کوردپرێس:
ڕۆژی یەکشەمە 15ی بەفرانباری 1398 بەرانبەر بە 5ی کانوونی دووهەمی 2020 کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەبارەی چوونەدەرەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق بەڕێوە چوو و لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەی عێراق وتارێکی پێشکەش کرد.
عادل عەبدولمەهدی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە ڕووداوەکانی ئەم دوایییەی عێراق و ڕەوشی گشتیی ئەو وڵاتە کرد و تەرکیزی کردە سەر زەروورەتی هەڵوێست وەرگرتنی گونجاوی عێراقییەکان لە بارەی ئەو دۆخەی ئێستا عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت.
سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق ئاماژەی بە ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا و لێکەوتە خراپەکانی کرد و گوتیشی سەرباری ئەم گرژییانە، هەردوولا لە کۆمەڵێک خاڵی سیاسی و پەسەندکردنی دەستوور و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پشتیوانی دەوڵەتی عێراق بوون و هەردوو لا شەڕی دژبە داعشیان کردووە و پشتگیریی هێزی عێراقییان کردووە.
سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوی عێراق تیشکی خستە سەر کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک لە ساڵی 2018 و گوتیشی ئەم کشانەوەیەی ئەمریکا بووە هۆی پەرەسەندنی تەنگەژەی نێوان دوو وڵات و تەنها 10 ڕۆژ پاش دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیەی عێراق، سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بە سەر ئێراندا سەپێندرا.
عەبدولمەهدی زیادیشی کرد: "لە هەمان کاتدا ڕامانگەیاند کە عێراق نابێت بە بەشێکی گەمارۆ ئابووری و سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران و دیکەی وڵاتە دۆستەکانی عێراق. دەوڵەت لە هەمان کاتدا جەختیشی کردەوە کە حەشدی شەعبی هێزێکی عێراقییە و بەشێکە لە سیستەمی ئەمنیی ئەو وڵاتە."
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا جەختیشی کردەوە ئەبوو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە زۆر بابەتدا دەوری کارای بینی لە کۆنتڕۆڵکردنی گرووپەکانی سەر بە حەشد و سەرهەڵدانی تاوان و لادان لە یاساکان.
Your Comment