فوئاد مه‌عسووم بۆ ڕووداو: ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی دانوستاندن باجی سیاسیی قورسی ده‌بێت‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- د.فوئاد مه‌عسووم، سه‌رۆک كۆماری عێراق ده‌ڵێت له‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامن بۆ ده‌ست پێكردنی دانوستاندن له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش نامه‌ی بۆ سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ناردووه‌، به‌ڵام هیچ كامیان تا وه‌كوو ئێستا وه‌ڵامی نامه‌كه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌ لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادییه‌وه‌، ده‌ڵێت ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر زیادكردنی چه‌ند كورسییێک هه‌بێ‌ له‌ هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی گفتوگۆ باجی سیاسیی زۆری ده‌بێ‌ و عه‌بادی ناتوانێ‌ خۆی له‌ گفتوگۆ و دانوستاندن بدزێته‌وه‌، چونكه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر یارمه‌تیی وڵاتان بۆ عێراق ده‌بێ‌.

ڕووداو: ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی سێ‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق چی بوو؟

د.فوئاد مه‌عسووم: باسی سه‌ره‌كیی كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌ڵبژاردن بوو كه‌ ئایا هه‌ڵبژاردن بكرێ‌؟ به‌ چ یاسایێک بكرێ‌، چوونكه‌ چه‌ند پرۆژه‌یێک هه‌یه‌، به‌ڵام باسی گوزه‌رانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیش كرا.

ڕووداو: ڕاسته‌ به‌شێكی زۆری سه‌ركرده‌ی كوتله‌ سیاسییه‌كان نیگه‌رانن له‌ په‌یوه‌ندی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا؟

د.فوئاد مه‌عسووم: هه‌موو لایه‌نه‌كان دژی ڕیفراندۆم بوون، به‌ڵام دوای بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق، ئێستا هه‌موویان داوای گفتوگۆ له ‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌كه‌ن، تا ئێستا هیچ سه‌رۆک فراكسیۆنێكم نه‌دیوه‌ دژی گفتوگۆ بێ‌، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ هه‌بن دژی گفتوگۆ بن.

ڕووداو: مادام ئه‌م هه‌موو به‌ده‌نگه‌وه ‌هاتن و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ هه‌بێ‌ بۆ گفتوگۆ، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق هه‌روا به‌ "لاسارانه‌" ڕه‌فتار بكات، هه‌ڵوێستی ئێوه‌ چۆن ده‌بێ‌ له‌ ئاینده‌دا؟

د.فوئاد مه‌عسووم: دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر سه‌ردانی هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانم كرد، هه‌موویان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بوون كه‌ پێویسته‌ ده‌ست به‌ گفتوگۆ بكرێ. بێگومان سه‌رۆكی حكوومه‌ت باسی گفتوگۆ ده‌كات، به‌ڵام نه‌مزانیوه‌ هه‌نگاوی بۆ هاوێشتبێ‌. ئه‌و ده‌ڵێت ئێمه‌ له‌سه‌ر ئاستی سه‌ربازی په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌ و گفتوگۆمان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاسته‌كانی دیكه‌ گرنگه‌، وه‌كوو مووچه‌ و گوزه‌رانی خه‌ڵک و ڕاگرتنی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان. زۆر لایه‌ن هه‌بوون ده‌یان وت نابێ‌ هیچ ده‌وڵه‌تێک ده‌ست وه‌ربداته‌ كاروباری عێراق، بۆیه‌ ناچار بووم ده‌ستپێشخه‌رییێک بكه‌م، نامه‌یێكم نووسی بۆ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی و وتم ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار داوای گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كه‌ین، به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌نی ته‌كنیكی هاوكاریمان بكات، به‌ڵام تا وه‌كوو ئێستا وه‌ڵامی هیچ لایه‌نێكمان بۆ نه‌هاتووه‌ته‌وه‌.

ڕووداو: ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئه‌رێنی بوو بۆ داخوازییه‌كه‌ی به‌ڕێزتان، پێتوایه‌ وه‌ڵامی به‌ڕێز عه‌بادی چۆن ده‌بێ‌؟ ده‌توانێ‌ ئه‌مه‌ ڕه‌ت بكاته‌وه‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: زه‌حمه‌ته‌ ره‌تی بكاته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ بیر له‌ شتێكی دیكه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ سه‌ر بكێشێ‌ بۆ گفتوگۆكه‌، به‌ڵام ناتوانێ‌ دژی كۆبوونه‌وه‌ و رێككه‌وتن هه‌ڵوێست وه‌ربگرێ‌؟

ڕووداو: چی وا ده‌كات نه‌توانێ‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرێ‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: بۆ نموونه‌ ئه‌وانه‌ی یارمه‌تی عێراق ده‌ده‌ن، نایانه‌وێ‌ لایه‌نێک یارمه‌تییه‌كانیان له‌ دژی لایه‌نێكی دیكه‌ به‌كاربهێنێ‌، وه‌ک سندوقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو، ده‌بێ‌ حیساب بۆ بۆچوونیان بكرێ‌، چوونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی خۆیان بگۆڕن عێراق زه‌ره‌رێكی زۆر ده‌كات.

ڕووداو: واته‌ پاڵپشتیی عێراق مه‌رجدار ده‌بێ‌ به‌وه‌ی پاڵپشتی هه‌رێمی كوردستان بكات؟

د.فوئاد مه‌عسووم: پێویست ده‌كات، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستانیش به‌شێكه‌ له‌ عێراق، له‌ قازانجی هه‌ر دوو لایه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ بن.

ڕووداو: هه‌ندێک كه‌س وای لێكده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان وه‌كوو بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌كار دێنێ‌، پێت وایه‌ سزادانی گه‌لی كورد، مایه‌ی بردنه‌وه‌ بێ‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یێكی زۆر گه‌وره‌یه‌، هه‌ندێک له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان وا ده‌زانن توندوتیژی ده‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌نگی زۆر بێنن. ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌ندێک شوێن سێ‌ تا چوار كورسی زیاد بكه‌ن، به‌ڵام باجه‌ سیاسییه‌كه‌ی زۆر ده‌بێ‌ و وه‌زنی ئه‌و لایه‌نانه‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و ناتوانێ‌ بڵێ‌ دژی گفتوگۆم.

ڕووداو: ئێستا گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی كوردستان ڕاگیراون، به‌ڵام به‌رپرسه‌كان وه‌كوو جاران سه‌فه‌ری خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی زه‌ره‌ری كردووه‌ خه‌ڵكه‌ ئاساییه‌كه‌یه‌، نه‌خۆشه‌، بازرگانه‌كانن، ئایا عه‌بادی بیر له‌وانه‌ ناكاته‌وه‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: بێگومان ده‌بێ‌ بیر بكاته‌وه‌، خۆ ئه‌وانه‌ زۆرجار باس كراون. ئه‌مه‌ كێشه‌ی زۆری بۆ گه‌شتیاران دروست كردووه‌. ئه‌و ده‌توانێ‌ كه‌سێک وه‌كوو موفه‌تیش له‌وێ‌ دابنێ‌. نابێ‌ ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ بمێنێ‌ كه‌ خه‌ڵكێک تۆمه‌تبارن و به‌ ئاره‌زووی خۆیان له‌ كوردستانه‌وه‌ سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن، یان داڵده‌ ده‌درێن.

ڕووداو: به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان وتی ئێمه‌ ئاماده‌ین با موفه‌تیش بنێرن. ئه‌و داوای هه‌ر شتێكی كردبێ‌، كوردستان وه‌ڵامی هه‌بووه‌. ئه‌ڵمانیا به‌ ئاشكرا ڕای گه‌یاند كه‌ پشتیوانییان بۆ عێراق په‌یویسته‌ به‌ دانوستاندن له‌گه‌ڵ كوردستان، ئێوه‌ش له‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار پرۆژه‌تان هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر عه‌بادی به‌ده‌م بانگه‌وازه‌ نێوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ نه‌یه‌ت، پێتوایه‌ هه‌ڵوێسته‌كان به‌رامبه‌ری چۆن ده‌بن؟

د.فوئاد مه‌عسووم: ئێمه‌ به‌دوای ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ماندا ده‌چین، ئێمه‌ ناڵێین به‌ڕێزان حه‌یده‌ر عه‌بادی و نێچیرڤان بارزانی پێكه‌وه‌ دابنیشن، چونكه‌ یه‌كه‌م جار هه‌ر دووكیان ناگه‌نه‌ ئه‌نجام. سه‌ره‌تا پێویسته‌ شاندێكی پیشه‌ییان بێته‌ ئێره‌. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ فڕۆكه‌خانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ داده‌نیشن.

ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ گومرگ داده‌نیشن. ده‌مانه‌وێ‌ ده‌ست پێكردنه‌كه‌ به‌ شتی عه‌مه‌لی بێ‌، نه‌ک قسه‌ی سیاسی و جوان به‌رامبه‌ر یه‌كدی. ئیدی كه‌ وه‌فدی كوردستان گه‌ڕایه‌وه‌ وه‌كوو خۆی لێبێته‌وه.

ڕووداو: زیاتر له‌ جارێک وه‌كوو پیاوی ده‌وڵه‌ت وه‌كوو سه‌رۆک كۆمار ده‌ستپێشخه‌ریی خۆت كردوووه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا. ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ش ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ت ڕه‌ت بكرێته‌وه‌، هه‌ڵوێستت چی ده‌بێ‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: عه‌ره‌ب ده‌ڵێ‌ (لكل حادپ حدیپ) ئێستا په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عه‌بادی زۆر باشه‌، مه‌سجم بۆ ده‌نێرێ‌، مه‌سجی بۆ ده‌نێرم، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی لێكدابڕێین.

ڕووداو: هه‌ر مه‌سجی ته‌له‌فۆنه‌، یان په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیشتان هه‌یه‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: نا هه‌ر به‌ مه‌سجی ته‌له‌فۆنییه‌، هه‌ندێكجاریش مه‌وعید داده‌نرێ‌ بۆ ته‌له‌فۆنه‌كان.

ڕووداو: عه‌بادی بۆچی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی سێ‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی نه‌كرد؟

د.فوئاد مه‌عسووم: عوزری هێنایه‌وه‌ و وتی كاری دیكه‌م هه‌یه‌. به‌ڵام وتی ئه‌وه‌ ڕای منه‌ له ‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن. سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستانیش بۆچوونه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو كه‌ وتبووی په‌یوه‌ندی سه‌ربازیمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كانی دیكه‌مان راوه‌ستاوه‌.

ڕووداو: باشه‌ بۆچی به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی ئه‌وه‌نده‌ حه‌زی له‌ دانوستاندنی سه‌ربازییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ دانوستاندنی سیاسی نییه‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: بێگومان سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی له‌ شه‌ڕی داعشدا به‌ده‌ستهێناوه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێک له‌ هۆكاره‌كان بێ‌.

ڕووداو: لێی نیگه‌ران نه‌بووی كه‌ ناوی پێشمه‌رگه‌ی نه‌هێنا له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی یه‌كه‌میدا؟

د.فوئاد مه‌عسووم: من ده‌ستبه‌جێ‌ به‌یاننامه‌م ده‌ركرد. كاتێكیش چووه‌ ئه‌ورووپا له‌وێ‌ ره‌خنه‌ی زۆری لێ گیرا.

ڕووداو: پێشبینی ده‌كه‌ی كه‌ی به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی و حه‌یده‌ر عه‌بادی دابنیشن؟

د.فوئاد مه‌عسووم: ئه‌وه‌ ده‌بێ‌ دوای ئه‌وه‌ی وه‌فده‌ پیشه‌ییه‌كان دێنه‌ ئێره‌. چونكه‌ من خۆم له‌و بڕوایه‌ دام كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ زۆرجار بێ‌ ئه‌نجام ده‌بێ‌.

