تورکەکانیش تەڤڵی هەدەپە دەبن/ چەند بەرەکیی ئایدۆڵۆژی لە کوردستانی تورکیا پڕۆژەی حکوومەتە

بەشی تورکیا- دوکتور ماجد خەلیل دەڵێت: پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) پلانێکی بە تەواومانا دیموکراتیک و ئازادیخوازانەی هەیە کە ئەگەر بە دروستی و بە باشی بناسێندرێت تەنانەت تورکەکانیش تەڤڵی ئەم حزبە دەبن.

دوکتۆر ماجد خەلیل مامۆستای بەشی مێژووناسیی زانستگای سلێمانی شرۆڤەکاری تاریخی بزووتنەوەی کوردە. ناوبراو بە تایبەت لەبواری مێژووی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و دیکەی بزووتنەوە سیاسی و چەکدارانەکانی کوردەکانی تورکیا لێکۆڵینەوەی کردووە و کتێب و وتاری زۆری لەمباروە بڵاو کردۆتەوە یان وەریگێڕاوەتەوە.

دوکتۆر ماجد خەلیل لە دیمانەیێکی تێروتەسەلدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپرێس لە ڕوانگەی تاریخەوە دۆخی ئێستای کوردانی تورکیا و پێگەکەیان لە سیاسەتی دەوەری تورکیا شی دەکاتەوە و باسی خاڵی زۆر سەرنج ڕاکێش دەکات هەروەها لە پەراوێزی گفتوگۆکەدا تیشک دەخاتە سەر پرسی کوردی سووریا.

دەقی دیمانەکە بخوێنەوە:

کوردپرێس: تورکیا ئیدیعا دەکات لەگەڵ کورد دوژمنایەتی نییە، تەنانەت سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە دەڵێت تورکیا کێشەی لەگەڵ کورد نییە، کێشەکە لەگەڵ پەکەکە-یە، ئەم ئیدیعایە تا چەند ڕاستە؟

دوکتۆر ماجد خەلیل: ئەمەی کە دەوترێت تورکیا گرفتی لەگەڵ بوونی نەتەوەی کورددا نییە، شتێکی بێ بنەمایە، ئەردۆغان لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا کاتێک کە بانگەشەی کردووە بۆ کەمەندکێش کردنی دەنگی کوردەکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (لە ئانادۆڵۆ)دا واتا لە ناوچە کوردییەکاندا و هەروەها لە نێو کوردانی شاری ئەستەمبۆڵدا کە هەمیشە ڕێژەیێکی زۆری یەکلاکەرەوە بوون بەتایبەتی لە کۆتا هەڵبژاردندا بۆ خۆیان بە دۆکیومێنت و بەڵگەوە جەختیان کردۆتەوە کە لە تورکیا کێشەیێک هەیە بەناوی کوردەوە.

دوور تا نزیک باسی پەکەکە-یان نەکردووە وەکوو هێزێکی سیاسی پەیوەندیدار بەو گرفتانەوە کە لەنێو تورکیادا دەگوزەرێت، حاڵەتێکی لەم جۆرە بانگەشەیێکی نوێیە ئەم بانگەشە نوێیانە کە سەرانی تورکیا دەیکەن لە حاڵەتێکدایە کە گوشارێکی گەورەی نێونەتەوەیی و هەرێمی و دەنگدانەوەیێکی بەرین لەسەر ئاستی دونیا بەشێوەیێکی چاوەڕوان نەکراو لەسەر دۆزی کورد هەیە. بەتایبەتی ئەو دۆزەی کە جڵەوی سیاسەتەکانی ئەردۆغان و ئەکەپە ئاراستەی دەکات لە کوردستانی تورکیا و سووریا.

لەبەر ئەوەش شتێکی لەم جۆرە لەگەڵ ئەزموونی هاوچەرخی تورکیادا یەک ناگرێت و بۆ خۆشیان بەردەوام تەئکیدیان لەسەر ئەم حاڵەتە کردووەتەوە، بەڵێ لە ئێستادا پرسێکی گرینگ هەیە بە ناوی پرسی کوردەوە کە زۆر دێرینترە لەوەی کە پەکەکە ڕۆڵی تێدا ببینێت، پەکەکە دەرهاویشتەی پرسی کوردە، دروست بوونی پەکەکە دەرهاویشتەی پرسی ئاڵۆز و چارەسەرنەکراوی قەزیەی کوردە بەتایبەتی لە کوردستانی تورکیادا.

پرسی کورد لە کوردستانی تورکیا، پرسێکە کە ڕیشەی هەیە و پرسێکی دوور و درێزە و دەتوانین بڵێین ڕەهندەکانی ئەو پرسەش پەلی کێشاوە بۆ ناوچەکانی دیکە. تەنانەت ئەوانەی کە لە بواری کوردناسیدا کاریان کردووە پێیان وایە چارەسەری پرسی کورد لە وڵاتانی دیکەدا بەسراوە بە پرسی کورد لە کوردستانی تورکیاوە.

مامەڵەی دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا بە سیکوڵارە ستەمکارەکەی ئاتاتورکەوە لەگەڵ ڕەهەندە ئیسلامگەراکەی ئەکەپە-وە کە دەتوانین بڵێین لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم کۆی هەردوویان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پرسێک هەیە لە تورکیادا بەنێوی پرسی کوردەوە، بەڵام لە تورکیادا خواستێک هەیە چارەسەر و جڵەوی ئەم پرسە لەدەستی خودی تورکیادا بێت و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و وڵاتانی هەرێمی تەداخولی حاڵەتێکی لەم جۆرە نەکەن. بۆیە ئەم دەنگۆیەی کە لە ئێستادا هەیە، ئەم خرۆشانەی خەباتی ڕووبەڕووبوونەوەی کوردە ئەکەپە بەسەختی دەستی داوەتێ لەڕێگای هێرشی چەکداری و سەربازی و ئەرتەشەوە دەستی داوەتێ پێمان وایە فشارێکی گەورەی چارەسەرنەکراوی ئەو پرسەیە.

لەدوای 1998ەوە وەختێک کە ئۆجەلان لە ئاکامی پلانێکی نێونەتەوەییدا دەستگیر دەکرێت کە ئیسرائیل و ئەمەریکا و تورکیا تێیدا بەشدارن جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە تورکیا لەڕووی ستراتێژیەوە پێویستی بە هەماهەنگیێکی نێونەتەوەیی هەیە بۆ بندەست کردنی پرسی کورد، بەڵام لەڕووی چارەسەریی دۆخەکەوە دەیهەوێت پرسەکە لەدەستی خۆیدا بێت و بەپێی خواست و ئەجێندا و میتۆدی مامەڵە کردنی خۆی چارەسەری بکات. ئەمە دوو ڕەوەندی لەیەک جیاوازە.

لەئێستادا تورکیا تێکەوتووە، تێکەوتنێکی پەیوەندیدار بە شۆرەتی نێونەتەوەیی تورکیاوە، پەیوەندیدار بە چارەنووسی توریکاوە لە یەکێتیی ئەورووپا و مامەڵەی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی هەرێمیدا و ڕەوشی مافی مرۆڤ و ئازادی. تورکیا زۆر تێکەوتووە چوونکە ئەکەپە وەکوو لەسەرەتادا دەگوترا دەیەوێت پاکێجەکانی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورددا بهێنێتە دۆخی چارەسەرییەوە نەیتوانی؛ کە نەیتوانی بە دیوێکی تردا ڕێگایێکی یەکجار نەرێنیی گرتەبەر بۆ چارەسەر کردنی ئەم پرسە کە ئەویش بە لەشکرکێشی و بە کۆتایی هێنان بە پڕۆسەکانی ئاشتی و هەروەها بە زەق کردنەوەی مامەڵەی لەگەڵ قەندیل و لەگەڵ پەکەکە-دا، بەدەست تێوەردان لە ڕەوشی کورد لە وڵاتانی دیکەدا، بەدروست کردنی گێچەڵ و گەمەی سیاسی هەوڵی چارەکردنی پرسەکەی دا.

کۆی هەموو ئەم حاڵەتانە وای کردووە لەئێستادا پرسی کورد لە تورکیا پرسێکی ئاڵۆزی چارەسەرنەکراو بێت و بووەتە هۆی دەنگدانەوەیێکی گەورە لە بەرژەوەندیی کورد، لەڕووی نێونەتەوەییەوە چوونکە تورکیا لە کاتێکدا دەستی برد بۆ ئەم پرسە و بۆ ئەم پەیمانە مێژووییەی کە لەسیاسەتی خۆیاندا هەیە کە کورد وەکوو هێزێک لە ناوچەکەدا خەریکی پڕۆسیسی دروست کردنی ناسنامەی خۆیە، ئەوەش لەڕێگای ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە فێندێمەنتاڵ و هێزە تیرۆریست و جیهادییە سونەگەراکان.

کورد کاتێک مەچەکی بەهێزی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هێزەیە و هاوپەیمانان یارمەتیدەری ئەم بزاوتەن نەک هەر هاوپەیمانان بەڵکوو ژمارەیێک لە وڵاتانی هەرێمیش یارمەتیدەری ئەم خەسڵەتە خەباتگێڕەی کوردن کە ناوبانگێکی چاکی دەرکردووە. ئێرانیش پشتیوانیی ئەم حاڵەتە دەکات کە کوردەکان ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە هەروەها عێراق، بەڵام بەپێچەوانەوە دەبینین تورکیا ساردوسڕە لەم ئەزموونە سیاسییەدا، تەنانەت تەواوی ئەو توێژینەوانە یەک لەدوای یەک کراون دەست بۆ ئەوە ڕادەکێشن کە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەپشتی دروست بوونی جیهانبینی تیرۆری سونیگەرایە، هەروەها تورکیا پشتگیریێکی گەورەی ڕەگی ئیخوانیزمە لەناوچەکەدا و پشتگیریێکی گەورەی جووڵانەوەی وەهابی و هەموو هێزەکانی سەربە قاعیدە و خودی قاعیدەیشە.

ئێمە دەزانین لە سووریادا تاوەکوو ئێستا لە دوای ڕوودانی شۆڕشی خەڵکی سووریاوە لە 2011دا نۆسەد گرووپی چەکداری هەن لەم 900 گرووپە چەکدارییە بەسەدان گرووپ هەیە تورکیا ڕاستەوخۆ یارمەتییان دەدات. حزبی ئیسلامیی تورکمانی هەیە کە 3000 چەکداری لە سووریا هەیە و تورکیا ڕاستەوخۆ یارمەتییان دەدات. بەرەی نوسرەوەی و ئەحراری شام و سوپای ئازاد کە بازووی بەهێزی چەکدارییە ئیسلامییەکانە تورکیا یارمەتییان دەدات.

حاڵەتێکی بەمجۆرە ئێمە بە تێکەوتن ناوی دەبەین لە سیاسەتی تورکیادا بە خاڵێکی وەرچەرخانی نەرێنی ناوی دەبەین لە سیاسەتی تورکیا کە بە ئاشکرا ئەمە زەقە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێدەکات.

لە بەرانبەردا دەبینین تورکەکان سۆمبڵێکی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانە و ڕەوتێکی تەواو جێگیریان بۆ خۆیان دەستەبەر کردووە کە ئەوان دژی خەباتی نەتەوەیێکی بندەستن بۆ ئازادی و بۆ دیموکراسی و پێکەوەژیان و یەکسانی، کە ئەمە وایکردووە میتۆدی کار کردنی کوردەکان بەتایبەتی لە کوردستانی سووریا میتۆدێکی نوێ ببەخشێتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە دەتوانێت هەزینەی بکات. لە حاڵەتێکی وادا کە دەبینین جەمسەرە لێک دژەکان ناتوانن دژی ئەو میتۆدە بوەستن، ڕووسیا و ئەمەریکا ناتوانن دژی بوەستن، ناتوانن قەرارێکی یەکلاکەرەوە بدەن وەکوو چۆن دەستبەرداری شۆڕشی ئەیلوول بوون، دەستبەرداری ئەوانیش بن بە تەواوەتی.

کوردی سووریا خاوەنی میتۆدێکی دیاریکراون کە دەبینین سەرکردەکانیان ڕاستە ڕەوتێکی چەپگەرای شۆڕشگێڕانە لە پشت خەبات و کار کردنیانە بەڵام زۆرترین کات بڕوایان بە خەباتی مەدەنی و جەماوەری و سادەیی و دەرچوون لە نەریتە ئایدیۆلۆزیەکانە، کە تەنانەت ئەو نەریتانەی کە پەکەکە ئیشی لەسەر دەکرد کەسێکی وەکوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەبینین بە شێوازێکی چەکدارانەی شۆڕشگێڕانە و بە خەباتی پارتیزانی و بە ڕووبەڕووبوونەوەی دامەزراوەکانی تورکیا لە 84ەوە دەستی پێکردووە و ئێستاش پەکەکە لەسەر ئەو میتۆدەیە.

بەڵام ئەوانەی کە لە خۆرئاوای تورکیادان دیوێکی تری ئەم خەباتەیان هەڵبژاردووە کە دیوی مەدەنیانەیە دیوێکە کە لە ناچاریدا پەنا دەباتە خەباتی چەکداری. لە حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزێکی دڕندە وەکوو داعش پەنا دەباتە بەر خەباتی چەکداری. هێزی کوردی سووریا بڕوای بە دانوستان و لێکتێگەیشتن هەیە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی دەوڵەتی سووریادا. ئەوان دروشمەکانیان نەخشەی سووریای لەسەرە کە ئەمە بە نسبەت خەباتی کوردەکانەوە شتێکی یەگجار مۆدێرنە کە دونیا قبووڵی دەکات لەبەر ئەوە ئەوان سەرکردەیێک پێدەگەیێنن کە هیچ وڵاتێکی دونیا نییە ڕەتی بکاتەوە جگەلە هێزە تیرۆریستییەکان و ئەو هێزانەی کە میتۆدی وەهابی و ئیخوانی دەیانجووڵێنێت وەکوو قەتەر و ئیخوانە شاراوەکانی ناو ڕێکخستنەکانی دونیای عەرەبی.

ئەم میتۆدەی ئیستە کورد دەستی داوەتێ لە خەباتی چەکداریدا دەتوانن بە خاڵی وەرچەرخان ناوی بنێیت کە ئاسۆی چارەسەری دۆزی کورد دەتوانین لەم دۆزە خەباتەدا بەدی بکەین، کە هێزێک نییە کە ئایدیۆلۆژیا بیجووڵێنێت.

ئەوەی کە شکستی بە خەباتی نەتەوەی کورد داوە ئایدیۆلۆژیا بووە، ئایدیۆلۆژیایێکی یەکلاکەرەوەی چەپگەرا و ئایدیۆلۆژیایێکی ئیسلامیگەرا کە نموونەی زۆرمان هەیە.

بەڵام لێرەدا ئەوان (کوردی سووریا) لە چوارچێوەی جووڵانەوە و ڕاپەڕینە بەردەوامەکانی دونیادا کە خۆپیشانداندەکەن بۆ دەستبەر کردنی مافەکانی ئینسان و ئازادی و خزمەتگوزاری و ئەو چەمکانە کە ئێستا هەیە، کوردەکانیش بەم جۆرە بیر دەکەنەوە، باوەڕیان بە چارەسەریی دۆزی کورد هەیە لە دیمەشقدا، باوەڕیان بە هەماهەنگی و پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵ کردن هەیە و میتۆدیان میتۆدێکی سەردەمیانەیە و کەمترین لەتمە دراوە لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا لە دوای ڕوودانی ئەو گێچەڵەی سووریا گرتووەتەوە بۆ ماوەی 8 ساڵ.

لەبەر ئەمە من پێموایە ڕەوشی کورد لە ئێستادا ڕەوشێکە کە سیاسەتە هەڵەکانی تورکیا بە ئاقارێکدا بردی کە سکەی دیاریکراوی سیاسەتی خۆی بدۆزێتەوە کە بە سکەیێکی زانستی ئێمە ناوی دەبەین، سکەیێکی خەباتی زانستیانەی هاوچەرخانەیە لە دەرەوەی خەباتە چەکداریە چەپگەرایە شۆڕشگێڕەکانی دونیایێک کە دەتوانین بڵێین کە ئێستا شکستی هێناوە. تەماشا کەن لە ئەمەریکای لاتیندا سەرلەبەری ئەم خەباتانە کە دیاریترینیان جبهەی پارگ بوو لە کۆڵمبیا شکستی هێنا و تەسلیمی ئیرادەی ئەمەریکا بوونەوە هەروەها لە بەرەزیل و ئارژەنتین.

لەبەر هەموو ئەمانە کورد تێگەیشتووە کە پێویستی بە خەباتێکی مۆدێرنە کە لەم خەباتە مۆدێرنەدا نەبێتە پڕۆژەی هیچ وڵاتێکی دەرەکی.

کوردپرێس: دووبارە بچینەوە سەر پرسی کورد لە تورکیا ئاماژەتان کرد بەوەی کە ئەم پرسە لە پەکەکە دێرینترە، مەبەست لە کوردی تورکیا پێش پەکەکە کێن؟ واتا کوردی تورکیا چی هێزێکی کاریگەری هەبوو و ئێستا هەیەتی؟

دوکتور ماجد خەلیل: ئێمە ئەگەر تەماشای شوێنی کورد بکەین لە کۆماری نوێی تورکیادا دەبینین هەر لەسەرەتاوە بەشێوازێکی تاکتیکی مامەڵە لەگەڵ بوونی نەتەوەیی کورد کراوە، ئەم شێوازە تاکتیکییە لەسەردەمی کۆماری نوێی تورکیاوە دەستی پێکردووە وەختێک کە لە ڕێککەوتنی مۆدرۆسی 1918وە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم هەڵدەوەشێتەوە دوو بەرە ڕۆڵ لە بندەستیی کورددا دەبینن؛ بەرەیێکیان ڕێککەوتنە ژێربەژێرە نێودەوڵەتییەکانە کە لووتکەی پلانەکە خۆی لە ڕێککەوتنی سایکس پیکۆدا بینیوە و کوردی بەو ئاقارە برد کە بردی و کوردی کرد بە دابەشکراو.

تا ئەو کاتە پرسی کورد پرسێکی بێدەنگ و کپکراو بوو و بە ئاسانیش هەزم کرا لە دەسپێکی سەدەی بیستەمدا. دەبینین لەو قۆناغدا شۆڕشە کلاسیکییە کوردییەکان کە ڕێبەرە ئایینییەکان و پیاوە ئایینییەکان ڕێبەرایەتییان دەکر زیاد لە چواردە پازدە شۆڕشی چەکداری کرا و سەرلەبەریان شکستیان هێنا و سەرلەبەریشیان بە ئیعازی ئیمپریالیزمی نوێ شکستیان هێنا و لەو ئیعازی ئیمپیریالیزمی نوێیەدا هەم ڕووسیا ڕۆڵی بینی و هەم فەڕەنسا و بەریتانیا ڕۆڵیان بینی.

لەبیرمان نەچێت لە نیمەی دووهەمی سەدەی نۆزدەوە خۆرئاوا لە پڕۆژە ئیستیعماریەکەیدا ڕۆڵی بینیوە لە بندەست کردنی نەتەوەی کورددا ئێمە چل میرنشینی کوردیمان هەبوو کە سەرلەبەریان لە ڕێککەوتنی ئەرزڕوومی دووهەمدا کۆتاییان پێهات و دەسەڵاتی پانئیسلامیزمی عوسمانیەکان سەپا بە تایبەتی لەسەردەمی سولتان عەبدولحەمیدی دووەمدا ئەم شێوازە دەسەڵاتە گەیشتە لووتکە و کورد گەیشت بە خاڵی بنبەست.

دوای ئەوەی کە جڵەوی خەباتی شۆڕشگێڕیی بەتایبەتی لە تورکیا دەکەوێتە دەست تەریقەتە نەقشبەندییەکان دیسانەوە بە ئیعازی وڵاتانی خۆرئاوا و بەو تورکیا نوێیەی کە مستەفا کەمال ئاتاتورک پاش ئەوەی عوسمانییەکان تەسلیمی خۆرئاوا دەبن و پاش ئەوەی ئەرتەشی تورکیا بەشێوەیێکی زەبوونانە و زەلیلانە خۆی ڕادەستی سوپای هاوپەیمانان دەکات و لە جەنگێکی دۆڕاودا دێتە دەرێ و تەسلیمی ئیرادەی خۆرئاوا دەبێت موستەفا کەمال ئاتاتورک و گرووپە شۆڤێنییە شۆڕشگێڕە فاشیستەکانی تورکیا واتا ئەوانەی کە ڕەقێکی گەورەیان تێدا حەشار دراوە و هەستی ناسیولیستانەی تورکی دەیانجووڵێنێت دێنە ئانادۆڵۆوە و لەوێ لەبەر ئەوەی کە ڕێککەوتنی شۆڕشی ئاکتەوبری 1917 ڕوویداە و فەراغێکی سیاسی دروست بووە لەوێدا خۆیان کۆدەکەنەوە.

