خود مەسەلەی نفووز.
شایانی باسە دەمەوبەیانی ڕۆژی شەمە 21ی بەفرانباری 1398 بەرانبەر بە 11ی کانوونی دووهەمی 2020 ئەرکانی هێزی چەکداری ئێران لە بەیانێکی فەرمیدا ڕایگەیاند فڕۆکەی گەشتیاریی ئوکراین لە جۆری بویینگ 737 کە کاتژمێر 6 و 18 خولەکی بەیانی لە نزیک فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران کەوتە خوارەوە بە مووشەکی سوپای پاسداران کەوتۆتە خوارەوە.
Your Comment