ڕووداو: به‌ڵام پێت وا نییه‌ عێراق عێراقی لوتكه‌یه‌، ئه‌گه‌ر عێراقی چه‌ند لوتكه‌یێک نه‌بووایه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌و خواره‌وه‌ ئیشه‌كان باشتر بڕۆیشتنایه‌. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ به‌بێ‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكه‌كان دانوستاندنه‌كان سه‌رده‌گرن؟

د.فوئاد مه‌عسووم: هه‌ر یه‌كێكیان حیساب بۆ ڕای گشتیی خۆی ده‌كات. من وه‌كوو خۆم بیر له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ده‌بێ‌ شته‌كان له‌ خواره‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ی، بناغه‌ی بۆ دابنێی، ئینجا به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ی ببه‌ی. ئێستا بۆ نموونه‌ باسی مووچه‌ ده‌كرێ‌، مووچه‌ی مامۆستایانه‌، مووچه‌ی كارمه‌ندانی ته‌ندروستییه‌، ئه‌وانه‌ ژماره‌ی زیاده‌یان كه‌مه‌، ده‌كرێ‌ ئه‌وانه‌ بده‌ن. ئه‌وانی دیكه‌ش ده‌توانن له‌ رێگه‌ی بایۆمه‌تری ته‌ئكید بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ژماره‌ی كارمه‌ندان چه‌نده‌. جا هه‌موو ئه‌وه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ دانوستاندن بكرێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ لێكگه‌یشتنی ته‌واو.

ڕووداو: عه‌بادی پێشتر هه‌موو سێشه‌ممه‌یێک ده‌یگوت مووچه‌ی مامۆستایان ده‌ده‌ین، كاتێک زانی برسێتی تینی بۆ خه‌ڵک هێناوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان زیاتر په‌نگ بخۆنه‌وه‌، یه‌كسه‌ر گوتی ناتوانین مووچه‌ی مامۆستایان بده‌ین. ئایا ئه‌مه‌ نیه‌تی خێر پیشان ده‌دات؟ لێكدانه‌وه‌ی ئێوه‌ چییه‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: زۆر لێكدانه‌وه‌ هه‌یه‌، من داخڵی لێكدانه‌وه‌ نابم. من به‌ پێویستی ده‌زانم سه‌ریان بخه‌ینه‌ سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گفتوگۆیه‌ زوو ده‌ست پێبكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر پشێوی له‌ كوردستان به‌رپا ببێ‌، له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم هیچ لایه‌نێک له‌ به‌غداش قازانجی لێ‌ بكات، ڕه‌نگه‌ ئه‌و پشێوییه‌ بگاته‌ به‌غداش. ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ خۆدزینه‌وه‌ ناكرێ‌، ده‌بێ‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان دابنیشێ‌.

ڕووداو: ئه‌م دانوستاندنانه‌ پێش هه‌ڵبژاردن یان دوای هه‌ڵبژاردن ده‌كرێن، چونكه‌ هه‌ندێک كه‌س وای ته‌فسیر ده‌كه‌ن كه‌ عه‌بادی ده‌یه‌وێ‌ ئه‌مه‌ وه‌كوو كارتی هه‌ڵبژاردن به‌كاربێنێ‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: كورد دوای هه‌ڵبژاردن لاواز نابێ‌، من وای ده‌بینم دوای هه‌ڵبژاردن زیاتر ده‌گه‌نه‌ یه‌ک. لانی كه‌م 65 كورسییان ده‌بێ‌. ئه‌وه‌ حیسابی بۆ ده‌كرێ‌. من پێم وایه‌ دوای هه‌ڵبژاردن هێزه‌ كوردییه‌كان هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر یه‌كدی باشتر ده‌بێ‌. ئینجا یه‌كێكیان ته‌نازول ده‌كات، نازانم چۆنه‌، به‌ڵام ده‌گه‌نه‌ یه‌ک.

ڕووداو: مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵه‌كانت بۆ مووچه‌ پێش هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامی هه‌بێ‌، یان دوابكه‌وێ‌ بۆ دوای هه‌ڵبژاردن؟

د.فوئاد مه‌عسووم: ده‌بێ‌ پێش هه‌ڵبژاردن بێ‌. ده‌كرێ‌ هه‌ڵبژاردن ببێته‌ خاڵێكی گرنگ بۆ ئه‌وه‌ی زووتر بگه‌نه‌ یه‌ک.

ڕووداو: عه‌بادی بیانووی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لیستی مووچه‌خۆرانی كوردستان زیاده‌ و بندیواری زۆری تێدایه‌، به‌ڵام ئه‌ی پاكه‌كان بۆ نادات؟

د.فوئاد مه‌عسووم: ئه‌وه‌ پاساو نییه‌ به‌ ناوی ئه‌وه‌ی حیله‌وحه‌واڵه‌ هه‌یه‌، مووچه‌ی گشتیان نه‌ده‌ی.

ڕووداو: ئه‌گه‌ر عه‌بادی هه‌روا له‌سه‌ر ئه‌و عینادییه‌ به‌رده‌وام بوو، به‌ده‌م بانگه‌وازی ئێوه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ نه‌یه‌ت، هه‌ڵوێستتان چی ده‌بێ‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: ئه‌وكات كۆبوونه‌وه‌یێک له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین. بۆ زانیاریتان هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سێ‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ له‌گه‌ڵیان دانیشتین، هیچیان هه‌ڵوێستی توندیان به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان نه‌بوو.

ڕووداو: ئه‌یاد عه‌لاوی له‌ به‌یاننامه‌یێكدا ده‌ڵێت ئاگادار بن مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌. ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟

د.فوئاد مه‌عسووم: دیاره‌ مه‌به‌ستێكی له‌وه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام من نازانم مه‌به‌سته‌كه‌ی چییه‌.

ڕووداو: مه‌ترسیی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌؟ هیچ گه‌له‌كۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر كوردستان هه‌یه‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: نه‌خێر باوه‌ڕ ناكه‌م. چونكه‌ سیاسه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دژی ڕیفراندۆم بوو، به‌ڵام دژی كورد نییه‌. دژ به‌ هه‌رێمی كوردستان نییه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئێستا ده‌نگی خۆیان هه‌ڵده‌بڕن، به‌ڵام ده‌بێ‌ دیسان ئاگامان لێبێ‌ تووشی هه‌ڵه‌یێكی دیكه‌ نه‌بین، ئه‌و سۆزه‌ی له‌گه‌ڵ كورد هه‌یانه‌، هه‌نگاو نه‌هاوێین بۆ ده‌وڵه‌ت.

ڕووداو: ئه‌مه‌ بۆ عه‌بادیش ڕاسته‌ كه‌ دونیا پێی ده‌ڵێ‌ دانوستاندن بكه‌، ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ر غروره‌كه‌ی خۆی به‌رده‌وامه‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: عه‌بادی له‌وه‌دا قازانج ناكات، بێگومان زه‌ره‌ر ده‌كات.

ڕووداو: پێتوایه‌ كه‌وتووه‌ته‌ هه‌مان هه‌ڵوێستی پێشووتری كورده‌وه‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: هێشتا نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌، ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنی گێڕا، با ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ی بده‌ینێ‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵی به‌رده‌وام ده‌بین. چونكه‌ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان به‌ گوشار ده‌بێ‌ نه‌ک توندوتیژی. من كه‌ قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م ده‌ڵێم مه‌ترسییه‌كان چین كه‌ ئه‌وه‌ نه‌كرا، ئه‌و مه‌ترسییه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان نابێ‌، له‌سه‌ر عێراقیش ده‌بێ‌.

ڕووداو: ده‌توانم بزانم ئه‌و مه‌ترسییانه‌ چین كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌سه‌ر عێراق دروست ببێ‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: تیرۆرسته‌كان ده‌توانن په‌یدا ببنه‌وه‌ كاتێک ده‌بینن هه‌ماهه‌نگی و دانوستاندن له‌ نێوان لایه‌نه‌كان نییه‌.

ڕووداو: به‌ڕێزت ته‌نیا به‌رگری له‌ مافی ده‌ستووریی كورد ده‌كه‌ی، یان هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ عێراقدا هه‌ست به‌ نیگه‌رانی ده‌كه‌ن؟

د.فوئاد مه‌عسووم: ڕاسته‌ من له ‌لایه‌ن كورده‌وه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ دانراوم، به‌ڵام ده‌بێ‌ په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ هه‌مووان وه‌كوو یه‌ک بێ‌، به‌رگری له‌ كورد، شیعه‌، سوننه‌، مه‌سیحی، به‌رگری له‌ هه‌موویان ده‌كه‌م. له‌ هه‌ر جێگایێک كه‌موكوڕی هه‌بووبێ‌، من ته‌ده‌خولم تێدا كردووه‌. له‌ هه‌ر جێگایێک پێشێلی ده‌ستوور هه‌بێ‌ ئاگاداریان ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ده‌ڵێین ئه‌وه‌تان راست نییه‌.

ڕووداو: تا وه‌كوو ئێستا چه‌ند پێشێلی ده‌ستووری به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان كراوه‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: هه‌ر دوو لا پێشێلی ده‌ستووریان كردوووه‌.

ڕووداو: كامیان زیاتر؟

د.فوئاد مه‌عسووم: هه‌ر لایێكیان كاتێک به‌هێز بووه‌. جاران بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان به ‌جۆرێكی دیكه‌ بوو. ئێستا به ‌واجبی خۆمی ده‌زانم و به‌هه‌موو هێزمه‌وه‌ به‌رگری لێ ده‌كه‌م. پێش ڕیفراندۆم به‌ سێ‌ رۆژ چووم بۆ سلێمانی كاک مه‌سعودیش له‌وێ‌ بوو، پێم گوت تكام وایه‌ له‌ هه‌رێم ده‌رنه‌چن. نه‌ک عێراق، به‌ڵكوو وڵاتانی ده‌وروبه‌ریش ته‌ده‌خول ده‌كه‌ن. ئه‌و رۆژه‌ وتی هێشتا بڕیارمان نه‌داوه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دووكانیش داوام لێكردن كه‌ بڵێن ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ ده‌ستوور، ئێمه‌ ده‌كرێ‌ له‌ ژێر چه‌تری ده‌ستوور چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان بكه‌ین. ئه‌وه‌ پێویست بوو، رۆژی دواتر كۆبوونه‌وه‌یێكم هه‌بوو له‌گه‌ڵ سه‌رانی هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان. به‌ڵام لایه‌نی عێراق گوتیان ئێمه‌ نایه‌ینه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، چوونكه‌ ئه‌وه‌ به‌یاننامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دووكان ده‌رچووه‌، پێنج خاڵی تێدایه‌، هیچی ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ‌ كه‌ كورد پابه‌نده‌ به‌ ده‌ستوور.

ڕووداو: كاتێک پڕۆژه‌یێک سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ‌، هه‌مووی خۆی ده‌كات به‌ خاوه‌نی، كاتێكیش شكست دێنێ، هه‌مووان خۆی لێ‌ بێبه‌ری ده‌كه‌ن. تۆ شكستی گشتپرسی تاپۆ ده‌كه‌ی له‌سه‌ر خودی مه‌سعود بارزانی؟

د.فوئاد مه‌عسووم: بێگومان له‌سه‌ر ئه‌و نییه‌. ئه‌و خاوه‌نی بیرۆكه‌كه‌ بوو. به‌ڵام هه‌موو لایه‌نه‌كان لێی به‌رپرسن.

ڕووداو: هه‌ست ده‌كه‌ی غه‌در له‌ كاک مه‌سعوود ده‌كرێ‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: لایه‌نه‌كان وایان ده‌زانی كاک مه‌سعوود هه‌نگاوێک ناهاوێ‌ ئه‌گه‌ر نه‌زانێ‌ هه‌نگاوی دووه‌می بۆ كوێیه‌. زۆربه‌یان له‌گه‌ڵ كاک مه‌سعوود بوون، به‌ تایبه‌تی یه‌كێتی. هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ ئه‌نجامی گشتپرسییه‌كه‌ به‌رپرسیارن.

ڕووداو: ئێستا گومرگێكی زۆری ناوخۆیی له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ شاره‌كانی عێراق و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ش دانراوه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دێن، ئه‌وه‌ش كارێكی ناده‌ستووری و نایاساییه‌، ئێوه‌ وه‌ک سه‌رۆک كۆمار چیتان كردوووه‌ بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و لادانه‌ یاسایی و ده‌ستوورییه‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: له‌ وڵات ده‌بێ‌ یه‌ک گومرگ هه‌بێ‌، نابێ‌ دوو جار كاڵا گومرگ بكرێ‌، جا ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و شتانه‌ی كه‌ پێویسته‌ وه‌زاره‌تی دارایی دابنیشێ‌ و رێكی بخات. ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان گومرگی دا هه‌تا ده‌گاته‌ به‌سرا، نابێت گومرگ بداته‌وه‌.

ڕووداو: به‌ڵام ئه‌وه‌ ئێستا هه‌یه‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: به‌ڵێ‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی یاساییه‌.

ڕووداو: به‌ڕێز عه‌بادی رای گه‌یاند كه‌ ده‌بێ‌ رێگه‌ به‌ خۆپیشاندان بدرێ‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان. ئه‌وان ئاماده‌ن به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان دۆخی ئه‌منی بپارێزن. پاراستنی هاووڵاتییان ئه‌ركی ئه‌وانه‌. به‌ڵام هه‌ندێک لایه‌نی عێراقیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ ئه‌ی مووچه‌ و ژیانی هاووڵاتییانیش ئه‌ركی تۆ نییه‌؟ ئایا له‌و حاڵه‌ته‌دا ناردنی هێزی فیدراڵی بۆ كوردستان به‌ نییه‌تی باش ده‌بینی؟

د.فوئاد مه‌عسووم: له‌و بارودۆخه‌دا هێز لێره‌ بڕوات بۆ كوردستان كێشه‌ی گه‌وره‌ی لێ‌ دروست ده‌بێ‌. هیچ شتێک له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌ فه‌رزكردن سه‌رناكه‌وێ‌.

ڕووداو: ده‌نگۆیێک هه‌یه‌ كه‌ عه‌بادی به‌دوای ده‌رچه‌یێكدا ده‌گه‌ڕێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، شتی وا ده‌كرێ‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: نه‌خێر، شتی وا ناكرێ‌.

ڕووداو: بڕیار بوو فه‌وجێكی كۆماری بچێته‌ دوزخورماتوو بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ی ئاسایی بكرێته‌وه‌ و زیاتر له‌ 50 هه‌زار كوردی ئاواره‌بووی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌، بۆچی ئه‌و هێزه‌تان نه‌چوو؟

د.فوئاد مه‌عسووم: به‌ڵێ‌ وا بڕیار بوو فه‌وجێكی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار بچێته‌ خورماتوو، به‌ڵام دیار بوو سكاڵایێكی زۆر له ‌لایه‌ن هه‌ندێک لایه‌ن هه‌بوو كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و فه‌وجه‌ بچێته‌ ئه‌وێ‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ پشتگیریی كورد ده‌كرێ‌. كه‌ گوشارێكی زۆر كرا، به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی كشایه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌، چونكه‌ ده‌بووایه‌ ڕه‌وانه‌كردنی فه‌وجه‌كه‌ به‌ ره‌زامه‌ندی هه‌ر دوو لا بێ.

ڕووداو: به‌ڵام بۆچی له‌ كۆتاییدا گوشاری ئه‌وان سه‌ر ده‌گرێ‌ و گوشاری سه‌رۆک كۆمار سه‌رناگرێ‌؟

د.فوئاد مه‌عسووم: ئاخر ترسه‌كه‌ له‌وه ‌بوو، ڕه‌نگه‌ له‌وێ‌ ته‌شقه‌ڵه‌یان پێ‌ بكرێ‌. ببێ‌ به‌ كێشه‌یێكی گه‌وره‌ و ببێته‌ كێشه‌یێكی كوردی، عه‌ره‌بی و توركمانی.

ڕووداو: ئێستا كێ پارێزه‌ری ئه‌و هه‌موو كورده‌ ماڵ سووتاوه‌ی ئه‌وێیه‌، كوا لێژنه‌ی به‌دواداچوونی ڕاستییه‌كان؟

د.فوئاد مه‌عسووم: خه‌ڵكی خورماتوو شایسته‌ی هه‌موو جۆره‌ هاوكارییێكن. بۆ مه‌سه‌له‌ی دوزخورماتوو له‌گه‌ڵ به‌ڕێز هادی عامری دانیشتم، هه‌نگاوی باش هاوێژراوه‌، به‌شێک له‌ سوپا ده‌چێته‌ ئه‌وێ‌ و له‌گه‌ڵ پۆلیسی شاره‌كه‌، ئه‌منیه‌تی ئه‌وێ‌ ده‌پارێزن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9714

Your Comment

You are replying to: .
captcha