کاتێک کە خۆیان کۆ دەکەنەوە بەتایبەتی لە ڕێکەوتنی سیواس و ئەرزڕوومدا ئایین دەکەنە پڕۆژەیێکی گەورە بەتایبەتی مستەفا کەمال ئاتاتورک و تیئۆریستە گەورەکانی تورک وەکوو مستەفا یاخچی ئەوراز و ئەدیب و هەموو ئەمانە ئایین دەکەنە چەکێکی ستراتێژیک بۆ ڕام کردنی تورک لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی تورکیادا و بەڵێن دەدەن کە کورد و تورک موسوڵمانن و هیچ جیاوازییان نییە و مافی هاووڵاتی بوون بە کوردەکان دەدەن و جووڵانەوەیێکی مەزن وەکوو جووڵانەوەی نەوڕەسیەکان ڕام دەکەن بۆ ئەوەی پشتیوانیی پڕۆژەی ئاتاتورک بکات و پاش 1923 کە تورکیای نوێ دادەمەزرێت لە ڕێککەوتنی لۆزاندا دەبینین سەرلەبەری مافە نەتەوەییەکانی کورد دەسڕێتەوە و دوور تا نزیک باس ناکرێت.

لێرەوە مەسافی خەڵکی کوردستان دەست پێدەکات تەواوی شۆڕشەکان دوای 1923 دەست پێدەکات وەک شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشی قۆچگیری و شۆڕشی عەبدولڕەزاقی دێرسیم، کە سەرلەبەریان بە پشتیوانیی وڵاتانی خۆرئاوا لەبەین دەبرێن و دیسانەوە بە هەماهەنگیی ئەم کۆمارە نوێیەی تورکیا ویلایەتێکی گەورە وەکوو مووسڵ دەڕزێنرێتە نێو عێراقی عەرەبیەوە.

کوردەکان تا ئەو ساتە نەتەوەیێکی چەوساوە و بێ پشتیوانن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دوورتا نزیک باسیان ناکات و میدیای ئاو کاتە باسیان ناکات و ئاماژە بەهیچ جۆرە بوونێکی نەتەوەیی کورد ناکرێت و کورد دەچەوسێتەوە هەتاکوو ساڵی 1939 ئەم ساڵە کۆتایی خەباتی چەکداریی کوردییە و قۆناغێکی تاریک بەتایبەتی لە جەنگی جیهانی دووەمدا فرسەتێکی گەورە بۆ تورکیا دەڕەخسێت کە لەسەدا پەنجای ئەرتەشی ئەو وڵاتە دێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و دێتە ناوچە کوردیەکانەوە و تورکیا قەسدی خۆی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا کە تا ئەندازەیێکی یەگجار گەورە بێلایەنە دەیپەرژێتە سەر زیاتر بندەست کردنی نەتەوەی کورد چوونکە هەندێک گۆڕانکاری لەسەردەمی ڕژێمی ئیستیبدادی شای ئێراندا لە کوردستانی ئێراندا ڕوودەدات کە کۆماری مەهاباد ڕادەگەیێنرێت.

بۆ ئەوەی کە کاریگەرییەکانی کۆماری مەهاباد نەگەنە کوردستانی تورکیا باری نائاسایی لەتەواوی کوردستانی تورکیادا ڕادەگەیێندرێت و تەنها لە دیاربەکردا70بۆ 80 کەسایەتی دیار و ڕۆشەنبیر و سیاسەتوانی کورد لە سێدار دەدرێن.

کەواتا جەنگی جیهانی دووهەم بۆ کوردی تورکیا کارەساتێکی یەگجار گەورە بوو چوونکە باری نائاسایی ڕاگەیێندرابوو و زۆرترینی ئەرتەشی تورکیا ڕژابوونە ناوچە کوردنشینەکان. تورکیا لە دوای جەنگی جیهانیی دووهەمدا و لەگەڵ ڕێککەوتنی پەیمانی ترووماندا و لەگەڵ ئەو حاڵەتەی کە لایەنی ئەمەریکی بۆ بەهێزکردنی ئابووری وڵاتان دوای جەنگی جیهانیی دووەم هەوڵ ددات.

تورکیا تەواوی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ دونیای خۆرئاوادا بە بەشداری کردنی لەگەڵ پارتی بەغدادی 1955وە و دواتریش بە بەشداری کردنی لە پەیمانی ناتۆدا هۆکارێکە بۆ بندەست کردنی کوردەکان.

لەم کاتەدا کوردەکان شۆڕشەکەیان وشک دەکات و جووڵانەوەکەیان لەنێو دەبرێت بەرەبەرە کاتێک کە بە کاریگەریی یەکیەتی سۆڤیەت و جەنگی سارد ململانێکە دروست دەبێت کۆمەڵێک بیرکردنەوەی چەپ دەخزێنە نێو کوردستانی تورکیاوە کە ڕێکخستنی سیاسی و ڕۆشنبیرین. دەتوانین بڵێین ئەمە دەستپێکی جووڵانەوەی کوردییە لە کوردستانی تورکیا لە دوای جەنگی جیهانییەوە و بەتایبەتی لەسەردەمی مەندەریسدا.

ئەو کاتە کە فرەیی دێتە ناو تورکیاوە ئەوەش بەشێوازێکی ناچاری چوونکە هاوپەیمانەکان بیری لیبراڵیەتیان برەو پێداوە لەم بیرە لیبراڵیەتەدا بۆ ئەوەی کە تورکیا سومعەیێکی دیموکراتییانەی هەبێت فرەیی پارتی سیاسی دێنێتە ئاراوە و ڕێگە بە کۆمەڵێک پارت دەدات کە لە ململانێ هەڵبژاردنەکاندا بۆ کەمەندکێش کردنی دەنگی کورد کار بکەن و تا ڕادەیێک نەفەسێکی ئازاد ڕوو لە کورد دەکات.

لەم نەفەسە تازەدا ئێمە بۆ نموونە گرووپی 49کانمان هەیە، گرووپی 49کان ساڵی 1959 ڕێکخستنێکی سیاسی سەرتاسەریی کوردییە کە کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆ و ڕۆشنبیر و نووسەر وەکوو مووسا عەنتەر و کەمال بۆرقای ئەمانە دەست پێدەکەن بە خەباتێکی ڕۆشنبیری بۆ ئاوڕدانەوە لە ناوچە کوردییەکان و ڕام کردنی پارتە تازە دامەزرێنراوەکانی نێو ژینگەی فرە پارتیی تورکیا و شوێنی خۆیان دەکەنەوە بەڵام ئەم گرووپەش دەستگیر دەکرێن کاتێک کە زانییان خەریکە قەزیەی کوردی جارێکی دیکە زیندوو دەکرێتەوە.

کورد ناچار دەست دەباتە سەر ئایدۆلۆژیای چەپگەرا بەتایبەتی لە کۆتایی 60ەکان و لە 70کان زیاد لە بیست پارتی سیاسیی کوردی دروست دەبێت کە سەرلەبەریان پارتی چەپگەران بۆ نموونە پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا دروست دەبێت لەژێر کاریگەریی شۆڕشی ئەیلوولدا بە دەست تێوەردانی تورکیا ئەم پارتە دووکەرت دەبێت و مڵملانێیێکی گەورە لەنێو کوردستانی تورکیا و عێراق دروست دەبێت چوونکە سەرکردەکانی پارتەکە دوکتۆر شوان و دوکتۆر سەعید ئاڵچی بە پیلانی دەزگای میتی تورکیا وادەکەن کە شۆڕشی ئەیلوول و دادگای شۆڕشی ئەیلوول ئێعدامیان بکات و لەنێویان بەرێت ئەمەش پەڵەیێکی ڕەشە کە ئێگجار شۆڕشی ئەیلوول کردوویەتی.

ناچار لە دوای 1975ەوە کاتێک کە ئیسرائیل و شای ئێران و دونیای ڕاستڕەوی دەستبەرداری شۆڕشی کورد دەبێت کوردەکان میتۆدێکی دیکە بۆ خەبا هەڵدەبژێرن، ئەمەش میتۆدی چەپگەرانەیە لەبەر ئەوی کە بڵندئەجەویلیش بۆ خۆی خەتێکی سێیەمی چەپگەرایە لە تورکیادا ڕێگە دەدات کە ئازادیێک دروست بێت بەتایبەتی لە دوای 75ەوە زیاد لە بیست پارتی سیاسیی نهێنیی کوردی دروست دەبن بۆ نموونە دەنگی کاوە، ئاڵای کاوە، حزبی ڕزگاری، ئاڵای ڕزگاری، کووک، دەدەقەدە، دەدەکەدۆ و هەروەها حزبگەلێکی دیکە هەن ئەمانە ناوە دیارەکانن، لە کوردستانی تورکیا دەست دەکەنە خەباتی چەکداری، وەکوو خەسڵەتی خەباتی چەکداریی چەپ کە هەمیشە ناکۆکی و ململانێ لەنێوانیاندایە.

ئەمانە هێزگەلێکی لاواز بوون و دەزگای میتی تورکی کە دەزگایێکی ئەزمووندار بوو خزایە ناویانەوە. مووسا عەنتەر لە یادداشتەکانی باس دەکات کە دەزگای میت دەیگوت "پێویست ناکات ئێمە بمانپەرژێتە سەر قەزیەی کوردی بۆ خۆیان وا خەریکە یەکتر دەبڕنەوە".

بە درێژایی 70کان بەمجۆرە بوو تا 1980 کە کۆدەتا ڕوودەدات،کاتێک کە کۆدەتا ڕوودەدات سەرلەبەری پارتە سیاسییەکانی تورکیا پاشەکشە دەکەن ئەمانە کە پاشەکشە دەکەن هەموو هێزە کوردییەکان قەدەغە دەکرێن یەکێک لەو هێزانە کە ڕێگایێکی جیاواز هەڵدەبژێرێت و بە کاریگەری چەپی زانستی بۆ نموونە ئەنوەر خۆجێی حزبی کۆمۆنیستی ئەلبانیا هەروەها بە کاریگەریی ماڵتیستۆنگ و ماوییەکان و بەکاریگەریی چەپەکانی تەواوی دونیا و بە کاریگەریی چەپی تورک بەتایبەتی ئیبراهیم قاپقایا و مایر چامان و ئەمانە کۆمەڵێک خۆێندکاری زانکۆ لە ئەستەنبووڵ و ئەنقەرەوە دێنە پێشەوە و پارتی کرێکارانی تورکیا لە ساڵی 78دا ڕادەگەیێنن.

پارتی کرێکارانی تورکیا زەمینەیێکی بۆ دەڕەخسێت لە کۆدەتای 1980وە دێنە نێو دیوی سووریا و لەوێدا بە کۆنتاک کردن لەگەڵ ڕژێمی حافز ئەسەددا دەتوانن ڕێکخستنەکانیان برەو پێبدەن و پەیمانگای بواری سەربازی و بواری فیکری دروست بکەن و خەباتی چەکداریی پەکەکە دێننە پێشەوە و خەباتێکی دیکتاتۆرانە و ئیستالینانەیە هەتا ئەو کاتە. سەرلەبەری هێزە چەپەکانی تورکیا و هێزە کوردەکان لەنێو دەبەن و دەنگە نەیارەکان کپ دەکەن. یەک هێز ڕاست دەبێتەوە ئەم هێزە کە دەتوانێت خەباتی چەکداری برەو پێبدات لەو کاتەوە بە هەزاران کەس لەنێو ئەرتەشی تورکیا و کوردەکاندا کوژراون و گەمەیێکی گەورەی نێودەوڵەتی دەخزێتە نێو ئەم ماجەرایانەوە.

لەم گەمە نێودەوڵەتییەدا ئیسرائیل و ئەمەریکا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن بۆ ئەوەی کە ئەم هێزە نەبێتە هێزێکی سەردەستە و دیار بەتایبەتی ئەم حاڵەتە بەردەوام دەبێت تا ڕووخانی سۆڤیەت و زۆر بە زەقی خۆرئاوا پشتیوانی لە تورکیا دەکات.

لەبەر ئەمە دەتوانین بڵێین بۆ وەڵامی پرسیارەکەت لە پێش پەکەکە-دا پرسی کورد پرسێکی چارەنەکراو بووە و دراوەتە سێ ڕەهەندی دیاریکراو ڕەهەندێکی جڵەوەکەی لەدەستی ئەمەریکا بووە کە ویستوویەتی بەو ڕەوشە بمێنێتەوە چوونکە لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە ئەمەریکا ڕێبەرایەتی سیاسەتی کردووە لە جیهانی ئیسلامیدا ئەویش بەهێزە زەبەلاحە ئابووریەکەی و بە نەدۆڕانی لەکاتی جەنگدا بە هەژموونی خۆی بۆ ئەوەی خۆی بسەپێنێت لە ململانێ کردن لەگەڵ سۆڤیەتدا.

حاڵەتی دووهەم تورکیا بۆ خۆیەتی ئەم هێزانە لە ململانێ هەڵبژاردنەکاندا توانیویانە تا ڕادەیێک بۆ ڕاکێشانی دەنگی کوردەکان جۆرێک لە ئازادیی ڕێژەیی بدەنە کوردەکان بەڵام بایی ئەوە نەبووە کە بڵێین لە تورکیا مافی سەرەتایی و مافی ئینسانیی کورد پارێزراوە. تا ئەو کاتە کە پەکەکە دروست بووە لە دەستووری تورکیادا ناوی کورد نەبووە، تا ئەو کاتە کە پەکەکە دروست بووە بۆ نموونە کە حەسرەتیان باسی دەکات لە کورد و یاسا دەستوورییەکانی تورکیادا بەند بە بەند دەستووری 80 ساڵی کۆماری تورکیا باس دەکات لە یەک بڕگەی دیاریکراودا ئاماژە بە نەتەوەیێکی جیاواز جگە لە تورک نەکراوە.

ئەم حاڵەتە کارەساتە بۆ لێدوانگەلێک کە لە ئێستادا دەدرێن و دەڵێن ئێمە کێشەمان لەگەڵ کورد نییە. بەڵێ ئەوان کێشەیان لەگەڵ کورددا نییە چوونکە پێیان وایە شتێک نییە ناوی کورد بێت لەم ڕووەوە قسەکەی ئەوان ڕاستە و قەناعەتی هزری و فەلسەفی و سیاسی و سەرلەبەری میتۆدی پارتەکانیان بە دەسەڵات و موعارزەوە بە جۆرێکە کە کورد بوونی نییە. تەنانەت وتەیێکی بەناوبانگیان هەیە کە دەڵێن دەوڵەتی کوردی لە ئەرژەنتینیش بێت ئێمە دژی ئەوانین.

مەبەستیان نەبوونی نەتەوەی کوردە چوونکە تەواوی فەلسەفەی کارکردنی ئەوان دژی ئینسانی کوردە نەک دژی کیانێکی کوردی، چوونکە لە میتۆدی هیچ حزبێکی تورکیادا باسی کورد نەکراوە. لەبەر ئەوە ئەو میتۆدەی پەکەکە ئاراستنەی دەکات ئێمە ناتوانین نومایانی ئەوەی تێدا بخوێنینەوە کە ئیش لەسەر نەتەوەگەرایی دەکات.

پەکەکە هێزێکی ئایدۆڵۆژین کە کار لەسەر کۆمەڵێک پڕەنسیپ و بەهای ئاپۆچیەتی دەکەن کە لە مانیفیستی پەکەکە-دا بە تەواوێتی ڕوونە ئەوە بۆ خۆی ئوجەلان کاتێک کە خوێندکار بووە نووسیویەتی ئێستەش لەسەر ئەو مانیفیستە دەڕۆن کە باس لە کۆمەڵگەی دیموکراتی و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات. ئەوەی وای کردووە کە پەکەکە پەنابەرێتە بەر توندوتیژی و خەباتی چەکداری و ڕووبەڕووبوونەوەی دامەزراوەکان و هێرش کردنە سەر بنکە و بارەگاکانی تورکیا بە تێڕوانینی ئێمە پەیوەندیدارە بە سیاسەتی خودی باڵی سەربازیی تورکیاوە. پەیوەندیدارە بەوانەوە چوونکە بوونی خۆیان بۆ دەربازبوون لە کێشە ناوخۆییەکان پێویستە بە مەشغووڵ بوونێک بۆ بێهەدەر کردنی کۆمەڵگەی خۆیان. بۆ دوور خستنەوەی میدیا لەسەر گەندەڵیەکانی خۆیان.

کوردپرێس:جگە لە پەکەکە لە ئێستادا چ هێزێکی کاریگەری دیکە هەیە لە تورکیادابۆ چارەسەر بوون یا نەبوونی پرسی کورد لەو وڵاتە؟

دوکتور ماجد خەلیل: من پێموایە لەسەردەمی پارتی داد و گەشەپێدانەوە ئەو مۆدێلە حزبیەی کە ڕەنگ و بۆی کوردییان پێوە دەیارە داهێنەرەکەی ئاکپارتی نەبووە چوونکە پێش ئەوانیش بەتایبەتی لە 90ەکاندا حزبەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتی و جۆرە حزبگەلێکی هەم ئایدۆلۆژی هەم مەزهەبی هەم نەتەوەیی ڕێگەیان پێدرا و خەبات و کار و چالاکییان کرد بەڵام لەبەرامبەر تێکشکاندنی هەر بەربەستێکی لەسەدا دەی هەڵبژاردنەکاندا ئەم حزبانە بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕێگەیان لێگیراوە.

ئەکپارتی لە ئێستادا دیوی ترسناکی سیاسەتی لەوەدایە کە هێزێکی تۆتالیتارە بە هەموو مانایێک و هێزێکە تەنها نایەوێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا بوونی تورکیا بهێڵێتەوە، تەنانەت لەو پڕەنسیپی ئاتاتۆرکە هاتۆتە دەرێ کە دەیگوت "ئاشتی بۆ دەرەوە".

ئاکپارتی لە دروست بوونیەوە درێژەی بەو نەزعەیە داوە کە باوەڕیان بە ئاسیای بچووک نییە تەنها بۆ تورکیا بێت دەیانهەوێت بخزێنە ناو ئاسیای ناوەڕاستەوە و دەیانەوێت قسە لەسەر ولایەتی مووسڵ بکەن و دونیای ئیسلام بۆ خۆیان کەمەندکێش بکەن. لەسەر میتۆدە کلاسیکەی ململانێی نێوان شیعە و سونە یا عوسمانی و سەفەوی دێنە پێشەوە. بۆ نموونە ڕیشەی ئەمجۆرە پەل هاویشتنە بۆ دەرەوەی خۆیان لە هاتنە پێشەوەی نەجمەدین ئەربەکان لە 70کاندا کاتێک هێرشیان کردە سەر قوبرس یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا بوو بۆ دونیای دەرەوەی خۆی کە هێزێکی ئیسلامگەرا بوو.

لەسەردەمی ئەکەپە-شەوە دەبینین سنوور شکاندن هەیە. سنوور شکاندنی ئەوان جۆرێکە لەپێش چاوی دونیاوە کە بە ئاشکرا دێت سنوورەکانی عێراق دەبەزێنێت و دێتە پێشەوە، هەروەها وەکوو بینیمان دێت سنوورەکانی سووریا دەبەزێنێت و کونترۆڵی ناوچەیێکی دیاریکراوی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریای کردووە لەپێش چاوی دونیاوە.

ئەم حاڵەتی سیاسەت کردنەی ئاکپارتی بەجۆرێکە کە ناتوانین بڵێین ئازادی بەشداریی سیاسی داوە بەو حزبگەلەی کە هەیە. لە ئێستادا هێزێکی گەورە هەیە بەناوی "هەدەپە" کە نوێنەرایەتیی زۆربەی دەنگی کوردەکان دەکات لە کوردستانی تورکیادا و ئەم هێزە لەنێو مەنهەجەکەیدا کە بە وردی خوێندوومەتەوە، ئەگەر بێتوو بانگەشەکاری چاکیان هەبێت بۆ خستنە ڕووی ئەو میتۆد و مەنهەجەی کە هەیانە زیاتر تورکەکان شوێنی دەکەون. چوونکە مەنهەجێکی تەواو دیموکراسییانە و ئازادیخوازانەیان هەیە.

ئەگەر بێت و هێزی نێونەتەوەیی بەتایبەتی ئەمەریکا دەستی بە بنباڵی ئەکەپە-وە نەبێت، ئەو میتۆدەی کە پارتێکی وەکوو هەدەپە خستوویەتە ڕوو لە ڕووی ئایدۆلۆژی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە و لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە مۆدێرنترین مەنهەج و پڕۆگرامە کە خراوەتە ڕوو. لەهەمان کاتدا ئەکپارتی ناهێڵێت پارتی دیموراتیکی گەلان مەنهەجەکەی بەرێتە پێشەوە و لە تورکیا جێبەجێی بکات (چوونکە 80 کورسیی پەرلەمانیان بەدەست هێنا بەڵام نەکەوتنە خاڵی ڕێککەوتن بۆ ئەوەی حکوومەتێکی هاوبەش پێکبهێنن) و هەم لەنێو هەدەپە-دا سەربەخۆبوونی تەواو نییە بەجۆرێک لە جۆرەکان دەتوانم بڵێم پەکەکە ئەم هێزە مەدەنییەی تورکیای بە ئاڕاستەیێکدا بردووە کە نەگەنە خاڵی ڕێککەوتن و چارەسەریی ئاشتی.

کۆمەڵێک گەنجی توندڕەو کە ڕابردووی چەوسانەوەی سەد ساڵەی کوردیان لەبیر چووەتەوە نایانهەوێت پڕۆسە ئاشتییەکان بەخێرایی بچێتە پێشەوە، نەک هەر بەرەو پێشەوە ناچێت لە ئێستادا دەبینین پڕۆسەی ئاشتی لە کوردستانی تورکیا مرێنراوە و لەلایێکی دیکەوە ئەکەپە نایەوێت هێزێکی سیاسی کونترۆڵی دەنگی کوردەکان بکات کە بڕوای بە خەباتی مەدەنی هەبێت و دێت و سەنگەری لەم حزبە گرتووە بە دروست کردنی چەند گرووپی جیاجیا.

بۆ نموونە ئاکپارتی برەوێکی تەواوی داوە بە فیکری جیهادیی سەلەفی لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا، ئێستا گەورەترین ململانێ لە کوردستانی تورکیا ململانێینێوان ئایدۆڵۆژیای سیکۆلار و ئایدۆلۆژیای ئیسلامگەرایە.

لەلایێکی ترەوە وەکوو چۆن لە 79دا حزبوڵڵای کوردی لە تورکیادا دروست کرا و یەک ئەندامی تورکی تێدا نەبوو و ڕێگەی پێدەدرا و دەزگای میتی تورکی بە ئاشکرا هاوکاریی دەکرد و زیاد لە هەزار کەس بەهونەرمەند، گۆرانیبێژ، نووسەر و ڕەخنەگر تیرۆر کراون لەسەر دەستیان.ئەم حاڵەتە کاتێک کە ئاکپارتی دێتە پێشەوە دێ لە 1998ەوە کە ئوجەلان دەستگیر کرا پێیان وایە پەکەکە کۆتایی پێدێت، حزبوڵڵای کوردی قەدەغە دەکەن و تەنانەت ڕێبەرەکەشی تیرۆر دەکەن چوونکە کوردن.

لەدوای ئەوە کاتێک کە خەباتی سیاسیی کوردی لەچوارچێوەی هەدەپە-دا دێتە پێشەوە دێن ئەوان ناوی دەنین هۆداپارت، هۆداپارت دێننە پێشەوە کە هەمان سەرکردەکانی حزبوڵڵای چەکداری کوردین لە تورکیادا ئەمجارە خەباتی سیاسی دێننە پێشەوە.

برەوێکی گەورەیان هەیە،ئەمهۆداپارتە تەنها لە ناوچە کوردییەکاندا هەیە کە واتا دروستکەری ئەم هۆداپارتە ڕێک دەزگای میتی تورکیایە، بە گوێرەی هەموو بەڵگەکان، لە ئەستەمبۆڵدا کتێبێک کە شارئۆغڵو نووسیویەتی «حزبوڵڵای کوردی لە تورکیا» بە زمانی ئینگلیزی زۆر بە جوانی باسی ئەوە دەکات کە سیاسەتی ئاکپارتی بەجۆرێکە کە ململانێیێک لە کوردستانی تورکیا هەبێت کە ئەم ململانێیە ڕێگر بێت لە پەرەسەندنی دیموکراسی و ڕێگر بێت لە چارەسەرکەریی دۆزی کورد و لە هەمان کاتدا چەکێک بێت بۆ ئەوەی تورکیا بیانوویێکی هەبێت باوەڕە ناسیونالیستیەکەی خۆی جێبەجێ بکات، کە جێبەجێیشی کردووە.

لەبەر هەموو ئەمان پێم وایە لە ئێستای تورکیا خواست و خەمێکی نییە بۆ چارەسەریی پرسی کوردی، ئەوان پرسی کوردییان بەسەر لەقی شکاوەوە هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی ئەجێندای خۆیان لە ململانێ لەگەڵ پارتە موعارزەکاندا ببەرنە پێشەوە. بۆ ئەوەی ئەجێندا خۆیان بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ وڵاتانی هەرێمیدا بەرنە پێشەوە کورد هەمیشە کارتێک بووە کە بە جۆرێک هەمیشە سیاسەتی دەرەوەی تورکیای ئاراستە کردووە.

لە هەمان کاتیشدا دەبینین کورد چەکێکی باشە بەدەستی تورکیاوە بە تایبەتی پەکەکە بۆ ئەوەی بیانوویێک بێت تاوەکوو زیاتر تورکیا کوردەکانی خۆی بچەوسێنێتەوە. من نموونەی ئەم حاڵەتەم بە یەک شت هێناوەتەوە و بەراوردم کردووە لەگەڵ سیاسەتی دەوڵەتی سعوودیا لەگەڵ شیعەکانی وڵاتەکەیدا.

ئێمە دەزانین ڕۆژهەڵاتی سعوودیا خەڵکی عەرەبی شیعەنشینن و دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو خاکەن، تەواوی بیرە نەوتەکانی سعوودیا لە ڕۆژهەڵاتی سعوودیادایە کە شیعەنشینن لە کۆتایی 40ەکانەو کە ئارامکۆ هاتۆتە ئەوێ و ئەم هەموو کۆمپانیایانەیان هەیە یەک هاووڵاتیی شیعی سعوودی لەو کۆمپانیایانەدا دانەمەزراوە و تا ئێستاش ڕێگا و بانەکان و جادەکانیان خۆڵ و خاشاکە.

سیاسەتی دەوڵەتی سعوودیا ئەم شیعەیانەی بەکار هێناوە کە بەردەوام بۆ ئەوەی مافیان نەدات و سەرکوتیان کات تاوانباریان دەکات بەوەی کە دەوڵەتی ئێران لەپشتیانە و دەیانجووڵێنێت. واتا سعوودیا ئێرانی کردووە بە چەکێک بۆ ئەوەی هاووڵاتییەکانی خۆی بێ بەش بکات و مافی هاووڵاتیێکی شیعی سعوودی نەدرێت.

تورکیاش هەمان سیاسەتی هەیە دێت پەکەکە بەکار دەهێنێت. کاتێک ناوچەی ئارام دروست دەکرێت لە ساڵی 1991ەوە تورکیا لە پشتیەتی کە مەبەستێکی گەورەی هەیە، یەک هەموو ئاوارە کوردەکان بگەڕێنێتەوە، دوو هەرێمێکی کوردستان دروست بکات لە باشووری کوردستاندا کە وەکوو باکووری ڕسوا بێت کە دەوڵەتیشە بەڵام هەر لەژێر چنگی سیاسەتەکانی تورکیادا بێت. تورکیا دێت هەم هەرێمی کوردستان و هەم قەندیلی کردۆتە چەکێک بۆ ئەوەی کە دوورتانزیک مافی ئازادی نەدات بە کوردەکانی خۆی و جیاوازییان لەگەڵ بکات و بیانچەوسێنێتەوە و سەروەت و سامان و داهاتیان بەرێت و بە هاووڵاتیی پلەدوو تەماشایان بکات.

کوردپرێس: دەزانین کۆمەڵگای کوردی تورکیا هەموویان لایەنگر و دەنگدەری هەدەپە نین، بەشێکی جەماوەری هەدەپە-یە و بەشێکیان جەماوەری پەکەکە-ن و کوردە ئیسلامییەکانیش ڕێژەیێکی زۆرن لەو کۆمەڵگایەدا و لە هەموو هەڵبژاردنێکیشدا دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن، هەروەها کە وتتان حزبی هۆداپارتیشیان هەیە و لە چوارچێوەی حزبێکی قانوونی و فەرمیشدا چالاکن. ئێستا کوردە ئیسلامییەکانی تورکیا چ دەورێکیان هەیە و دەتوانن چ دەورێکیان هەبێت سەبارەت بە پرسی کورد؟ ئایا ئەوان هیچ ئامانج و خەیاڵێکیان بۆ کورد هەیە؟

دوکتور ماجد خەلیل: کوردە ئیسلامییەکانی تورکیا پڕۆژەی دەوڵەتی ئەو وڵاتەن، هێزێکی دروست بووی ناو جووڵانەوە ڕۆشنبیری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی کوردستانی تورکیا نین. کوردە ئیسلامییەکان لە تورکیادا لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا جووڵانەوەی نەوڕەسییەکان هەبوو کە دوور تا نزیک بۆن و بەرامی نەتەوەیی و کوردبوون نەیدەجووڵاند، بیرێکیش تەسەوفی نەقشبەندییەکان بوو.

بەڵام بەپێی تەواوی بەڵگەنامەکان زۆر ڕوونە کە حزبوڵڵای کوردی لە تورکیا دروست کراوی میتی تورکی بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە چەکدارە چەپەکان. هەروەها ئێستا هێزی سیاسی وەکوو هۆداپارت هەیە، بەدەر لەوە و ترسناکتر لەوە ئێستا ڕەواجێکی گەورە بە فیکری توندڕەوی و فیکری سەلەفیی جیهادی دەکرێت لە تورکیادا کە چەند ئامانجێکی هەیە.

یەکەمیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە نەتەوەیی و پڕۆژە نەتەوەیی جووڵانەوە کوردییەکان، دووهەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شێوە هەژموونێکی عەلەویانە یان شێوە هەژموونێکی ئەدەبیات و فەرهەنگ و میتۆدی ئێرانی، چوونکە لە دوای 79وە بەجۆرێک لە جۆرەکان دونیای ئیسلامی کەوتۆتە ژێر کاریگەرییەکانی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، بە تایبەتی تیئۆرییەکانی ئیمام خومەینی هەر لە یەمەنەوە بیگرە هەتا تورکیا.

ئەم هێزانە کە تورکیا دروستی دەکات بۆ برەودان بە فیکرێکی سونی گەرایانەی ڕادیکاڵیە کە بە ئاشکرا گەنجەکان کە ڕامکراوی ئەدەبیاتی عەبدوڵڵا عەزام و تیئۆریستە گەورەکانی فیکری ئیسلامگەرایی جیهادین لە کوردستانی تورکیادا ڕەواجیان پێدراوە بەڵام لەناو تورکیادا قەدەغەن و بە دەیان تۆمەت و تاوانەوە سزایان دەدەن و دووریان دەخەنەوە، بەڵام لە کوردستاندا بۆ سەوز بوونی فیکری توندڕەویی فیکری ئیسلامی سونەگەرا بە ئاشکرا موماریسەی خۆیان دەکەن و وەکوو پڕۆژەیێکە ئەم ئیش کردنە.

حاڵەتێکی دیکە هەیە و دیارترین ئەگەری ئەکەپە-یە کە دروست بوونی پارتی داد و گەشەپێدانی کوردییە وەکوو لقێک کە ئەمە قسەی زۆری لەنێو ناوەندە میدیایەکاندا لەسەر کراوە بۆ هەڵبژادرنی ئەمجارەش پێدەچێت شتێکی لەمجۆرە بکرێت، دەیانهەوێت پارتێک هەر بەناوی کوردییەوە دابمەزرێت نەک مەرامی کوردی، واتا تورکیا نایهەوێت پارتێکی مەدەنی کە بانگەشەی کورد بوون و نەتەوەگەریی بەرز کردۆتەوە ڕەواجی هەبێت.

دەیهەوێت هەمیشە پڕۆژەیێک بەناو نەتەوەگەری کوردەوە هەبێت بۆ ئەوەی فەلسەفەی سیاسەتی خۆی بەکار بهێنێت لەو ناوچانەدا و دێت پارتی و داد و گەشە پێدانی کوردی دروست دەکات وەکوو بەدیلێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەدەپە و هەموو ئیمکاناتێکیشی دەخاتە بەردەم و هەموو ئازادیێکی پێدەدات، تەنانەت لەڕووی ئابووریشەوە ئیمکاناتێکی گەورەی دەخاتە بەردەست.

ئەم حاڵەتە مەترسیێکی گەورەیەچوونکە گەورەترین مەترسی ئەوەیە کە لە ناوچەکەدا گیانی پێکەوە ژیان نامێنێت و لە ناوچەکەدا ململانێی سیاسی و دیموکراسیانە دەگۆڕێت بۆ سەنگەر لەیەکتر گرتن. وەکوو چۆن ئێستا لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا و لەناو شەقامەکاندا گەنجانێک هەن بە تەکبیر و اللە و اکبر گوتن و ئەو میتۆدەی کە جیهادییەکانی قاعیدە دەیانجووڵێنێت ئەمانیش دێن مومارسەیان دەکات و قوتابخانە شەوانە ڕۆژاییەکانی و زۆرێک لە مەنهەجی خوێندنەکانی و زۆرێک لە پەیمانگا و بەشە ئایینییەکانی خزاندۆتە نێو کوردستانەوە. بە هەزاران حافز قورعان هەن کە حافز قورعانی سیاسین کە پەروەردە کراوی ڕێکخستنەکانی ئەکەپە-ن کە ئەمانە مەترسیێکی گەورەن بۆ ئایندەی پرسێک بەناوی پرسی کوردییەوە.

کوردپرێس: کوردی تورکیا هەروەها کە ئاماژەتان پێدا نەتەوەیێکی بندەست و چەوساوەیە و هیچ مافێکی نەبووە ئێستا بۆ لەسەدا 40ی دەنگی کوردی تورکیا بۆ حزبێکی وەکوو حزبی ئەردۆغانە؟ حزبێکی ئیسلامگەرا کە دەوری سەرەکیی هەبووە لە سەرکوت کردنی کورد؟

دوکتور ماجد خەلیل: ئەوە خەسڵەتی پارتە تۆتالیتەرەکانە، پارتی داد و گەشەپێدان تەنها توانا و بڕشتی خۆی نییە کە توانیویەتی هەژموونی بسەپێنێت؛لەو کاتەوە کە لە دەسەڵاتە و ئێستاش بۆ ماوەی 16 یان 17 ساڵە کە لەسەر تەختی دەسەڵاتە هیچ ڕێککەوتنێکی ستراتێژیکی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیلدا هەڵنەوەشاندووەتەوە بەڵکوو برەویشی پێداوە.ئاکپارتی پشتگیریێکی گەورەی خۆرئاوای لە پشتەوەیە.

لەم ڕەهەندەوە کە توانایێکی ئابووری زەبەلاحی هەیە کە بۆ نموونە هۆشداریی پارتە بەرهەڵستکارەکانی تورکیا لە خۆپیشاندانەکاندا بریتی بوون لەوەی نابێت دامەزراوە حکوومییەکان بەکار بهێندرێت بۆ مەرامی حزبی.

یەک لە هۆکارەکانی ئەو دەنگدانەی کوردەکان بە ئەردۆغان ئەوەیە کە دەبینین لە کوردستانی تورکیا بێکاریێکی یەگجار گەورە هەیە، هۆکاری دیکە بەکارهێنانی ئائینە وەکوو چەکێکی ستراتێژی و سیاسی کە عاتیفە و عەشقی خەڵکی کورد ڕام دەکات بۆ دەسەڵات، چوونگە کۆمەڵگەی کوردی لەوێدا تا ئێستاش کۆمەڵگەیێکی شێوە فیئۆداڵیە و برەوی داوە بە بەگ و ئاغا و تەریقەتەکان.

بۆ نموونە کە دەنگی ئاغایێک ڕام دەکات و دەیکڕێت بەجارێ دەنگی دووسەد گوند مسۆگەر دەکات ئەم حاڵەتە لە 50کانەوە هەتاکوو ئێستا کە 70 ساڵی تێپەڕاندووە درێژەی هەیە و سیاسەتی ئەزموونداری کارکردنی تورکیایە بۆ بەدەست هێنانی دەنگی کورد.تورکیا ئەم سیاسەتە کلاسیکە بەکار دەهێنێت واتا ئایین وەکوو پڕۆژەیێکی سیاسی.

هەروەها تورکیا پشتیوانیێکی زەبەلاحی خۆرئاوای لە پشتە لە میتۆدی ڕووبەڕووبوونەوە و کەمەندکێش کردن. کۆمپانیا ئەمەریکییەکان سەرپەرشتیی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئاکپارتی دەکەن لە هەڵبژاردنەکاندا بەتایبەتی لە ناوچە نەخوێندەوارەکاندا دەنگیان هەمیشە سەددەرسەدە. لەناوچە دوور کەوتوو و بێکارەکاندا کە پڕۆژەی ئابوورییان نییە تاکتیکیان بۆ تەرح دەکات. کەواتە هۆکاری ئابوورییە کە وادەکات، هۆکاری ئیستیبداد و زوڵم و زۆر و چاوسوور کردنەوەیە وا دەکات کە دەنگی خەڵکە نەخوێندەوار و دوورە دەستەکان و لادێکان ڕام دەکات.

ئێمە دەزانین ئێستا بە هەزاران کەس لەنێو زیندانەکاندان، دەزانین لە دوای ئەو ئینقلابە تاکتیکیە و سیناریۆیە کە ئەردۆغان بۆ خۆی دروستی کرد لەو کاتەوە تا ئێستا بە هەزاران مامۆستا و کەسێک کە بۆ 17 یان 18 ساڵە دەخوێنێت لەماوەی 24 کاتژمێردا لە کارەکەی دووری دەخەنەوە. ئەو مەترسیە کە واتا مەترسیی زوڵم و ئیستیبداد هۆکاری ئابووری و بەکار هێنانی تاکتیکی ئایین هەموو ئەمانە هۆکارن و غەش و تەزویری نێو هەڵبژاردنەکانیش هۆکارێکی دیکەن.

دەزانین کە هیچ ڕێکخراوێکی ناحکوومی دانی بە هیچ هەڵبژاردنێکی تورکیادا نەناوە. هەڵبژاردنێک کە تا ڕادەیێک نزیکە لە هەڵبژاردنە گاڵتەجاڕیەکان کە کاتی خۆی سەدامیش دەیکرد. لەبەر ئەمەش هۆکارەکان زۆرن کە بۆچی ئەکەپە سەرکەوتووە، ئەکەپە هەروەها مەرج نییە کە بەردەوام سەرکەوتوو بێت لەم حاڵەتەدا لە دوا هەڵبژاردندا کوردەکان گەورەترین لەتمەیان لە ئاکپارتی دا ئەوەە بوو کە بایکۆتی دەنگدانیان کرد بەتایبەتی لە ئەستەمبووڵدا ئێستا شارەوانییە گەورەکانی تورکیا لەدەستی ئاکپارتیدا نەماوە هۆکاری سەرەکیشی کوردە.

کورد ئێستا هێزێکی گەورەی گۆڕانکارییە لە تورکیادا بۆ نموونە کوردە کە سیاسەتی تورکیا دیاری دەکات، کوردە کە سومعەی تورکیای خستۆتە ژێر پرسیارەوە کوردە کە تەواوی ئیمکاناتی مادیی تورکیای ڕام کردووە بۆ مەسەلەی سەربازی. کە وای کردووە ئێستا لەسەدا پێنجاوپێنجی خەڵکی تورکیا پێیان وایە کە هۆکاری ئابووریی هۆکارێکی کاریگەر گرفتێکی گەورەی ئێستای تورکیایە لەسەدا 45 پێیان وایە مەسەلەی دیموکراسی و نەدانی مافی کەمینەکان و ئەمانەوە.

هۆکارە ئابووریەکەش دەگەڕێتەوە بۆ پرسێک بەناوی کوردەوە لەبەر ئەوە حەکیم و سیاسەتوانەکانی تورکیا دەبێت لەو ڕاستیە تێبگەن کە تورکیا ڕێگایێکی هەڵەی گرتۆتە بەر بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ کوردەکانی خۆیدا، ئەم ڕێگایە تورکیا گرتوویەتە بەر بۆ نموونە لە ئێستای عێراقدا بەدی ناکرێت ئێمە دەزانین هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا خەریکی دانووستان و لێکتێگەیشتنن.

ئێمە دەزانین لە جۆرێک لە جۆرەکان لەنێو ئێراندا کورد بوون و کوردەواری و بۆن وبەرامەیێکی جوان هەیە، ڕاستە هیچکام لەمانە بەتەواوی نەگەیشتن بە ماف و بە ئازادی ڕاستە لە پڕۆسەی پێگەیشتنی ئەم حاڵەتەدان بەڵام هیچکامیان بەو ئاقارەی کوردستانی تورکیادا نییە کە تا ئێستەش کێشەی گەورە هەیە لە مامەڵە کردن لەگەڵ سەلماندنی نەتەوەیی کورددا، تا وەکوو ئێستاش ڕکابەری هەیە و سیاسەتی ئەپارتاید هەیە لە تورکیا تاوەکوو ئێستاش دونیایێک دیوی ناشیرینی مامەڵە کردن هەیە کە زیندوون لە تورکیادا.

کوردپرێس: پاش دەسەڵاتدارێتی پارتی داد و گەشەپێدان لە تورکیا بارودۆخی کورد لەباری حەق و حقووق هەندێک گۆڕانکاری بەخۆوە بینیوە و بۆ نموونە توانای خوێندن و نووسین بە زمانی خۆ و لەبەر کردنی جل و بەرگی کوردی و چەند مافێکی دیکەی سەرتاییان پێدراوەف زۆر کەس لە نێو کوردەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوایشدا دان بەوەدا دەنێن کە کورد کۆمەڵێک مافی پێدراوە وەکوو ئەوەی کە دان بەوەدا نراوە کە کورد هەیە و کورد تورکی شاخی نییە، ئێستە پرسیارەکە ئەمەیە کە پەکەکە چ دەورێکی هەبووە لە ئەم دەسکەوتە سەرەتاییانەدا کە کوردی تورکیا بەدەستیان هێناوە؟

دوکتور ماجد خەلیل: من لە بڕگەی یەکەمی پرسیارەکەدا دەتوانم بڵێم من هەر ئەوەم گوت کە تورکیا دەیهەوێت شتێک بەناوی قەزیەی کوردیەوە هەبێت بۆ تێپەڕاندن و ئامانجەکانی خۆی، ئەگینا لە میتۆدی ئەو پارتانەی کە کوردەکان دەنگی پێدەدەن و خەونی کوردەکانە شتێک بەناوی نەتەوەی کوردەوە نییە؛ بە پەکەکە-یشەوە ئەمە حاڵەتێک.

بوونی پەکەکە بە تێڕوانینی من وەکوو ئەوەی کە لەساڵی 1984ەوە خەباتی چەکداریی دەست پێکردووە لە ئێستادا ئەو شێوازە خەباتە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە ئێمە پێمان وایە خەباتی چەکداری و پارتیزانی و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی شتێکە کە لە ئێستادا سوواوە.

شۆڕشە بەردەوامەکان کە لە ڕابردوودا کراوە کۆتایی پێهاتووە چوونکە لە ئێستادا تەنانەت بیرمەندە چەپەکانیش جاڕی کۆتایی شۆڕشیان داوە بەو تێڕوانینە کلاسیکیەوە کە هەیانە، ئەوەی کە پەکەکە دەیکات لە ئێستای دونیادا مومارسە ناکرێت. شۆڕشگێڕی ئێستا پێوەندیدارە بە ڕاپەڕینە بەردەوامەکانەوە، پێوەندیدارە بە جووڵانەوە بەردەوامەکانەوە وەکوو ئەوەی لە توونسدا دەکرێت و وەکوو ئەوەی لە جەزایردا دەکرێت و ئەوەی لە سوودان و وەکوو ئەوەی بەرەبەرە لە 2012ەوە بۆ یەکەمجار دان بە ئامازیقیدا نرا لە کاتێکدا لەسەدا 80ی مەغریبیەکان ئامازیقن و لە خەباتێکی مەدەنیدا کردیان.

لەبەر ئەمە پێمان وایە میتۆدی خەباتی پەکەکە کە شێوازی خەباتی چەکداریە و لەنێو شاخدان و گەنجەکان ڕادەهێنن و فەلسەفەی شۆڕشی چەکداری دەخزێننە نێو مێشکیان حاڵەتێکە کە بەسەر چووە.

من لێرەدا بەراوەردێک دەکەم ئەو فۆرمەی لە کوردستانی سووریادا هەیە فۆرمێکی سەردەمیانەیە و جیاوازە لە پەکەکە، ئۆجەلان بۆ خۆی کەسێک بوو لە پێویستی ئەو کاتانەدا وایدەخواست ڕادیکاڵانە دەجووڵایەوە بۆ نموونە زۆرێک لە سەرکردە چەپەکانی تورکیای لەنێو برد و زۆرێک لە حزبەە کوردیە چەپەکانی لەنێو برد.

ئۆجەلان بەشێوەیێکی تاکتیکی کاری دەکرد بۆخۆی توانی بەشێوازێکی دیکتاتۆریانە بێتە پێشەوە، ئۆجەلان توانی تا ئەو هەبێت ناوێکی دیکە نەبێت تا ئەو هەبێت نووسەرێکی دیکە نەبێت بە ئێستەشەوە لەنێو پەکەکە ناوی نووسەرێکی دیکە نییە جگە لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان تەنانەت لە ئێستادا گۆرانیبێژێک وەکوو شوانپەروەر ناوی دوور خرایەوە چوونکە جەماوەرێکی زۆری هەبوو، جەماوەر و کاریزمایی دەبوو بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێت بەڵام دەبینین لەو فۆرمی سیاسەتەی کە لە ئێستادا لە کوردستانی سووریادا هەیە ئەم حاڵەتە نییە؛ کەسێک کە 80هەزار چەکداری لەژێر دەستدایە لە حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوەدا لە نامەیێکی خۆیدا کە بۆ ترامپی دەنووسێت ئیحاجی دەکات و شەرمەزاری دەکات و خەڵک ناوی دەبیسێت و ناوی هەیە. پیاوێکی سادە کە بڕوای بە خەباتی مەدەنی و ئاشتیخوازانە هەیە بە هەموو پێوەرێکی هەڵسوکەوت و سیاسەت و نووسینی کە ئێمە لێمان بیستووە. ئەوەی کە ساڵح موسلیم دەیکات دیسانەوە بە هەمان شێوە، شێوازێکی دیبلۆماسیانەی نوێگەرایانەیە.

پێمان وایە کورد لە هەموو ئەگەرەکاندا پێویستە لە توند و تیژی بەدوور بێت و خەباتی چەکداری نەکاتەوە چوونکە ئەمڕۆ لە دونیادا خەباتێکی سوواوە و لەبەین چووە. تەنها باندەکان دەستی بۆ دەبەن ئەو باندانەی کە پرسێکی حەق خوازانەیان نییە.نەتەوەیێکی بندەست کە داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆی دەکات لە ئێستادا خواستی دیموکراسیانە لەپێشە.

دەنگی من بە ئاشکرا پەیامێکە دەمەوێت بۆ کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکە کە دەیانهەوێت بە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بگەن دەبێت بە شێوازێکی ئاشتیخوازانە و بە خەباتی پەرلەمانی و بە خەباتی مەدەنی و بە برەودانی عەقڵی ئازاد و ڕووکردنە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە دەستی بێنن.

کورد تەنها دەستکەوتێکی بینیبێتی لە خەباتی مەدەنیدا بووە، تنها گۆڕانکاریێک لە تورکیادا کرابێت هێزە دیموکراسیەکان و بەشدارەکانی پەرلەمان کردوویانە، پەکەکە جگە لە ماڵ وێرانی کە قۆناغێکی پێویستی ئەو کاتە بووە و بەردەوام دەتوانم بڵێم زۆرترینی ئەو کەسانەی کە بە تۆمەتی پەکەکە بوون تورکیا لەنێوی بردوون تەنها کورد بوون و پەکەکە نەبوون.

پێمان وایە پەکەکە بیانوویێکی بەردەوامی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکانی تورکیا بووە بۆ بندەست کردنی ئازادیی کورد ئەوانەی لە زیندانەکانی تورکیادا لەسەدا 90یان پێوەندییان بە پەکەکە-ەوە نییە بەڵام بە تۆمەتی پەکەکە بوون دەستگیر کران.

پەکەکە پێویستی بە ڕیفیۆنیزم و بەخۆدا چوونەوەیێک هەیە کە بۆ ئەوەی گۆڕان لە میتۆدی خەباتی چەکداریدا بکات و بۆ ئەوەی وەکوو چۆن لازەریڤ لە سەدەی نۆزدەدا وتی کێشەی کورد بوو بە کێشەیێکی نێودەوڵەتی. بەڵام لە ئێستادا لە سەدەی بیست و یەک کێشەی کورد نەک هەر کێشەیێکی نێودەوڵەتییە، گەورەترین کێشەی نێودەوڵەتیشە. پەکەکە دەبێت ئیستفادە لەم حاڵەتە بکات دەبێت بێتە پێشەوە و گۆڕانکاری لە نەهجەکەی بکات و بێتە دەرەوە لەو سیاسەتە کلاسیکیانەی کە لە 84ەوە تا ئێستا هیچ گۆڕانکاریێکی بەسەردا نەهاتووە. بەردەوام ئاگربەست و دەست پێکردنی جەنگ، ئاگربەست و دەست پێکردنی جەنگ. شێوازەکەی پەکەکە دەبێت ڕچەی تێدا بشکێندرێت.

کوردپرێس: یەعنی کە واتا بەڕای ئێوە دەبێت پەکەکە قۆناغی خەباتی چەکداری تێپەڕێنێت؟

دوکتور ماجد خەلیل: نەک هەر پەکەکە ئەبێت ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت، ئەمە پێویستیێکی ئەم قۆناغەی خەبات کردنە.

کوردپرێس: لەو حاڵەتی کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری پەکەکە ئەبێت جی بکات؟ هەڵوەشێتەوە؟

دوکتور ماجد خەلیل:هەندێک کار کرا پێم وابێت لە 2014 و 15 و 16 واتا جۆرێک لە دانووستان و ڕێێکەوتن هەبوو و پێش ئەوەش لە نەرویجدا حکوومەتی ئاکپارتی لەگەڵ سەرانی پەکەکە-دا بە نهێنی چەند قۆناغێک دانووستاندنیان هەبوو. برودان بەو شێوازە گفتوگۆیانە بەڵام بەشێوەی ڕاستگۆیانە نەک تەکتیکانە و نەک هەژموونی پڕۆژەیێکی ئەمریکی چاودێریان بکات.

من لەو کتێبەدا کە باس لە پرسی کورد دەکات لە پێوەندییەکانی ئەمەریکا و تورکیادا کریستی لۆڕانس نووسیویەتی لە ساڵی 2017دا لە ئینگلیزیەوە کردوومەتە کوردی، ئەو کتێبە زۆر بە ڕوونی باسی دیوێکی دیکەی خەباتی پەکەکە دەکات لە دانوستاندن و ئاشتەوایی و لە گرتنەبەری پڕۆژەیێک بۆ هەماهەنگی کردن.

بۆ خۆی خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلان زۆر حەکیمانە بیر دەکاتەوە ئەو لە ئاخر پەیامیدا کە ڕایگەیاند بە ورد و دروشتی باسی لە خەباتی مەدەنی کردووە و قەد باسی خەباتی چەکداریی نەکردووە، باسی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی کردووە و باسی هێنانە پێشەوەی دەسەڵاتێکی نێوەندگیری کردووە بۆ نێو تورکیا و پەکەکە تەنانەت باسی لەوە کردووە کە تەنها پەکەکە نوێنەری کورد نییە و خواستی گەورەی داوە بە هێزە بەشدارە سیاسیەکانی کورد لە تورکیادا.

پێویستە پەکەکە پشتیوانی دوو شت بکات، یەک پشتیوانی ئەو هێزە سیاسیە کوردیانە بکات کە لە تورکیادا خەباتی سیاسی دەکەن و لەئێستادا دەتوانن ئەو دیوار و بەربەستە تێپەڕێنن کە دەستووری تورکیا دایناوە بۆ بەشداری کردن لە پەرلەمان. دەبێت هاندەری کارەکتەرە سیاسییەکانی ئەوان نەبێت بۆ ئەوەی هەمیشە پەنابەرنە بەر بەرهەڵستکاری و موعارزە، بە هەر نرخێک بێت بە کەمترین حاڵەتیش بەشداری نێو پەرلەمان و دەسەڵاتی سیاسی بکەن و خۆیان گونجێنن لەگەڵ یاسا و ڕێساکانی تورکیادا وەکوو چۆن لە 70کاندا هێزێکی کوردی کە دادەخرا دوای دوو ڕۆژ بە ناوێکی دیکەوە دروست دەبوو توانیان لەو گەمەیەدا زۆر سەرکەوتوو بن ئەمانیش باشترین بژاردە بۆیان بەشداری لە خەباتی سیاسیە لەو شێوازە ئەفسانە دیموکراسیانەی کە تورکیا گرتوویەتە بەر (دەتوانین بڵێین ئەو دیموکراسیە لە تورکیا هەیە تەنها ئەفسانەیێکە) بەڵام لەو ئەفسانەیەشدا ئەوان دەتوانن کارەکتەرێکی نێو ئەفسانەکە بن بۆ ئەوەی بوونی خۆیان هەبێت.

دووهەم پەکەکە دەتوانێت بە مامەڵە کردنێکی تەندروستانە بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق هەبێت بۆ ئەوەی هەرێم نێوەندگیرێکی باش بێت کە پەکەکە لەگەڵ تورکیا بگاتە ڕێککەوتن و متمانە بدەن بە یەکتر کە جارێکی دیکە لە ڕووی چەک و ئەرتەشەوە ڕووبەڕووی یەکتر نەبنەوە. ئێستاش باشترین کاتە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەی ئەو زەمانەیە، ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و میدیای نێودەوڵەتی بەئاگان و خزاونەتە نێو تەواوی کونج و کەلە بەرەکانەوە. هاواری منداڵێک دەکاتە پرسێکی گەورە و گۆڕانکاری بە جەمسەرە گەورە سیاسییەکانی دونیادا دێنێت.

پەکەکە دەبێت دەرفەتەکان بقۆزێتەوە و برەو بدات بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تورکیادا و بە هەر نرخێک بێت بیر کردنەوە لە خەباتی چەکداری کۆتایی پێبهێنێت.

کوردپرێس: خەباتی سیاسی کورد وەکوو دەزانین ئێستا دەستی پێکردووە و هەدەپە لەو بوارەدا چالاکە و تا ڕادەیێک سەرکەوتوو بووە بەڵام پارتی دیموکراتیکی گەلان تا چ ڕادەیێک توانیویە ئاڵترناتیڤێک بێت بۆ خەباتی چەکداری؟

دوکتور ماجد خەلیل: هەدەپە دەبێت نەکەوێتە نێو ئەو خواستەی کە تورکیا دەیهەوێت تێیبکەوێت. واتا ململانێی ئایدۆلۆژی نەکات و پێویستە هەدەپە ڕەگە ئایدۆلۆژیەکە لە نێو خۆیدا کاڵ بکاتەوە کە ئەویش دژایەتی کردنی نەریت و دابونەریت و ئەخلاقیاتی کوردانەیە. چوونکە ئەوەی ئێمە ئاگادارین لە کوردستانی تورکیا میتۆدی پەڕگیرانە یا فەلسەفیانەی پەکەکە وایکردووە خەڵکە موسوڵمانە کوردە نەخوێندەوارەکە ڕووبکاتە ئاکپارتیەوە.

پێویستە هەدەپە سوود لە ئەزموونە شکستخواردووەکانی خۆی بهێنێت چوونکە قۆناغی وا هەبووە کە 80 ئەندام پەرلەمانیان هەبووە بەڵام بوونەتە هێزێکی بەرهەڵستکار و سەرکەوتوو نەبوون و سەرۆک شارەوانەکانیان کۆمەڵێک قسە و باسیان کردووە کە بیانوویان داوەتە دەست تورکیا کە بە تۆمەتی پەکەکە بوون دەستگیریان بکات. دەبێت کۆدی مامەڵە کردن لەگەڵ سیاسەتی تورکیادا بدۆزنەوە چوونکە سەرۆک شارەوانی وایان هەبووە هێندەی سەد ساڵی سەرۆک شارەوانییەکانی تورکیا خزمەتی بە کورد کردووە و هیچ بیانوویێکیشی نەداوەتە دەست دەسەڵاتدارانی تورکیاوە.

ڕێگاکان زۆرن بۆ ئەو حاڵەتە، دەبێت لە هەر حاڵێکدا سوود لەو فەزا ئازادە ببینێت کە دەسەڵاتی ئەکەپە بە تۆبزی و ناچاری خزاندوویەتە کوردستانی تورکیاوە. دەبێت هەدەپە بچووکترین دەرفەت بقۆزێتەوە و چوونکە لە ئێستادا بەگشتی من دەتوانم بڵێم دوای هێرشەکانی تورکیا بۆسەر کوردستانی سووریا دەسەڵاتدارانی تورکیا و خودی ئەردۆغان بە جۆرێک تووشی شۆک بوون لەبەردەم ئەو شەپۆلی بەدەم هاتنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە بۆ پرسی کورد. تووشی شۆک بوون لەبەرانبەر ئەو هەموو کۆمێنتانەی بە ئیحاجی کەسێک وەکوو ترەمپ دەیکرد و دەیزانی سیاسەتێکی شێتانەی گرتۆتە بەر لەهەمبەر ئەو پرسەدا.

قسەی کۆتایی من ئەوەیە دۆسیەی پەکەکە لە حزبە سیاسیەکانی کوردستانی تورکیا جیا بکرێتەوە هەم لە بەرژەوەندیی پەکەکە-دایە کە تێکەڵی میکانیزمی ئەوان نەبێت هەم بۆ ئەوان باشترە کە تێکەڵی پەکەکە نەبن. بۆ پەکەکە-ش باشترە خەباتەکەی خۆیان بکەن بە خەباتێکی سیاسی وەکوو چۆن تا ئەندازەیێک لە 90ەکاندا پشتیان پێبەست و خەباتی پەرلەمانی لە ئەورووپا دیسان دەبێت برەو بە ئەمە بدەنەوە.

هەروەها پێویستە پەکەکە دیسانەوە خۆی تێکەڵ بە پرسی کورد لە کوردستانی سووریا نەکەن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان نێوەندگیر بێت بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگایێکی ئاسان و نزیک بگرنە بەر و دیسانەوە پاکێجەکانی ئاشتی برە پێبدەنەە چوونکە ئەگەر بێت و تورکیا چاو بخشێنێتەوە بەو قۆناغەی پڕۆسەی ئاشتیی کۆتایی پێهێنا لەگەڵ ئەو قۆناغەی کە لەگەڵ پڕۆسەی ئاشتیدا بوو لە چەند ڕوویێکەوە پڕۆسەی ئاشتی لە قازانجی تورکیا بوو لە ڕووی ئابووری و دیبلۆماسی و سومعە و دەنگی خۆیەوە لە قازانجدا بوو، بەڵام کە ئەو پاکێجانە کۆتاییان پێهات دەبینین یەکەم شت کە ئەکەپە ڕووبەڕووی بوویەوە کۆدەتا بەسەریدا هات، دەبینین لە ئێستادا جۆرێک لە بێ متمانەیی لەنێو تورکیا و ئەمەریکادا هەیە. لەە ئێستادا تورکیا لەە ڕووی نێودەوڵەتی و ئابووری و لە ڕووی گەلێک لە پرسە زیندووەکانی پێویستی ژیانی سیاسییەوە تورکیا لە دۆڕاندایە. بەراورد بەو قۆناغەی کە پڕۆسەی ئاشتی لە چالاکیدا بوو.

هەم بۆ تورکیا و هەم بۆ پەکەکە ئەو ئاستە ئاستێکی جێگیر و باشە کە هەرچی زووترە خەباتی ئاشتیخوازانەی چارەسەری پرسی کورد دەست پێبکەنەوە.

کوردپرێس: جارێکی تر پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەست پێدەکاتەوە؟

دوکتور ماجد خەلیل: من پێموایە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیادا بە دڵنیایەوە دەست پێدەکاتەوە چوونکە ئەردۆغان لەم مانگەی ڕابردوودا ئەزموونێکی تاڵ و شۆک ئامێزی بینی و تێگەیشت کە پرسی کورد پرسێک نییە کە دیزەبەدەرقۆنە بکرێت (واتا بشاردرێتەوە و پایماڵ بکرێت). پرسی کورد پرسێکی ئاشکرایە و پرسێکە کە دونیا لێی بە ئاگایە و نەتەوەی کورد نەتەوەیێکە کە ناکرێت فەرامۆش بکرێت لەنێو هاوکێەشە سیاسییەکانی ئەمڕۆی دونیادا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 97209

Your Comment

You are replying to: .
captcha