بهپێی ههواڵی کوردپرێس، ڕائید سمکۆ عەلی بەڕێوەبەری ئاسایشی ناحیەی کۆکس بەSNNی ڕاگەیاند: "شەوی ڕابردوو سوپای عێراق فەوجێکی ھێزەکانی پێشمەرگەی ئاگادار کردۆتەوە کە ناوچەکانی خۆیان بەجێبھێڵن کە ئەو فەوجە لە سنووری گوندی شێخ باوە بازگەیان ھەیە و لە سەنگەرەکانی تەپەچەرموو جێگیر کراون".
وتیشی: "فەرماندەکانی سوپای عیراق دەڵێن بڕیاری فەرماندەیی ھێزە چەکدارەکانی عیراقیان پێیە بەوەی، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی پێش ساڵی 2003 بەدەست حکوومەتی عێراقەوە بوووە، واتە دەیانەوێ تا گوندی قەرەبڵاغی سەر بە ناحیەی کۆکس بێن".
بەرپرسەکەی ئاسایش ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا ھێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی گەرمیان لە گوندی کوڵەجۆی سەر بە ناحیەی کۆکس جێگیر بوون، وەکوو خۆی وتی: "نامانەوێ شوێنەکانی خۆمان ڕادەستی سوپای عێراق بکەین".
لە 18ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ڕۆژێک دوای ھاتنی سوپا و حەشد بۆ جەلەولا و خانەقین، پێشمەرگە و سوپا ڕێکەوتن کە بازگەی گوندی قەڵای سەر بە ناحیەی جەلەولا بە ھاوبەشی بەڕێوە ببەن و سوپاش لەوە زیاتر پێشڕەوی نەکات، بەڵام لە ئێستادا سوپای عیراق گوێ بەو ڕێکەوتنە نادات.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment