بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەوزا یووسف ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی کۆمەڵگای دیموکراتیکی کوردی سووریا (TEV-DEM) باسی تیرۆری سەردار قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەلایەن ئەمەریکاوە دەکات و ڕایدەگەیێنێت: شەڕ لەسەر دەسەڵات لە ناوچەکە لەنێوان زلهێزەکان و هێزە خۆجێییەکاندا، ناوچەکە بەرەو قەیرانێکی نوێ دەبات. هەموو ئەم هێزانە لە شەڕێکی درێژخایەندان بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەم ناوچەیەدا. ئەو گرژییەی کە لە نێوان ئێران و ئەمەریکا و تورکیا و دیکەی حکوومەتەکاندا هەیە دەرەنجامی شەڕێکی مێژووییە.
فەوزا یووسف لە درێژەدا جەخت دەکاتەوە: هەموو زلهێزەکان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان پلانێکی سیاسیی نوێیان لە ناوچەکەدا داڕشتووە. لە جێگای چارەسەر کردنی گرژییەکان، گۆڕانکارییەکان بەرەو ئاراستەیێک دەڕوات کە دەگاتە بنبەست.
ناوبراو دەڵێت: لە هەر وڵاتێکی ناوچەکەدا قەیرانێکی بچووک سەر هەڵدەدات دیکەی وڵاتان لە بری چارە کردنی قەیرانەکە دەست دەکەن بە نادرنی هێزی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە؛ قەیرانەکان بە هیچ شێوەیێک لە بەرژەوەندیی خەڵکدا نین.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی ناوەندیی کۆمەڵگای دیموکراتیکی کوردی سووریا دەشڵێت: هەموو لایەنەکان دەبێت دان بەخۆیاندا بنێن؛ هەموو ناوچە دەتلێت بە قەیرانەکەی نێوان ئەمەریکا و ئێرانەوە. ئەگەر هەڕەشەکانی ئێران و ئەمەریکا بۆ تۆڵەکردنەوە کۆتاییان پێنەیێت ناوچەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی جیدی دەبێتەوە. چوونکە لە ڕۆژهەڵانی ناڤین گرووپی زۆر هەن کە سەربە ئێران یان ئەمەریکان.
فەوزا یووسف لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە لێکەوتەی ئەم قەیرانە، ڕاجیاوازیێکی قووڵی لەنێوان وڵاتاندا دروست کردووە و هەموو ناوچەکەی پێوە گلاوە. هەموو هێزەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان دەبێت بۆ چارەکردنی ئەم قەیرانە دەست بەکار بن و خۆیان لە شەڕێکی دیکە بپارێزن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment