سوپای پاسداران: شادییەکەی ئەمریکا زۆر ناخایەنێت

بەشی ئێران- وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی و پیرۆزکردنی شەهادەتی سەردار سولەیمانی و هاوڕێکانی ڕایگەیاند بێ دوو دڵی تۆڵەی ئەو کارە لە ئەمریکا دەکەنەوە بۆیە شادییەکەی ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی زۆر ناخایەنێت.

کوردپرێس:

ڕەمەزان شەریف وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە کاردانەوە بە تیرۆرکرانی ژنەراڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند بێ دوو دڵی تۆڵەی ئەو کارە لە ئەمریکییەکان دەکەنەوە و ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی دڵنیا بن کە شادییەکەیان زۆر ناخایەنێت.

وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران گوتیشی: "بێگومان شاگردەکانی مەکتەبی ژنەراڵ سولەیمانی درێژە بە ڕێبازەکەی دەدەن و ئەمڕۆکە بەرەی موقاوەمە لاپەڕەیێکی نوێ لە خەباتەکانی هەڵدەداتەوە."

شایانی باسە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ی بەفرانباری 1398 بەرانبەر بە 3ی جانیڤێریی 2019 سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیێکی فەرمیدا پشتڕاستی کردەوە سەرداری سەرلەشکەر قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەگەڵ چەند کەسێکی هاوڕێی و لەوان ئەبوو مەهدی موهەندس فەرماندە لە حەشدی شەعبیی عێراق شەهید بوو.

ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لە بەیانێکی فەرمیدا بەبۆنەی شەهیدکرانی سەردار سولەیمانی و چەند کەسێکی هاوڕێیەوە سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتییان ڕاگەیاند و نووسیشیان ڕێبازی سەردار سولەیمانی درێژەی پێدەدرێت بۆیە تاوانباران چاوەڕوانی تۆڵەیێکی قورس بن.

لای خۆیەوە حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکدا وێڕای سەرەخۆشی کردنی شەهیدبوونی سەردار سولەیمانی و 10 کەسی هاوڕێی ڕایگەیاند: "بێگومان گەلی ئێران تۆڵەی ئەم تاوانە قورسە لە ئەمریکای تاوانکار دەکەنەوە."

News Code 97097

Your Comment

You are replying to: .
captcha